بڕیار وایە رۆژی 16 ی مانگی داهاتوو، هەڵبژاردن بۆ دەستەیەكی نوێی بەڕێوەبەریی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق بكرێت، چەند پاڵێوراوێكی كورد بۆ ئەم هەڵبژاردنە خۆیان پاڵاوتووە، لەنێویاندا مەحمود ئەحەمەد موراد و تەنیا حەسەن تەنیا و كۆڤەند عەبدولخالق.
مەحمود ئەحمەد موراد جێگری سەرۆكی یانەی پێشمەرگەی سلێمانییە، كۆڤەند عەبدولخالقیش ئەندامی ئێستای یەكێتییەكە و كوڕی عەبدولخالق مەسعودی وەرزشكاری دێرنی هەولێرە كە ئەمیش ماوەیەک سەرۆكی یەكێتییەكە بووە، جارێكی تر خۆی پاڵاوتۆتەوە، سێیەمیش تەنیا حەسەن تەنیایە، مامۆستای زانكۆیە و وەرزشكارێكی دێرینی شاری سلێمانییە، ئەم پاڵێوراوانەش هەرسێكیان بۆ ئەندامێتیی یەكێتییەكە خۆیان پاڵاوتووە.
شایانی باسە عەدنان درجالی سەرۆكی ئێستا جارێكی تر خۆی پاڵاوتۆتەوە، لەگەڵیشیدا هەریەكە لە یونس مەحمود ی جێگری و هەروەها ئەیاد بونیان، وەك پاڵێوراوێكی نوێ خۆیان پاڵاوتووە.