پێشوازیی لە منداڵانی پۆلی یەکەم

10:21 - 2022-08-22
ڕاپۆرت
1559 جار خوێندراوەتەوە

عەلی حەمەڕەشید 

 لە راستیدا منداڵ کە دەچێتە قوتابخانە و لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتییدا یەکەم سەرەتای خوێندن و ژیانێکی نوێ و جیاواز لە ژینگەیەکی نوێ و جیاواز لە ژینگەی پێشووی دەستپێدەکات رووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەستی نوێ و نەبینراو و نەبیستراو لە ژینگەی ماڵەوە دەبێتەوە کە کاریگەری لەسەر دەبێت و تا لەگەڵ ئەو ژینگە تازەیەشدا رادێت پێیدەچێت، با ئەوەش بزانین هەندێک منداڵ زۆرتریان پێدەچێت و هەندێکیان دەبێت رۆژانە کەسێکیان لەگەڵ بێت بەتایبەتی دایکیان ئەمەش وا دەکات منداڵەکە تا رادەیەک باوەڕی بەخۆی نەبێت و بەشێوەیەکی جیاوازیش سەیر بکرێت لەلایەن مامۆستا و منداڵانی پۆلەکەیەوە، بەڵام ئەو منداڵانەی ساڵی پێشتر لە باخچەی منداڵان بوون وریاتر و چالاکترن زووتر لەگەڵ ژینگەی قوتابخانەدا رادێن. هەرچەندە ژینگەی باخچەش لەگەڵ ژینگەی قوتابخانە جیاوازن، چونکە کۆمەڵێک رێسا و یاسای پابەندبوون و پۆل و مامۆستا و رێز و هەستکردن بە لێپرسینەوە و چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لەو ژینگە تازەیەدا بۆ ئەمان ئاسان و ئاساییە و بەلایانەوە زۆر نوێ نییە، چونکە لە باخچە بوون. بۆ گەورەش کە دەچێتە ژینگەیەکی نوێ و جیاواز لەو ژینگەیەی پێشتر تێیدا ژیاوە رووبەڕووی هەندێک شت دەبێتەوە، ئەویش پێیدەچێت تا لەگەڵیدا رادێت. لە راستیدا ئەم گۆڕانکارییە و چوون بۆ ئەو ژینگە نوێ و پڕ لە رێسا و یاسایە و چۆنیەتی پابەندبوون پێوەی گرانە و وا باشە ستافی کارگێڕی قوتابخانە پێش دەستپێکردنی دەوامی فەرمی ئامادەکاری بکەن بۆ پێشوازی کردن لە منداڵانی پۆلی یەکەم.


شێوازی پێشوازیکردن
من پێشتر بۆ هەمان مەبەست وتارێکم نووسی و بڵاوکردەوە، بۆیە لەبەر گرنگیی و هەستیاری چۆنیەتی پێشوازیکردن لەو منداڵانەی تازە دەچنە قوتابخانە وا جارێکی تر باسی دەکەمەوە و هەمان بیر و بۆچوونی خۆم بۆی دووبارە دەکەمەوە و شێوازی پێشوازیکردنیان دەخەمە ڕوو بەو هیوایەی بە پێی توانا کاری لەسەر بکرێت:
1.بۆ ئامادەکاری وا باشە لیژنەیەک پێکهاتبێت لە مامۆستایانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بەتایبەتی ئەو مامۆستا بەڕێزانەی کە کوردی و بیرکاری و سرود دەڵێنەوە خۆ زیاتریش بێت ئاساییە بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری قوتابخانە دروستبکرێت و پێشتر ئامادەکاری بکرێت بۆ چۆنیەتی پێشوازی کردن لەو منداڵانە.
2.سازدانی چالاکیی پێشوازی وەک ئاهەنگێکی بچکۆلە، بەڵام وا باشە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی قوتابخانەدا نەبێت، چونکە هەم کارگێڕی قوتابخانە سەرقاڵی رێکخستنی پۆلەکانن و منداڵەکانیش لەنێو ئەو جیهانە تازەیەدا نامۆن و زۆریشیان کەسوکاریان لەگەڵدایە، کارێکی گران  دەبێت و وەکو پێویست ناتوانرێت گرنگی بە منداڵانی پۆلی یەک و کەسوکاریان بدرێت و دوور نییە هەندێک لە منداڵان بە بینینی ئەو هەموو قوتابی و مامۆستا و دروستبوونی دەنگە دەنگ و هاوار و قیژەی منداڵانی پۆلەکانی تر قوتابخانەیان لەبەر چاو نەکەوێت، چونکە ئەوان دەمێکە خۆیان بۆی ئامادەکردووە و بە خۆشییەوە هاتوون و دایەو بابەش بۆ خۆشەویستکردنی قوتابخانە و مامۆستا پێشتر بەشێوەیەک باسیان کردووە لایان، قوتابخانە  شوێنێکی زۆر  خۆشە و لەوێ دەتوانی وەرزش و  یاری بکەیت و گۆرانی بڵێیت و زانیارییش فێر ببیت.بەڵام لە یەکەم رۆژدا دەبینێت جیاوازە و لەوە ناچێت کە بۆی باسکراوە بۆیە دەکەوێتە دوو دڵی و بێزار دەبێت.
3.ئەو لیژنەیە دەتوانن هەفتەیەک پێش کردنەوەی قوتابخانە خۆیان ئامادە بکەن و بەرنامەی بۆ دابنێن، بۆ ئەو رۆژەش دەتوانن چەند هۆنراوەیەکی سادە و تایبەت بۆ ئەو بۆنەیە ئامادە بکەن خۆیشیان بۆیان بخوێننەوە یان قوتابیانی پۆلەکانی تر بە کۆرس بۆیان بڵێن دەتوانن لە ماوەیەکی زۆر کەمدا راهێنان بەو قوتابیانە بکەن هەر قوتابییەک و دێڕێکی بدەنێ زوو لەبەری دەکات و کارەکەش باشتر و زووتر ئامادە دەبێت، دواتر داوا لەو منداڵانە بکرێت کە کێ دەتوانێت گۆرانییەک بڵێت وەک ئەم قوتابییانە بێگومان چەند منداڵێک هەر بەشداری دەکەن.
4.واباشە چەند رۆژێک دوای کردنەوەی قوتابخانە ئەم ئاهەنگی پێشوازییە بکرێت، بە ئامادەبوونی کەسوکاری منداڵانی پۆلی یەکەم، بەڕێوەبەر و مامۆستایان بەتایبەتی مامۆستای کوردی و بیرکاری کە رۆژانە وانەیان پێدەڵێن خۆناساندن و وتەی کورت و گونجاو بۆ ئەو بۆنەیە پێشکەش بکەن، چەند خۆش دەبێت وتەکان بەشێوازێک بێت  خەندە بخاتە سەرلێوەکانیان و خۆشی بخاتە دڵیانەوە و قاقای پێکەنین وەک مۆسیقایەکی سروشتی لەو شوێنەدا دەنگ بداتەوە.
5.چەند خۆش دەبێت کە شیرینی و  یەکی دیارییەکی بچکۆلەشیان پێشکەش بکرێت، ئەمانە وا دەکات منداڵەکان لەوێوە خۆشەویستی زیاتریان بۆ قوتابخانە و مامۆستا و دایە و بابەش زۆر تر بێت و بە دڵێکی لێوانلێو لە خۆشییەوە ئەو کاتە بەسەر بەرن و رۆژانی تریش  بەهەمان خۆشەویستی و خۆشییەوە بێن بۆ قوتابخانە. 

#خوێندكار

بابەتە پەیوەندیدارەکان