سەرۆکی یانەی باباگوڕگوڕ: گرنگی بە یارییە تاکەکان دەدەین

11:36 - 2025-08-06
وەرزش
67 جار خوێندراوەتەوە

رزگارشوانی ـ کەرکوک

یانەی وەرزشیی باباگوڕگوڕ، ساڵی 1992 لە ئاوارەیی و لە  چەمچەماڵ دامەزراوە، ئەوکاتە وەرزشکارە ئاوارەکانی کەرکوکی لەخۆ گرتبوو.
لەم روەوە عەدنان عومەر، سەرۆکی یانەکە وتی: جێگای شانازیمانە کە لە سەرەتای دامەزراندنی یانەکەماندا، رەوانشاد مام جەلال، سەرۆکی فەخری یانەکەمان بوو، لە یانەکەدا چەند یارییەک دەکرا، لە هەموویان گرنگتر تۆپی پێ بوو، تیپەکەمان توانی ململانێی یانەکانی کوردستان بکات و ئەنجامی گەورە بە دەست بهێنێت، تیپەکانی بالە و باسکە و تایکواندۆ و بەرزکردنەوەی قورسایشمان ئەنجامی زۆرباشیان هەبووە.
لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراق و لەبەر چەند هۆکارێک، یانەکەمان راگرت، بەڵام کۆتایی ساڵی 2011 درفەتێک هاتە پێش کە توانرا 4 یانە لەم یانەیەدا کۆبکرێنەوە و هەر بە ناوی یانەی باباگوڕگوڕەوە لە گەڕەکی پەنجا عەلی دامەزرێت.
لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم یانەیە بۆتە جێگای شانازی دۆست و لایەنگرانی، ساڵی 2018 لە هەڵسەنگاندنی یانەکانی عیراقدا، بۆ یەکەمجار، وەک یانەیەکی کەرکوک، گەیشتینە پلەی 23 ی ریزبەندیی یانەکانی عێراق و پێش چەندین یانەی ناوداری عیراق کەوتین.
عەدنان عومەر سەبارەت بە کێشە و کەموکوڕی یانەکشیان، باسی ئەوەی بۆکردین کە؛ ئێستا بە هۆی قەیرانی داراییەوە زیاتر گرنگی بە یارییە تاکەکان دەدەین، کۆمەڵێ یاریزانیشمان گەیشتونەتە هەڵبژاردەی عیراق لە یارییەکانی تایکواندۆ و بادمنتۆن و هێزی لەشدا، وتیشی پێشتر چەندین تیپی باشی خانمانیشمان هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو تیپانەمان بەهۆی کێشەی دارییەوە زۆر  کەم بوونەتەوە.
هەروەها ئەوەی خستەڕو، ئێستا ئەکادیمیایەکی تۆپی پێمان بۆ منداڵانی یانەکە دامەزراندووە، بەهرەمەندانی تەمەن 8 بۆ 16 ساڵ لەخۆ دەگرێت و ڕۆژانە مەشق و راهێنان دەکەن.
لەکۆتاییدا عەدنان عومەر وتی؛ جێگای خۆیەتی سوپاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی وەرزشیی کەرکوک و هەڤاڵ ئاسۆ مامەند بکەین کە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی یانەکەمان بوون.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان