ئارینا سابالینكا -ی بیلاروسی، كە لە پلەی یەكەمی ریزبەندیی یاریزانانی جیهاندایە، بەشداریی ماستەرزی مۆنتریالی كەنەدای خانمانی نەكردووە کە ئێستا یارییەکانی بەردەوامن، وەك خۆی رایگەیاندووە، بەشداریی نەكردنەكەی لەبەر ئەوەیە زۆر ماندووە و دەیەوێت پشوویەك بدات.
هەروەها ئەوەشی راگەیاند، ئەمساڵ نەیتوانیوە هیچ جامێكی گراند سلامەكانی ئەمساڵ بباتەوە، هەرچەندە توانی بگاتە یاریی كۆتایی هەردوو گراند سلامی ئوسترالیا ئۆپن و رۆڵاند گارۆس، ئێستاش تەنیا گراند سلامی یۆ ئێس ئۆپن ماوە بكرێت، بۆیە دەیەوێت بە وزە و توانایەكی باشەوە بەشداریی ئەو گراند سلامە بكات كە بڕیار وایە 25/8 لە ئەمریكا دەستپێبكات.
ئێستا ئەم یاریزانە لە مەشق و راهێنانەكانی بەردەوامە، لەگەڵیشیاندا پشوویەكی باش وەردەگرێت تا بەباشی پێش گراند سلامی یو ئێس، بەشداریی ماستەرزی سینسیناتیش بكات كە 7/8/2025 دەستپێدەكات، پاشان بەشداریی دوا گراند سلامی ئەمساڵ دەکات.