مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتی: پێویسته‌ هێرشه‌ درۆنییه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێم رابگیرێن

12:37 - 2025-07-16
کوردستان
49 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتێکدا کە یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپێناوی کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغداو هەرێم، هەوڵە سیاسی و دیبلۆماسییه‌كانی خۆی چڕ کردۆتەوەو کار بۆ نەهێشتنی گرژی و ناكۆكی لە نێوان هەرێم و بەغدادا دەکات، زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ چه‌ندین هێرشی درۆنی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك ده‌كرێته‌ سه‌ر هه‌رێم و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی له‌ ناوچه‌و پارێزگا جیاجیاكانیدا. 
  ئه‌و هێرشانه سه‌رچاوه‌كه‌یان له‌ هه‌ر كوێوه‌‌ بێت و هه‌ر لایه‌نێك لێی به‌رپرس بێت، پێشێلكردنێكی ئاشكرای بنه‌ماكانی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و سه‌قامگیرییه‌ له‌ وڵاتدا، كه‌ پێویسته‌ پێش هه‌ر لایه‌ك حكومه‌تی عیراق خۆی سنوورێكی بۆ دابنێت و رایبگرێت، به‌و پێیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن و ره‌سمیی ده‌وڵه‌ته‌ و به‌رپرسیاره‌ له‌ پاراستنی ‌خاك و خه‌ڵكی عیراق و هه‌رێم و بنه‌ما و سه‌رچاوه‌ ئابوورییه‌كانی، به‌تایبه‌تی كه‌ ده‌شێت ئه‌و پێشێلكارییانه‌ ببنه‌ مایه‌ی دروستبوونی گومان له‌ په‌یوه‌ندیی هێزه‌ عیراقییه‌كانداو نیگه‌رانیش له‌ دۆخی ئه‌منیی وڵات.
ئێمه‌ له‌كاتێكدا وه‌ك (ی.ن.ك) ئیدانه‌ی ئه‌و هێرش ‌و په‌لامارانه‌ بۆ هه‌رێم و دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌كه‌ین، داواكارین كه‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عیراق رۆڵی خۆیان له‌ دوورخستنه‌وه‌ی وڵات له‌ هه‌ر ناسه‌قامگیرییه‌كی ئه‌منی و ناكۆكییه‌كی نوێی سیاسی بگێڕن، كه‌ ببێته‌ مایه‌ی ساردكردنه‌وه‌ی هێڵی گه‌رمی گفتوگۆ نیشتمانییه‌كانمان، كه‌ ئامانج لێیان چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان و چاندنی متمانه‌و برایه‌تیی زیاتر و پێكه‌وه‌ ژیانی نێوان عیراقییه‌كانه‌.


 مه‌كته‌بی راگه‌یاندن و هۆشیاریی 
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان