قائیمقامی قەزای شارەزوور، ئاشكرایدەكات كە دوای پشكنین بۆ دوو بیر لە قەزاكەیاندا، ئەنجامەكانیان بەو شێوەیە بوون كە شیاو نین بۆ خواردنەوە.
رزگار غەفوور قائیمقامی قەزای شارەزوور، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: هەردوو بیری ئیرتیوازیی یاریگای خالید كاكەم و پاركی گشتیی شەهید فایەق گەڵاڵی، دوای پاككردنەوەیان، ئاوێكی رەنگ گۆڕاو كە گومان دەكرا رۆنی رەش و نەوت بێت، لەو دوو بیرە هەڵدەقوڵان، وتیشی: دوای ئەوەی تیمی بەشی كۆنتڕۆڵی جۆریی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری سلێمانی، پشكنینی بۆ نموونەی ئاوی هەردوو بیرەكە كرد، دەركەوت شیاونین بۆ خواردنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە چەند بیرێكی دیكە لە سنوورەكەدا پشكنینیان بۆ كراوە، ئەوان كێشەیان نییە و هەر بیرێكیش ئاوەكەی شیاوی خواردنەوە نەبوو پڕدەكرێتەوە، ئەو دوو بیرەش تەنها بۆ ئاودانی یاریگا و پاركەكە بووە، هەر كاتێك بڕیاری تەواوەتی درا ئاوەكەیان پیسە و شیاوی بەكارهێنان نین، پڕدەكرێنەوە.
شارەزوور، محەمەد عەبدولڕەحمان