لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی، تەئكیددەكاتەوە كە بڕیاری بەقەزاكردنی قەرەتەپە بەوشێوەیەی ئێستای، نادەستوورییە و هەوڵەكانیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەخەینەگەڕ. سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانیش پشتیوانی بۆ خەڵكی سنوورەكە دووپاتكردەوە و بەڵێنیدا بەدواداچوونی جددی بۆ ئەو پرسە دەكەن و بڕیاری گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە، رەتدەكەنەوە.
دوێنێ، لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی ی.ن.ك، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، راوێژكاری سەرۆكی یەكێتی، قائیمقامی كفری و بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان، سەردانی ناحیەی كۆكسیان كرد و لەگەڵ دانیشتووانی سنووری ناحیەی كوڵەجۆ و پێكهاتەكان و چینوتوێژەكانی سنوورەكەدا كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، لە وتەیەكدا پشتیوانیی بۆ خەڵكی سنوورەكە دووپاتكردەوە و رایگەیاند: بەڵێندەدەین لەڕێگەی ئیدارەی گەرمیان و حكومەتی هەرێمەوە بەدواداچوونی جددی لەسەر بڕیاری بەقەزاكردنی قەرەتەپە دەكەین و دژی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە دەوەستینەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، سالار مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان، جەختیكردەوە كە بڕیاری بەقەزاكردنی قەرەتەپە بەو میكانیزمەی بڕیاری لێدراوە، نادەستوورییە و بە هەموو شێوەیەك رەتیدەكەنەوە و هەموو هەوڵێك دەخەنەگەڕ بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە، وتیشی: ئەم بڕیارە بۆ جێبەجێكردنی مەرامی سیاسییە، هەوڵێكی ترە بۆ دابەشكردنی سنوورەكە و دژی پێكەوەژیانی خەڵكەكەیەتی، تەئكیدیشیكردەوە كە ناكرێت بەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردن، لایەنێك بێت و بیەوێت هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئیدارەی شوێنێك بدات.
لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان، دڵنیاییدا كە پرسی خاك سازشی لەسەر ناكرێت، وتیشی: بڕیاری بەقەزاكردنی قەرەتەپە كێشە نییە لای ئێمە، قەرەتەپە و جەبارە كوردستانین و بە كوردستانی دەمێننەوە، ئەوەی دژی دەوەستینەوە ئەوەیە كە ناكرێت ناحیەی كوڵەجۆ (كۆكس) بخرێتە سەر قەزایەكی تازە پێكهێنراو و ئەوەش كێشە دروست دەكات.
هەروەها، هەردوو پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كاروان یاروەیس و سۆزان مەنسور، بەڵێنیاندا رێكاری یاسایی و پەرلەمانی دەگرنەبەر دژی ئەو بڕیارە.
ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە و كورد و نوێنەری پێكهاتەكانی عەرەب و توركمان و دانیشتووانی سنووری ناحیەی كۆكس، جەختیانكردەوە لە یەكخستنی هەوڵەكان بۆ راگرتنی ئەو بڕیارە و مانەوەی ناحیەی كۆكس لەسەر ئیدارەی گەرمیان.