سدیق عه‌واڵی
سامان ئه‌حمه‌د ره‌شید، ساڵی 1984 لە چه‌مچه‌ماڵ لەدایک بووە، راهێنەرێکی خاوه‌ن ئه‌زموونە، سەرەتا له تیپی لاوانی یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵەوە ده‌ستپێده‌كات و دواتر بۆ راهێنه‌ریی هه‌نگاو ده‌نێت.
ئێستا راهێنه‌ری یه‌كێك لە تیپەکانی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانییه، تیپەکەشی بۆ خولی عیراق ئاماده ده‌كات.
ئەم راهێنەرە، به لاپەڕەی وەرزشی راگه‌یاند: وه‌ك یاریزان له هێڵی ناوه‌ند یاریم دەکرد، له یانه‌كانی (سلێمانی، پێشمه‌رگه، نه‌ورۆز، به‌ختیاری و سۆلاڤی كه‌ركوك) له خوله‌كانی كوردستان و عیراق یاریم کردووە.
سه‌باره‌ت به ئه‌نجامه باشه‌كانیشی کە لەگەڵ ئەو تیپانە بەدەستیهێناوە وتی: لەگەڵ یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ وه‌رزی (2004-2005) سێیه‌می خولی كوردستان بووین، ساڵی 2012 لەگەڵ یانه‌ی سلێمانی بۆ خولی نایابی عیراق سەرکەوتین، ساڵی 2008، وەک یاریزانی هەڵبژاردەی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان دەستنیشان کرام، به‌رامبه‌ر یانه‌ی (كرواتیا سێسڤیتی) یارییمان کرد و ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد و لەو یارییەدا گۆڵێکمان کرد گۆڵەکەش من کردم.
سامان وه‌رزی رابردوو، لە یانەی بەختیارییەوە رووده‌كاته یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بۆ ئه‌ركی راهێنانی تیپی ئەو یاریزانانەی تەمەنیان لە 14 ساڵ کەمترە و تیپه‌كه‌شی گەیاندە قۆناغی هه‌شت یانەی خولی یانه‌كانی عیراق.
راهێنه‌ره‌كه‌ی پێشمه‌رگه وتی: بۆ ئاستی پێشكه‌وتووانی چەند تیپێکی كوردستان و لاوانی عیراقیش، ئه‌م وەر‌زە چەند داوایەکیان پێشكه‌ش كردووم، به‌ڵام رەتمکردونەتەوە و له‌گه‌ڵ یانه‌ی پێشمه‌رگه بەردەوامم.
ئەم راهێنەرە لە کۆتاییدا باسی ئەوەی بۆکردین کە هانده‌ری یانه‌ی بایرن میونشن و هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیایه، زۆر سوپاسی کوردستانی نوێشی كرد بۆ ئه‌م به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه.