عەتا مەحمود
مەرگ و ماڵئاواییکردن لە ژیان، دوورکەوتنەوە و دابڕان، پانتاییەکی فراوانیان لە نێو دەقی شاعیراندا داگیرکردووە. زۆرجار لەدوای دابڕان و دوورکەوتنەوە، یاخود لەدوای کۆچی دوایی ئازیز و خۆشەویستەکانیان، شاعیران لە ژیان نائومێد بوون، بەڵام ئەو بارە دەروونییە و ئەو دۆخەی کە تێیکەوتوون، بوونەتە هەوێن و سەرچاوەی دەیان دەقی جوان، ئەو دەقانەی لەو کاتانەدا نووسراون، شیعری ماتەمگێڕیی، یاخود لاواندنەوەن، تایبەتمەندێتی ئەوەیان هەیە وشە و دەربڕینەکانیان بە تەنها هی سەرزار نین، بەڵکو لە کانی دڵی شاعیرەکەوە دێنەدەرێ، تەنیا گریان و شیوەن نین، بەڵکو گوزارشت لە هەستێکی قووڵ دەکەن و لە هەمان کاتیشدا بە زیندوویی هێشتنەوەی یادەوەرییەکانە و بەخشینی نەمرییە بە کۆچکردووەکە. بۆ بەرجەستەبوونی ئەم بۆچوونە، سێ نموونە وەردەگرین:
یەکەم: کۆچی دوایی عەنبەر خاتوونی خێزانی مەولەوی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی هەبووە، زیاتر لە چەند دەقێکی بۆ خێزانەکەی نووسیوە، کە بەرزترین و جوانترین نموونەی دەقی خۆشەویستی و لاواندنەوەن لە ئەدەبی کوردیدا، مەولەوی دەڵێت:
وە مەرگت، دیدەم، هام نە گوزەردا
منیچ لام لای تۆن ئارۆ یا فەردا
موتریب مەقامێ، دەردم ناچارەن
ساقیا جامێ، دۆس ئینتیزارەن!
واتە: دوای مەرگت، منیش لەسەر رۆیشتنم، ئەمڕۆ بێت، یان سبەی، ماڵاوایی لە دنیا دەکەم و شوێن و مەنزڵم لای تۆیە. ئەی گۆرانیبێژ، مەقامێ بڵێ دەردی من بێ دەرمانە. مەیگێڕ دە تۆیش جامی شەرابی مەرگم بدەرێ، چونکە یار چاوەڕوانمە، با بمرم و بڕۆم بۆ لای ئەو.
وێنەکە زۆر روونە، پێویست بە لێکدانەوە ناکات، مەولەوی تەمەننای مەرگ دەکات، بۆ ئەوەی بگاتەوە بە دۆست و یار، بەڵام چەند بە جوانی دەرد و مەرگی لەگەڵ مەقام و موتریب و ساقی و مەیدا ئاوێزان کردووە، وشە و مانا و ئاواز بەجۆرێک ئاوێتە بوون، هەر بیرت دەچێتەوە کە باسەکە باسی مەرگ و مردنە! جگە لەوە مەولەوی دەڵێت یار چاوەڕێم دەکات، واتە لەدوای مەرگیش وجودی هەیە. واتە بە جۆرێکی دی نەمریی پێ دەبەخشێت.
لە دوو دێڕە شیعری تردا سەبارەت بە دابڕان و دوورکەوتنەوە لە خۆشەویستان مەولەوی دەڵێت:
یاخوا مەردەنی، بۆ وە میهمانم
ئیتر نەوینوون، دووری یارانم
بەڵکم خەلاسیم نە دەس دووریم بۆ
بەو زووخی زامان، نەشوون وەگڵکۆ
یا خوا مردن خۆی بکات بە میوانم، ئیتر من دووریی یارانم نەبینم، بەڵکو رزگارم بێت لە دەردی دووریی و بەم دەردەوە نەچمە ناو گۆڕ. لێرەشدا بە هەمان شێوە، مردنی لەلا خۆشترە لە دووریی و دابڕانی دۆست و یاران.
شیعری ماتەمگێڕیی، یاخود لاواندنەوە، تایبەتمەندێتی ئەوەیان هەیە کە وشە و دەربڕینەکانیان بە تەنها هی سەر زار نین، بەڵکو لە کانیی دڵی شاعیرەکەوە دێنەدەرێ، تەنیا گریان و شیوەن نین، بەڵکو گوزارشت لە هەستێکی قوڵ دەکەن و لە هەمان کاتیشدا بە زیندوویی هێشتنەوەی یادەوەرییەکانە و بەخشینی نەمرییە بە کۆچکردووەکە
دووەم: عەبدوڵڵا گۆران
گۆران، لەدوای مردنی «هیوا»ی کوڕی، بە شیعری (بۆ هیوای کوڕم) شیوەن بۆ ئەو کۆستە دەکات، کە ئەمیش بە هەمان شێوە یەکێکە لە جوانترین دەقەکانی لاواندنەوە لە ئەدەبی کوردیدا. بە ئاسانی هەست بەوە دەکەیت، هیچ زۆر لەخۆکردنێکی تێدا نییە، دەنگ و هەستێکی راستەقینەیە لە قووڵایی دەروونەوە دەگاتە گوێ. وێنەکان روونن و ریتم و جوانیی هاوئاوازن. هەمیشە کە باس لە شیعری لاواندنەوە و ویژدانیی دەکرێت، ئەم شیعرەم بیردەکەوێتەوە، کە باس لە کاریگەریی ئەم جۆرە شیعرەش دەکرێت، وتەکەی (فایەق بێکەس)م بیردەکەوێتەوە.
(کاکەی فەلاح) لە یەکێک لە ژمارەکانی گۆڤاری (بەیان)دا، سەبارەت بەم شیعرە دەڵێت: کاتێک گۆران ئەو شیعرە بۆ (فایەق بێکەس) دەخوێنێتەوە، فایەق بێکەس هێندە کاریگەر دەبێت بە شیعرەکە، دەڵێت: جارێکی تریش بۆم بخوێنەوە، پاشان بێدەنگ دەبێت و هیچ ناڵێت. گۆران دەڵێت: بۆ بێدەنگی، بەدڵت نەبوو؟! بێکەس دەڵێت: خۆزگە هەموو رۆژێک کوڕێکت بمردایە، تا شیعرێکی ئاوات بنووسیایە!
بۆ هیوای کوڕم
هیوا! مەگری، هەنیسکی نیوەشەو بەس هەڵدە، بەس بگری
لە چاوی بێ قەرارم بۆچی دەرمانی وەنەوز ئەبڕی؟
کوڕی خۆم! کۆرپەلەم! میوانی دنیای تازە خوڵقاوم
ئەدا گریەت بە زەربەی چز، لە رۆحی پڕ گلاراوم
گۆران، دەپرسێت، بۆچی دەبێت مەحکوم بە گریان بیت، ئەو تەمەنە چی لە مانای گریان دەزانێت! بەوەش دڵی خۆی دەداتەوە کە چەند حەسرەتی بینیوە، بەدبەختی نەک هەر شەو، رۆژیشی رەش کردووە، وەک باوکێکیش خۆی بە تاوانبار دەزانێت لە ئاست بوونی ئەو و ئازارەکانیدا، لە دێڕەکانی کۆتاییدا، حاڵەتی دەروونیی خۆی باشتر بەرجەستە دەکات.
حەقت بوو بێ وچان بگری،
بەسەر تاوانی باوکیما
بەحر پڕکەی لە تف، بیدەی
بە ناوچاوانی باوکیما
هەیە وەک من بەسەر دڕکا
ئەنێ هەنگاوی ئاوارە،
هەیە هی وایش کە فەرشی ژێری پێی، ئاوریشمی گوڵزارە!
سێیەم: حەسیب قەرەداغی
(حەسیب قەرەداغی)، بۆ مەرگی کەژاڵی کچی، کە بە رووداوی ئۆتۆمبێل لە رێگای نێوان هەولێر- سلێمانی کۆچی دوایی دەکات، دەقی (کەژاڵی جوان) دەنووسێت. کاتێک ئەم دەقە دەخوێنیتەوە، ئەوە دەبینیت، کە شاعیر لە ناخەوە دەکوڵێت، ئەم دەقە لاواندنەوەیەکی بەسۆزە، گریان و خەم و پەژارەی باوکێکی جگەرسووتاوە بۆ لەدەستدانی جگەرگۆشەکەی.
کەژاڵی جوان
چوارشەممە (15)ی حوزەیرانی (1983)، دەمەوبەیانی.
کەژاڵی شۆخ، دێیت و دەچیت،
چاوەڕێیە
ژیان وەکو ساوایەکی بەرمەمکانە
لە باوەشی چاوەکانیا پێدەکەنێ،
خۆی نەئەگرت
بەرەو یەخەی دایکە بەیان
دەستەکانی بەگوڕ دەبرد
کە خۆر هەڵهات بەرەو «هەولێر» گەڕووی رێگە
هەڵی کردن
کەژاڵ بەرەو ئاوات دەچێ، باڵ دەهاوێ
کەژاڵ دنیای لە دڵدایە، کەسی ناوێ
لە هەمان کاتیشدا ئەو باردۆخە دەروونییە، بۆتە هۆکاری ئەفراندنی دەقێک، کە دەربڕین و دەستەمۆکردن و یارییکردن بە وشە لە ئاستێکی ئێجگار بەرزدایە و زمان لە ترۆپکدایە. هێشتا دەڵێت دەستەوەسانم و لاڵ بووم و ناتوانم وەک پێویست گوزارشت لەو کۆستە بکەم:
17ی حوزەیرانی کاتی سەحەر
سەحەر چوومە لای سەرینی
من چیم بینی... خوا چیم بینی؟!
دەستەوسانم، خامە ڵاڵە
هەرچی وشە و دەربڕینە
لەسەر زمانی تەڵخی من ژەهری تاڵە!
هەست و وشە، رووداوەکە بە جۆرێک تەوزیف دەکەن، وەک ئەوەی درامایەک ببینیت، تۆماری کۆمەڵێک دیمەنی ناخۆشی ناو نەخۆشخانە و سەر چراپا... دەکەن. کاتێک ئەم دەقە دەخوێنیتەوە، وا هەست دەکەیت شاعیر کامێرایەکی بەدەستەوە گرتووە و سات بەسات و شوێن و کات و رۆژ و دۆخی رووداوەکە تۆمار دەکات.
کەژاڵی جوان وەکو مەلێ
بڕوانامەی کرد بە باڵ
بەرەو شاری سلێمانی
رێگەی کرد بە شریتێکی
تازە تۆماری گۆرانی
لە پێشوازی چاوەکانیا ئەمبەر و بەر
راوەستابوون نێرگزفرۆشی رێی تەمەن
چەپڵەڕێزان
کەژاڵی جوان، عومرت پەسەن،
کارت پەسەن
لەم شیعرەدا، (شێخ حەسیب) ئاماژە بە شیعرەکەی مەولەوی بۆ عەنبەر خاتوون، (شیوەنی گوڵاڵە)ی (گۆران) دەکات(*) و سەرسامیی خۆی بەوان دەردەبڕێت، دەڵێت: ئەم گەرمەشینە، مەرگی عەنبەر خاتوون و گوڵاڵەم دێنێتەوە یاد، ئازارێکن تا سەر ئێسکەکانم، بەڵام ئەو ئازارەی لە ناخ و دەروونمدایە، لە هەرچی هۆنراوەی ماتەمینی دنیادا هەیە، جێگای نابێتەوە:
بۆ چیرۆكی ئازارێکم
دەستم چزا بە داماویی دەربڕینا
دووام لە تەك هەزار چامەی ماتەمینا
من دەروێشی مەولەوییم و
شەیدای شێوەنی گۆرانم
کەچی رۆڵەم -کەژاڵی جوان
وا کۆلیلی گەرمەشینت
مەرگی «گوڵاڵە» و «عەنبەرخان» دێنێتەوە بەر چاوانم.
هەموو دەبن بە ئێشێک و دەڕۆن هەتا سەری ئێسقانم
ئەی هۆنراوەی ماتەمینیی ئەم دنیایە
ئەگەرچی من دەربڕینی وام بۆ نایە!
بەڵام ئەو سوێی وا لە دووتوێی
ئەم سۆزەما
کەی لە کێشی ئێوەدایە؟!
نموونەی دەقی ترمان زۆرە، لەدوای مردن، یان دابڕان و دوورکەوتنەوە، شاعیران تەمەننای مردن دەکەن، بەتایبەتی لەلای شاعیرانی کلاسیک، بە جۆرێک لە ژیان نائومێد بوون و رەشبینی رەنگیداوەتەوە لە بەرهەمەکانیاندا، ئەگەر بە مەجازییش بێت، تەمەننای مردنی خۆیان و هاتنی و قیامەتیان کردووە. بۆئەوەی باسەکە درێژە نەکێشێت، بەم چەند دێڕە کۆتایی پێدەهێنم:
مەحوی:
رۆیی و فەرمووی، چاوەڕێم بە
لە حەشرا دێمە لات
دەک بە قوڕ گیرێت قیامەت،
هەر نەهات و هەر نەهات!
نالی:
گوتت: نالی! ئەتۆ بمرە ئەمن دێم
خودا کەی بێ، خودا کەی بێ،
خودا کەی!
حاجی قادری کۆیی:
هەموو عومرم لە رێی هات و نەهاتی
بەسەرچوو ئەی ئەجەل!
هەر تۆ نەهاتی
ناری:
بۆ وەفاتم، گەر وەفاێی کا بە هاتن، یەک نەفەس لازمە دەستەودوعا بم،
تا ئەبەد من بۆ وەفات
حەریق:
زاهیرەن فەرمووتە،
وەختی مردنی حازر دەبم
وا لە خۆشیی مردنم دەمرم،
دەسا ئینسافە بەس!
پەراوێز:
* گۆران جگە لە هیوا، کچێکی بە ناوی (گوڵاڵە) و شێخ حەسیب کچێکی تری بە ناوی (بەهار)، کۆچی دواییان کردووە، شیعریان بۆ نووسیون، بۆئەوەی باسەکە درێژە نەکێشێت، ئەو دەقانەم بە نموونە وەرنەگرتووە و ئەو باسەمان نەکردووە.
تێبینی/ بە هەمان هۆکار بۆئەوەی باسەکە درێژە نەکێشێت، تەواوی شیعرەکانی (مەولەوی) و (گۆران) و (شێخ حەسیب)م دانەناوە، خوێنەر دەتوانێت لەڕێگای دیوانەکانیانەوە، یاخود لە گۆگڵ خوێنەری دەقەکان بێت.
سەرچاوە: دیوانی مەولەوی، دیوانی گۆران، دیوانی حەسیب قەرەداغی (فەرهەنگی خەم)، دیوانی بەشێک لە شاعیرانی کلاسیک.