ئیردینچ ئاككۆیونڵو
له توركییه‌وه: فه‌رهاد چۆمانی
هه‌ندێك رۆمان به‌و وانه فێركارییانه‌ی تێیدان ده‌بنه پێشه‌نگ. به‌هێزی وێناسازی خوێنه‌رانی ده‌بات بۆ گه‌شتێكی بێ كۆتایی داهێنه‌رانه. جا ئه‌گه‌ر به‌ده‌م ئه‌م گه‌شته‌وه وه‌ك بیناسازی سوود له هێزێك ببینێت، ئه‌وده‌مه بڕوانه جوانییه‌كانی ئه‌و كاره ئه‌ده‌بییه. ئه‌گه‌ر بێت‌و مێژووش بێته نێوباسه‌كه، ئه‌وكاته ده‌بێت هه‌ڵوه‌سته بكه‌یت و بیری لێبكه‌یته‌وه.
ئه‌مبرتۆ ئێكۆ ئه‌م وه‌ڵامه‌ی پرسیاری "رۆمان چییه؟" ده‌داته‌وه: "ئه‌گه‌ر پیاوێك له لێواری رووبارێكه‌وه ماسی بگرێت و ببینێت ئاوه‌كه ته‌رمێك له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات، ئه‌وه ته‌نیا رووداوێكه. به‌ڵام ئه‌و ماسیگره‌ی ته‌رمه‌كه ده‌بینێت ئه‌گه‌ر بكوژێكی راكردوو بێت له زیندان، ئیدی له‌و ساته‌دایه رۆمان ده‌ستپێده‌كات.
له دنیای ئه‌ده‌بیاتی جیهانیدا لێكۆڵینه‌وه له هیچ به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی هێنده‌ی لێكۆڵینه‌وه له شاره نادیاره‌كانی كالڤینۆ زه‌حمه‌ت و پڕ ورده‌كاری نییه. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه لای كالڤینۆ له ده‌ربڕینێكی رۆمانسیانه‌ی عه‌شقی ئه‌ده‌بیدا نییه، به‌ڵكو نموونه‌ی پێویستی هێنانه‌دی سه‌ركه‌وتووترین و خێراترین نموونه‌ی به‌رهه‌مێكی فره‌ڕه‌هه‌نده، به‌بێ زیاده‌ڕه‌وی و به‌شكۆمه‌ندییه‌وه. ئه‌مه به‌رهه‌می پێویستی هێنانه‌دی به‌رهه‌مێكی فره‌لایه‌نه، به‌بێ ئه‌وه‌ی زیاده‌ڕه‌وی تێدا بكرێت. شاره نادیاره‌كان، كه پێكهاتووه له دایه‌لۆگی نێوان ئیمپراتۆری مه‌غۆڵ كوبیلای خان و ماركۆ پۆلۆ، یه‌كێك له گه‌ڕیده هه‌ره ناوداره‌كانی جیهان و چیرۆكی ترسناك سه‌باره‌ت به دڕنده‌یی جه‌نگه‌كانی فه‌تحكردن، كه ئێستاش سه‌رباری تێپه‌ڕبوونی سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ریدا، لای جیهانی رۆژئاوا جێی سه‌رنجه. به‌گوێره‌ی تێڕامانێكی ساده یه‌كێكه له ده‌قه هه‌ره كاریگه‌ر و داهێنه‌رانه‌كانی ئیتالۆ كالڤینۆ. له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا باسی ئه‌و شارانه ده‌كات كه ماركۆ پۆلۆ بینیونی و گه‌شتی بۆ كردوون، له‌وێدا كوبیلای خان زیاتر قه‌ستییه‌تی گوێ له ماركۆ پۆلۆ بگرێت. شاره نادیاره‌كان، به روونكردنه‌وه‌یه‌كی زانیاری كالڤینۆ ده‌ستپێده‌كات، ماركۆ پۆلۆ هه‌م له چوارچێوه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی بێسنووری كوبیلایدا هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كه‌یدا به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی له دار، شووشه، به‌رد، خۆڵ و ئاسن و كه‌ره‌سته‌ی دیكه بدات زیاتر باسی ئه‌و شارانه ده‌كات له رۆح، بڕوا و خه‌یاڵ و خه‌ون رۆنراون. كتێبه‌كه به‌گێڕانه‌وه‌ی باسی ئه‌م شارانه ده‌ستپێده‌كات و كۆتایی پێدێت، به‌ڵام له‌باره‌ی ئه‌م "گێڕانه‌وه"یه‌وه هه‌موو شتێك به‌م ساده‌ییه‌یه؟ كاتێك قسه له‌سه‌ر ده‌قێكی كالڤینۆ بێت، ساده‌یی رێك وه‌ك لووتبه‌رزی به‌گوناهێكی گه‌وره داده‌نرێت. هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر لووتبه‌رزی گوناه بێت.
داهێنان له نووسیندا
شاره نادیاره‌كانی ئیتالۆ كالڤیۆ ده‌قێك نییه هه‌وڵیدابێت له سه‌ره‌تاوه تاوه‌كو كۆتایی وه‌ك كتێبێكی به‌دواییه‌كدا هاتوو بینووسێت. رۆمانه‌كانی كالڤینۆ وه‌ك چۆن چیرۆك و شیعرییه‌ت له‌خۆده‌گرن، به‌هه‌مان شێوه‌ی له كاتی پێویستدا له رووی كات، شوێن، مرۆڤ، رۆح و شاره‌كان به سه‌دان ورده‌كارییه‌وه نووسراون و وه‌ك كۆگیرییه‌ك رۆمانه‌كانیان لێ پێكهاتووه. به‌رهه‌مێك ده‌بێت هی ده ساڵ له كۆكردنه‌وه‌ی تێبینی كه‌ڵه‌كه‌بوونی زانیاری. ژیانی نووسینی ئه‌و هه‌ڵوه‌سته‌كردنه له‌سه‌ر "بیركردنه‌وه له مانای شته‌كان" سه‌رجه‌میان له دۆسێی تایبه‌ت و به ورده‌كاری ئه‌رشیفكارێك داده‌نرێن. له كات و واده‌ی خۆیدا دۆسێكان له‌به‌رده‌م خۆ داده‌نێت سه‌رقاڵی ریزبه‌ندییان ده‌بێت. ئه‌مه‌ش هه‌ر وه‌ك پێشبینی ده‌كرێت ده‌بێته بنبه‌ستێك و ئارامی له‌به‌ر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام ده‌بێته بارێك كالڤینۆ ده‌توانێت له‌ژێری بێته ده‌ره‌وه. شاره نادیاره‌كان هه‌وڵێكی له‌م جۆره‌ی ئیتالۆ كالڤینۆیه. ئه‌مه‌ش واده‌كات تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازی بداته شێوازی گێڕانه‌وه‌ی. ئه‌گه‌ر ئیتالۆ كالڤینۆ شاره نادیاره‌كانی توانا داهێنه‌ره‌كانی خستبایه‌ته‌ڕوو و هیچ ده‌قێكی تری ئه‌ده‌بی تێكه‌ڵ نه‌كردبا، ده‌قه‌كه‌ی له ده‌قێكی خه‌یاڵكرد زیاتر نه‌ده‌بوو. ئه‌گه‌ر واشه ده‌قه‌كانی ئه‌و چۆن توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه جیاوازی دروست بكه‌ن؟
گێڕانه‌وه‌ی شاره نادیاره‌كان، له سه‌ره‌تاوه تاوه‌كو كۆتایی به‌بێ پچڕان نووسراوه، شێواز و ناوه‌ڕۆكێكی ده‌بێت بوار بۆ هه‌ڵه ناهێڵێته‌وه، به‌بێ دووپاتبوونه‌وه ده‌رگای وروژاندن و دنه‌دانی خوێنه‌ر ده‌كاته‌وه و واده‌كات سه‌رنجی خوێنه‌ر به زیندوویی بمێنێته‌وه. رۆمانه‌كه فۆرمێك به كوبیلای خان ده‌دات كه گێڕه‌ره‌وه‌ی دووه‌می چیرۆكه‌كان بێت، ئه‌مه‌ش رۆمانه‌كه ده‌خاته چوارچێوه‌ی فره‌ده‌نگییه‌وه.
هه‌روه‌ها له به‌شه‌كانی دواتردا كوبیلای خان د‌رك به‌وه ده‌كات كه پۆلۆ به‌گۆڕینی ناوی شوێنه‌كان باسی هه‌مان شاری بۆ كردووه. ئه‌م هۆشیارییه‌ی كوبیلای خان نه‌ك هه‌ر ته‌نیا نهێنی ماركۆ پۆلۆ ئاشكرا ده‌كات، به‌ڵكو وانه‌یه‌كی گرنگیشمان سه‌باره‌ی به نووسین پێده‌به‌خشێت: كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ده‌توانێت ده‌قێك به‌شێوه‌ی جیاواز و سیستمی جیاوازی هۆشیاری بگۆڕێت، له‌و ده‌قانه‌دا نووسه‌ر خوداوه‌ند ئاسا كه‌متر ده‌ستوه‌رده‌داته ره‌وتی رووداوه‌كان. هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ی كاریگه‌ر بووه به‌سه‌ر ئه‌م شێوازه نووسینی تێبینی و ماوه‌یه‌كی زۆر كاركردن بووه له‌سه‌ر رۆمانه‌كه. جا ئه‌مه به ئه‌نقه‌ست كراوه یان به‌خت و فێڵێكی كالڤینۆیه نازانرێت. ئه‌وه‌ی ده‌زانرێت ئه‌وه‌یه شاره نادیاره‌كان جۆرێكه له گه‌ردوونێكی ناكۆتا و هاوشێوه‌ی خه‌یاڵی ماتروشكایی. له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌یدا چیرۆكی تر سه‌رهه‌ڵ ده‌دات.
چاره‌نووسسازی شاره‌كان
به‌له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندی ته‌لارسازیی ئه‌و شارانه‌ی كالڤینۆ وای كردووه مارۆكۆ پۆلۆ وه‌سفیان بكات ناتوانرێ بگوترێ شاری راسته‌قینه‌ن و ده‌شێ خه‌ڵكیان تێدا بژی. به‌ڵام له هه‌مانكاتدا گومانی تێدا نییه ئه‌و شارانه پێكهاتووی هه‌موو ئه‌و تێبینیانه‌ن كالڤینۆ له گه‌شت و گه‌ڕانه‌كانی له شاره‌كانی ئیتالیا و ئه‌مریكا و سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپا بینیونی. به‌مانایه‌كی تر ده‌شێ ئه‌م شارانه هه‌م خه‌یاڵكرد بن هه‌م راسته‌قینه.
تۆ حیكایه‌تخوانێكی
به تێپه‌ڕبوونی كات رۆڵی گێڕه‌ره‌وه ده‌گۆڕێت. دوای ماوه‌یه‌ك پۆلۆ ده‌بێته گوێگر و كوبیلای خان ده‌ست به‌گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی شاره‌كانی نێو سنووری ئیمپراتۆرییه‌ته‌كه‌ی و ئه‌و شارانه‌ی كه نه‌یبینون ده‌كات. له گێڕانه‌وه‌یدا خان باسی ئه‌و شارانه ده‌كات كه پۆلۆ له كاتی گه‌شته‌كانیدا بۆی باس كردوون، به‌ڵام وزه‌ی خان سنوورداره، دیسانه‌وه پۆلۆ رۆڵی گێڕه‌ره‌وه وه‌رده‌گرێته‌وه. چونكه خه‌یاڵ كردی شاره‌كان و پێكه‌وه‌لكاندن و رۆنانی ته‌لارسازییان هی پۆلۆ خۆیه‌تی. ئه‌مه وانه‌یه‌كی گرنگیشه بۆ نووسه‌ران ده‌بێ بایه‌خ به‌وه نه‌ده‌ن چیرۆكه‌یان خه‌یاڵییه یان واقیع.
خۆزگه پرسیاری له من ده‌كرد
مه‌گه‌ر حیكایه‌ته‌كانی نێو هه‌زار و یه‌ك شه‌وه‌ش له‌وه پێكنه‌ده‌هاتن كه شه‌هره‌زاد بۆ دواخستنی مه‌رگ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و ئیمپراتۆره‌ی كه كه‌وتبووه ده‌ستی تا به‌یانی چیرۆكی بۆ نه‌ده‌گێڕایه‌وه؟ ئیتالۆ كالڤینۆ په‌یوه‌ستییه‌ك له نێوان رۆمانه‌كه‌ی و هه‌زار و یه‌ك شه‌وه دروست ده‌كات، كه بووه‌ته میراتی ته‌واوی مرۆڤایه‌تی. له‌وێدایه پێویستی بیرۆكه‌ی به‌پیرۆزكردنی ده‌قه كلاسیكییه‌كان ده‌دره‌وشێنێته‌وه. وه‌ك به‌دبه‌ختییه‌كیش دوایین به‌شی شاره نادیاره‌كان زۆر ئازاریدا. چونكه دوای ئه‌وه‌ی ماركۆ پۆلۆ وازی هێنا له ته‌واوكردنی ناوی ئه‌و شاره نوێیانه‌ی ئه‌تڵه‌سه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كرد و كوبیلای خان داوای كردبوو، قسه گه‌یشته سه‌ر ئازار. پۆلۆ باسی ئازاری كرد. به‌ڵام كالڤینۆ له به‌شی روونكردنه‌وه‌ی گێڕه‌ره‌وه‌دا ئه‌وه‌ی روون كردووه‌ته‌وه كه نایه‌وێ ئه‌مه دوایین وانه بێت كه له گێڕانه‌وه‌ی گێڕه‌وره‌وه‌دا به‌ده‌ستده‌هێنرێت. ئه‌گه‌ر مرۆڤێك باس له ئازار بكات، به‌داخه‌وه هه‌موو شته‌كانی تر ده‌خرێنه لاوه و ئازار سه‌رده‌كه‌وێت. ئیتالۆ كالڤینۆ دوای گه‌ڕانی ئه‌و هه‌موو شاره، له‌و شارانه‌ی گه‌ڕاوه ئه‌و هه‌موو زانا و كاهینه‌ی دیوه، ئه‌گه‌ر له ناچیزێكی وه‌كو منی پرسیبایه هه‌ڵبه‌ت ده‌یزانی. به‌ڵام با ئه‌مه‌ش ببێته ئازاری كالڤینۆ:
"پۆلۆ: دۆزه‌خی ئێمه شتێك نییه له داهاتوودا بێت، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر دۆزه‌خێك هه‌بێت، ئه‌وه‌تا هه‌ر لێره و زۆر له مێژه هه‌موو رۆژێك له نێویدا ده‌ژین و به‌یه‌كه‌وه بنیاتمان ناوه. ئازار چه‌شتنیش دوو رێگه‌ی هه‌یه: یه‌كه‌میان بۆ زۆر كه‌س ئاسانه. قه‌بووڵكردنی دۆزه‌خ و تا رادده‌ی د‌رك نه‌كردنی یه‌كانگیربوونه له‌گه‌ڵی. رێگه‌ی دووه‌میش مه‌ترسیداره، به‌رده‌وام سه‌رنج و فێربوونی گه‌ره‌كه. گه‌ڕان به‌دوای ئه‌وه‌ی داخۆ كێ و چی هه‌یه له ناوه‌ڕاستی دۆزه‌خدا نه‌بێت و پاشان بیناسین، ده‌رفه‌ت پێدان و ژیانپێدان."
سەرچاوە: https://oggito.com