ئا: وەفا نەقشبەندی
یەكێك لەو یاریزانانەی ئێستا وەك ئەستێرەیەك لەپاڵەوانێتییەکانی کاراتێدا و بەتایبەتیش پاڵەوانێتییە دەرەكییەكاندا جێدەستی دیارە و خۆی سەلماندووە، مەبەست فایەقە لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، خاوەنی پشتێنی رەشی دان (3) یە، لەساڵی (2012)ەوە دەستی بەیاریی كاراتێ كردووە، لە ساڵی (2013) ەوە بەشداریی پاڵەوانێتییەكان دەکات، ماوەی (5) ساڵیشە یاریزانی هەڵبژاردەی عیراقە، لە سەر هەردوو ئاستی تاك و تیپدا یاریی كردووە و توانیویەتی زیاتر لە (30) پاڵەوانێتیی بەشداریی بكات و ئەنجامی بەرچاو بەدەست بهێنێت.
لەدیدارێکیدا لەگەڵ ستادیۆم، مەبەست باس لە چۆنێتی شێوازی راهێنانەكانیان دەكات و دەڵێت: لەئاستێكی زۆر ئەكادیمیدا بەشێوازێكی زۆر پرۆفیشناڵ راهێنان دەكەم، تا بتوانم لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكاندا ئاستم نزیك بێت لەئاستی یاریزانە ركابەرەكانم لەهەر وڵاتێك بێت.
هەروەها وتیشی: بەداخەوە تائێستا هیچ هاوكارییەكی تایبەت نەكراوم، بە بەراورد بەو ئەنجامانەی بەدەستم هێناون، چونكە هەر هاوكاری و هاندانێك دەبێتە پاڵنەرێك بۆ ئەو یاریزانە تا بتوانێت لە دوای هەر پاڵەوانێتییەك بەرۆحێكی نوێوە بەردەوامی بە راهێنانەكانی بدات بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئاستی باڵاتر.
ساڵی (2022-2023) وەك باشترین یاریزانی ساڵ دیاریی كرام لەلایەن لیژنەی ئۆڵۆمپییەوە، بەڵام یاریزانی یارییە تاكەكان بەتایبەت كاراتێ، هیچ هاوكارییەك ناكرێت كە یاریزان بتوانێت وەك كوردێك ریكۆردە جیهانییەكان بشكێنێت.
سەبارەت بە چۆنێتی هەڵبژاردنی یاریی كاراتێ ئەو یاریزانە وتی: لە منداڵییەوە خولیای یاریی هونەرە جەنگییەكان بووم، كاراتێش یەكێكە لە هونەرە جەنگییەكان، لەبەر ئەوەی هەڵبژاردەی خۆم بووە بۆیە ئاستەنگەكانی هەرچەندێكبن ئامادەم لەپێناو بەردەوام بوون و بەرز راگرتنی ناوی كورد و ئاڵای پیرۆزی كوردستاندا بۆی بجەنگم.
لەدرێژەی قسەكانیدا مەبەست دەڵێت: بەو هیوایەم بتوانم بەو توانایەی هەمە لەداهاتوودا خزمەتی وەرزش و یاریی كاراتێی پێبكەم و بتوانین چەندین یاریزان لەدوای خۆمان پێبگەیەنین تاوەكو دڵنیا بین ئەو رەنج و ماندوو بوونەمان بەهەدەر نەچووە.
لەكۆتاییدا مەبەست فایەق وتی: لە پاڵەوانێتیی ئاسیادا لە رانكینی پێنجەمدام، كە تائێستا ئەم ریكۆردە لە پێشكەوتوواندا نەشكاوە لەلایەن یاریزانێكی عیراقەوە، دوا پاڵەوانێتیش كە بەشدارییم تێدا كرد لە روسیا بوو، ئەویش پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەوتیی بوو لەئاستی پاڵەوانێتییە جیهانییەكاندا بوو، یاریزانی زۆر ئاست بەرزی تێدابوو، توانیم پلەی دووەم بەدەست بهێنم كە تائێستا لەعیراقدا ئەم ئەنجامە بەدەست نەهاتووە، سوپاسی ستادیۆمیش دەکەم بۆ بەسەركردنەوەی یاریزانان لەهەر وەرزشێكدا بێت بەبێ جیاوازی.