بۆچی لە یاریگای زاخۆ نەبێت؟

12:37 - 2025-07-16
وەرزش
20 جار خوێندراوەتەوە

ستادیۆم

دواجار یانەی زاخۆ و دهۆك بۆ یاریی كۆتایی خولی جامی یانەكانی عیراق سەركەوتن، بەمەش دوو یانەی كوردستان و بە تایبەتیش دوو یانەی بادینان و شاری دهۆك، ئەم یارییە گرنگەی عیراق دەكەن، ئەمە بۆ یەكەمین جاریشە لەمێژووی تۆپی پێی یانەكانی عیراقدا دوو یانەی كوردستان بگەنە یاریی كۆتایی ئەم خولە گرنگەی عیراق .
تا ساتی نووسینی ئەم بابەتە، یاریگای یارییەکە دیار نییە، پێشتریش عەدنان درجال-ی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق، پێشنیازی ئەوەی كردبوو، یارییەكە لە یاریگای زاخۆ بكرێت، بۆ ئەوەی زۆرترین هاندەرانی هەردوو یانە بە بینینی یارییەكە شاد ببن، بەڵام ئەم  راو پێشنیازەی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق لە لایەن بەرپرسانی یانەی زاخۆوە رەتكرایەوە و رایانگەیاند؛ ئەوان ئامادە نین میوانداریی لە یاریی كۆتایی بكەن، چونكە هەستیارییەكی زۆر لەنێوان هاندەرانی هەردوو یانەدا هەیەو ئەوان ناتوانن دڵنیایی تەواو بدەن بە یەكێتیی تۆپی پێی عیراق، كە هاندەرانی هەردوو یانە نابنە مایەی تێكدانی كەشی یارییەكە و هیچ لە یارییەكەدا روونادات، بۆیە داوایان لە یەكێتیی تۆپی پێی عیراق كردووە كە یارییەكە لە یاریگایەكی بەغدا یان هەرشوێنێكی تر بكرێت تا كەشی یارییەكە لە كێشە و نائارامی و شەڕو ئاژاوە بەدوور بێت.
لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە: باشە دوو یانەی شارێك كە لە هەرێمی كوردستانن، بۆچی دەبێت ركابەرییەكی توندی لەو شێوەیە لە نێوان هاندەرانیاندا هەبێت بە جۆرێك كە كردنی یارییەكی وا گرنگ لە هەرێمی كوردستان و شاری دهۆك نەکرێت و ببرێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئەم ركابەریی و رق و كینەیە بۆچی.
بۆچی هاندەرانی یانەكانمان چاوێك لە هاندەرانی وڵاتانی پێشكەوتوو لە بواری تۆپی پێدا ناكەن و لەوانەوە فێرنابن كە یاریی بردنەوە و دۆڕاندنە، بۆچی بۆ بردنەوە (رۆحی ریازی) مان فولە، بەڵام كاتێك تیپەكەمان دەدۆڕێت، گیانی رق و كینەو شەڕ سەرتاپای جەستەمان داگیر دەكات.
رەنگە لەسەرێكەوە ئیدارەی یانەی زاخۆ لەسەر حەق بن، چونكە زۆر پشێوی و نا ئارامیمان لەنێوان هاندەرانی یانەكانی كوردستاندا بەگشتی بینی، هەموومان بینیمان لە یاریی زاخۆ و نەورۆزدا لە سلێمانی چی روویدا، ئەوەی روویدا لە چەند یارییەكی خولەكانی كوردستانیشدا دووبارە بوونەوە، بۆیە ئەگەری زۆر هەیە ئەم یارییەش بەدەردی یاریی زاخۆ و نەورۆز بچێت و هاندەران كەشی یارییەكە بشێوێنن.
دیارە لەم جۆرە نائارامی و پشێوی و شەڕو شۆڕانەدا كە روودەدەن، هاندەران هیچ زیانێكیان بەرناكەوێت، بەڵام زەرەرمەندی یەكەم یانەكان دەبن بەوەی سزای قورس وەردەگرن و هاندەرانیش وەك بەرزەكی بانان بۆ دەردەچن.
ئەم یارییە گرنگە، خۆی بۆ خۆی دەستكەوتێكی  مێژوویی گەورەیە بۆ یانەكانی كوردستان بەگشتی و بۆ هەردوو یانەكەی بادینان بە تایبەتی، بەڵام كاتێك لەبەر كێشەی هاندەران یانەیەکیان داوا بکات یارییەكە ببرێتە دەرەوەی بادینان، ئەمە نەنگییە بۆ وەرزشی كوردستان و بەشێك لە هاندەران كە هاندەرانی نا مەسئولن و ئەوان بەرپرسیاری یەكەمی ئەم نەنگییەن.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان