ئەنجومەنی وەزیران: لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ

09:32 - 2022-08-18
کوردستان
854 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە.
سەرەتا، سەرۆك وەزیران، ئەنجامی سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، خستەڕوو. «هەڵوێستی هەرێمی كوردستانمان دووپاتكردەوە بۆ چارەسەكردنی كێشەكان و گەیشتن بە رێكەوتنێكی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای دەستوور، لەو رووەشەوە، هەردوولا رێكەوتن لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆ لە نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لەپێناوی گەیشتن بە چارەسەرێكی هاوبەش».
پاشان، حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوان، پوختەیەكی دەربارەی سەردانەكەی بۆ وڵاتی ئەرمەنستان و دیدار و كۆبوونەوە و چالاكییەكانیانی خستەڕوو، هەروەها شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، باسی لە سەردانی وەفدی سەربازیی هەرێم بۆ بەریتانیا و ئەمریكا كرد، كە لە دیدار و كۆبوونەوەكاندا، جەخت لە «گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە» كراوەتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆك وەزیران، جەختی لە گرنگیی بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاكسازی و رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە كردەوە.
بڕگەی دووەم، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پوختەیەك سەبارەت بە داوا ناڕەواكانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان و رێكارەكانی حكومەتی هەرێم لە رێگەی ئەو لیژنە یاساییەی بۆ ئەم بابەتە راسپێردراوە، لەوبارەیەشەوە ئاماژە بەو بنەما دەستووریانەی هەرێمی كوردستان درا كە پشتی پێبەستوون لە داكۆكیكردن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەكانی هەرێم، ئەو هەوڵانەش خرانەڕوو  کە لەوبارەیەوە دراون، بۆ ئەوەش ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپاتكردەوە كە هەرێمی كوردستان بەردەوامدەبێت لە هەوڵەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی هاوبەش كە لە خزمەتی هەموولایەك و لەچوارچێوەی دەستووردا بێت.

#ئەنجومەنی وەزیران

بابەتە پەیوەندیدارەکان