ئەمڕۆ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بارەگای فەوجی دووی کۆماندۆی لە قەزای کۆیە و بارەگاى ليواى (٧١٣) ی تايبەتى هيزەكانى حەفتا و هێزی یەدەکی پێشمەرگەی لە شاری هەولێر کرد و لە لایەن فەرماندەی لیوا و فەوج و ئەفسەرانی باڵا و پێشمەرگەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی هەرێم رۆڵ و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی لە گشت قۆناغەکانی پاراستن و بەرگری لە خاک و وڵاتدا بەرز نرخاند، هەروەها جەختیکردەوە کە دەبێت سەنگەرەکان و ئەو بنکانەی کەوا هێزی پێشمەرگەی تێدا جێگیر کراوە لەڕووی پيداویستییە سەربازییەکانەوە گرنگی زیاتریان پێبدرێت، چونکە تیرۆریستانی داعش تا ئێستاش مەترسیی راستەقینەن بۆ سەر ئاسایش و ئەمنی ناوچەکە بە گشتی.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی هەرێم، تیشکی خستەسەر کێشەکانی نێوان حکومەتی عیراق و هەرێم، هیوای خواست بە زووترین کات و لە چوارچیوەی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی کوردستان نەبن بە قوربانی کێشە سیاسییەکان.
لای خۆیانەوە فەرماندەی لیوا و ئەفسەرانی باڵای فەوج، سوپاس و ستایشی سەردان و پشتیوانییەکانی بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێمیان کرد، هیوایان خواست ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بەردەوامیان هەبێت بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی کاروباری لیواکان و هێزی پێشمەرگە لە ڕووی ڕێکخستن و ئاگاداربوون لە کێشە و گیروگرفتەکان و چارەسەرکردنیان لە چوارچێوەی کاروبارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.