ستادیۆم
سبەی پێنجشەممە 7/8/2025، لیستی ناوی پاڵێوراوەکانی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ بۆ ساڵی 2025، لەنێویاندا باڵۆن دۆری كوڕان و خانمان ئاشکرا دەكرێت.
دواتر رۆژی 22/9، شانۆی شاتلییەی ناودار لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، دەبێتە گۆڕەپانی ئاهەنگی دیارییكردنی براوەكانی سەرجەم خەڵاتەكان بۆ ساڵی رابردوو – 2024.
خەڵاتەكان
ساڵانە خەڵاتەكانی ئەم گۆڤارە ناودارەی جیهان بریتیدەبن لە:
*باڵۆن دۆری كوڕان- ئەمساڵ دیارترین پاڵێوراوەکان، (عوسمان دیمبلی، رافینیا، لامین یامال، كلیان مباپێ، محەمەد سەڵاح) دەبن.
*باڵۆن دۆری خانمان-باشترین یاریزانی ژن.
*خەڵاتی كوپا-باشترین یاریزانی لاو.
*خەڵاتی یاشین-باشترین گۆڵپارێز.
*باشترین راهێنەری تیپەكانی ژنان.
*باشترین راهێنەری تیپەكانی كوڕان.
*باشترین تیپی خانمان.
*باشترین تیپی كوڕان.
*خەڵاتی سۆكراتیس.
مێژوویەكی كورت
باڵۆن دۆر مێژوویەكی دێرینی هەیە، لە ساڵی 1956–ەوە بەیاریزانان دەدرێت، تائێستا 68 جار دابەشکراوە، ئەمساڵ پێدەنێتە 69 یەمین جارییەوە.
ئەم خەڵاتە وەك وتمان لەساڵی 1956– ەوە دابەشدەكرێت، سەرەتا ناوی (خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا) بووە، یەكەم یاریزانیش كە بۆتە براوەی ئەم خەڵاتە، ستانلی ماتیۆسی ئینگلیزی بووە كە ئەو ساڵە بۆ یانەی بلاكبۆڵی ئینگلیزی یاریی كردووە.
ئەم خەڵاتە بەو ناوە و بەو سیستمەی خۆی بەردەوام بووە تا ساڵی 1995، لەم ساڵەوە سیستمی جۆری بەخشینەكەی گۆڕانكاریی تێداكرا و تەرخانكرا بۆ باشترین یاریزانی یانەكانی ئەوروپا، واتە مەرج نییە یاریزانەكە ئەوروپی بێت، دەشێت یاریزانی دەرەوەی ئەوروپا بێت، بەڵام مەرجە یاریی بۆ یانەیەكی ئەوروپا بكات، یەكەم یاریزانیش كە ئەم خەڵاتەی بەو سیستمە نوێیە بردەوە، جۆرج ویا-ی لیبیری و یاریزانی یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی بوو، بەم سیستم و بەرنامە نوێیە، ئەم خەڵاتە ساڵانە دابەش دەكرا تا ساڵی 2009، لە ساڵی 2010وە ئەم خەڵاتە لەگەڵ خەڵاتی باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهان- فیفا تێكەڵاو بوون و بەباڵۆن دۆر ناوزەدكرا و ساڵانە بە باشترین یاریزانی جیهانی دەدرا.
جارێكی تر و ساڵی 2016 ، ئەم دوو خەڵاتە تێكەڵكراوە (باڵۆن دۆر - باشترین یاریزانی تۆپی پێی جهانی) لەیەكتر جیابوونەوە و باڵۆن دۆری گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ بۆ باشترین یاریزانی جیهان سەربەخۆیی خۆی وەرگرتەوە.
هەردوو خەڵاتە تێکەڵاوەکە
ئەم دوو خەڵاتە بۆ ماوەی شەش ساڵ (2010) تا (2015) تێكەڵاو كران و شەش جار دراوە بە باشترین یاریزانی جیهان، مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ نەیانهێشت لەو شەش ساڵەدا هیچ یاریزانێك دەستی بەر خەڵاتەكە بكەوێت و تەنیا ئەم دوو یاریزانە داگیریان كرد و مێسی یەكەم و كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو رووەوە دووەمە، مێسی (2010 و 2011 و 2012 و 2015) ئەم خەڵاتەی بردۆتەوە و كریستیانۆ رۆناڵدۆش دوو جار (2013 و 2014) بردویەتییەوە.
پاش جیابوونەوە
كاتێكیش لە ساڵی 2016 –ەوە ئەم دوو خەڵاتە جیابوونەوە، ئەوەی فیفا دەبێت بە زەبێست (THE BEST) و باڵۆن دۆریش وەك خۆی دەمێنێتەوە.
زەبێست ئەم ساڵانەی دوایی كە دابەشكراوە ئەم یاریزانانە بوونەتە خاوەنی:
* 2016 كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
*2017 كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
* 2018 لۆكا مۆدریج.
* 2019 لیۆنێل مێسی.
* 2020 لیڤاندۆڤسكی.
* 2021 لیڤاندۆڤسكی.
2022* لیۆنێل مێسی.
*2023 لیۆنێل مێسی.
* 2024 ڤینیسیۆس جونیۆر.
* 2025 ....؟
هەرچی باڵۆن دۆریشە، دراوە بەم یاریزانانە:
* 2016 كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
*2017 كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
*2018 لۆكا مۆدریج.
*2019 لیۆنێل مێسی.
*2020 بەهۆی پەتای كۆرۆناوە نەبەخشراوە.
*2021 لیۆنێل مێسی.
* 2022 كەریم بنزیمە.
* 2023 لیۆنێل مێسی.
* 2024 رۆدری.
*2025.... ؟
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی باڵۆن دۆر، دەتوانین ناوی ئەو وەرزشكارە ناودارانەی جیهان بهێنین كە زۆرترین باڵۆن دۆریان بردۆتەوە.
مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ
ئەم دوو یاریزانە خاوەنی زۆرترین باڵۆن دۆرن، مێسی لەپلەی یەكەمدایە بە كۆكردنەوە و بردنەوەی 8 باڵۆن دۆر و ئەمەش ریكۆردێكی ناوازەیە، هەرچی كریستیانۆ رۆناڵدۆشە، خاوەنی 5 باڵۆن دۆرە و دووەمە و هیچ یاریزانێكی تر شان لەشانی ئەم دوو یاریزانە نادات.
لە پلەی سێیەمدا سێ یاریزان دێن كە هەریەكە و خاوەنی سێ باڵۆن دۆرن و ئەوانیش:
1 - میشێل پلاتینی-3 خەڵات.
2 - یۆهان كرۆیف-3 خەڵات.
3 - ماركۆ ڤان باستن-3 خەڵات.
وڵاتان
سەبارەت بەو وڵاتانەش كە زۆرترین یاریزانەكانی ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە ئەم وڵاتانەن:
1 - ئەرجەنتین (8 باڵۆن دۆر).
2 - فەرەنسا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا و پورتوگال (7 باڵۆن دۆر).
3 - ئیتالیا و ئینگلتەرا و بەرازیل هەریەكەو (5 باڵۆن دۆر).
یانەكان
سەبارەت بەیانەكانی جیهانیش ئەم یانانە یەكەم و دووەم سێیەم یانەن كە یاریزانەكانی زۆرترین باڵۆن دۆریان بردۆتەوە:
1 - بارسیلۆنا و ریاڵ مەدرید هەریەكە و
(12 باڵۆن دۆر).
2 - یۆڤانتۆس و ئەی سی میلان هەریەكە و (8 باڵۆن دۆر).
3 - بایرن میونشن (5 باڵۆن دۆر).
4 - مان یونایتد (4 باڵۆن دۆر).