رۆڵی تەكییە و خانەقا و دیوەخانەكان لە مانەوە و گەشەكردنی هونەری مەقامدا لە شاری كەركوك و دەوروبەری

11:49 - 2025-07-09
کەلتور
32 جار خوێندراوەتەوە

چالاك سدیق

دیارە شاری كەركوك و دەوروبەری رۆڵی بەرچاوی گێڕاوە لە مانەوە و گەشەسەندنی هونەری مەقام و ئاواز و گۆرانی كوردی چ لەناو چەقی شار، یاخود لە دێهات و ئاوایی و شارۆچكەكانی ئەم شارە بەتایبەتی لەناو دیوەخان و تەكیە و خانەقاكانی سنووری شاری كەركوك. دیارترینیان تەكیەی تاڵەبانی لەناو شاری كەركوك و تەكیەی شێخ حەسەنی قەرەچێوار لە قادركەرەم و هەروەها دیوەخانەكەی شێخ حەسیب تاڵەبانی لە شارۆچكەی لەیلان. 
هەر لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە لەگەڵ دروستكردنی تەكیەی تاڵەبانی لەناو شاری كەركوك، دەنگخۆش و مەقامزان و شارەزایانی ئەم بوارە لە دەوریان كۆبوونەوە و دەستیان بە خوێندن و چڕین و فێركرنی ئەم هونەرە كرد لە شارەزایانی وەكو (مەلا وەلی عەبدولڕەحیم) كە لەدایكبووی شاری كفریە و كەسی دیاری ئەم هونەرەیە لە كوردستان و عیراقی ئەو سەردەمە، لەدوای خۆی دەست بەدەست ئەم هونەرەی گەیاندە مەقامزانان و شاگردانی تەكیەكە وەك حەمەپیرە و خەلیل ئاغا تاكو سەرەتای سەدەی بیستەم مامۆستا (عەلی مەردان) ئەم هونەرەی لەم شارەزاو زاتانە وەرگرت و گەلێكی لێ تۆماركرد و بڵاوی كردەوە و لە فەوتان رزگاری كردن و بوونە بنەما بۆ هونەری ئاواز و مەقامی كوردی.

دەماودەم لە پێشینانیان وەرگرتووە
دیارە دیوەخانەكەی شێخ حەسیب تاڵەبانیش نموونەی چەندین دیوەخانی گەورە ماڵەكانی كوردستانە وەكو یەكێك لەو نموونانە باسی لێوە دەكەین كە هونەرمەدە دێرینەكانی وەكو (خدر بارام چاوش)ی باپیری هونەرمەندی نەمر سەڵاح داودە و كامیل تەپەلویی ئاوازی قەتار و خاوكەر و ئەڵاوەیسی و خورشیدیان چڕیوە و وەكو مامۆستا عەلی مەردان خۆی دەڵێ: ئەمانەم لەو زاتانەوە تەحسیل كرد و وەرم گرت. هەروەها ناوچەی قادركەرەم و تەكیكەی قەرەچێواریش مەڵبەندێكی تری گەشەكردنی ئەم هونەرەیە رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە بڵاوكردنەوەی ئاواز و مەقامەكانی ناوچەی گەرمیان هونەرمەندان مام شكور خەیات و حەسەن گەرمیانی و حسین قادركەرەمی لەو هونەرمەندانەن كە سوودی بەرچاویان لە دەنگخۆشان و دەروێشانی ئەم مەڵبەندە بینیوە. 
هەڵبەتە لەناو ئەم دامودەزگا ئایینییانەدا گەلێك مەقام و ئاوازی كوردی رەسەن گەشەی كردووە، جگەلە مەقامە رۆژهەڵاتییەكان كە گەلانی هاوسێشمان ئاشنان پێی، ئاوازی مەقامە دەگمەنەكانی وەكو (مەسنەوی كوردی و قەزاز و مەنسوری) گەلێ ئاوازو ریتم و كێشی جۆراوجۆر لەناو كۆڕی زیكردا گەشەی كردووە و دەماودەم گەیشتووە بە ئێمە و هونەرمەندانی كورد، خەرمانێكی گەورە لە ئاوازی كوردی لەم مەڵبەندانەوە هاتە نێو هونەری كوردیەوە و ئاواز و هونەری كوردی زیاتر پێ دەوڵەمەند بوو.

#دیداری مەقام

بابەتە پەیوەندیدارەکان