له‌ یانه‌ی بارسیلۆنا‌ شه‌ڕه‌

11:40 - 2025-08-06
وەرزش
47 جار خوێندراوەتەوە

چۆمان کاوە

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، بەهۆی تێکچوونی پەیوەندیی نێوان گۆڵپارێزی تیپه‌كه‌ و ئەندامانی دیکەی یانەکە، سه‌رانی یانه‌ی بارسیلۆنا بیر لە لێسەندنەوەی شاره‌ی كاپتنی له‌ مارک ئەندرێ تێر شتیگن دەکه‌نه‌وه‌، ئەمەش بە رێککەوتنی نێوان ئیدارەی یانەکە و ستافی تەکنیکی بە سەرۆکایەتیی هانسی فلیکی راهێنه‌ر.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بڕیارەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كه‌ ئاستی خراپی گۆڵپارێزه‌كه‌،‌  هۆكاری سه‌ره‌كیی بڕیاره‌كه‌یه‌، هه‌روه‌ها نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان خۆی و ئیدارەی یانەکەشدا، خاڵێكی دیكه‌ی دوورخستنه‌وه‌ی ناوبراوه‌ له‌و پۆسته‌دا، به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌و بابه‌ته‌، وەک ده‌وترێت بابەتێكی هەستیاری تری وەک به‌رده‌وامیی پێکانی گۆڵپارێزه‌كه‌ و کاتی نەشتەرگەرییەکەیه‌تی.
وه‌ك ده‌وترێت گرژییەکان کاتێک زیاتر بوون، کە تێر شتیگن بڕیاریدا لێدوانێكی خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاوبکاتەوە، سەبارەت بە پێکانەکەی، ئەمەش سەعاتێک پێش ئەو لێدوانە هاوبەشەی یانەکە داوای لێکردبوو، بەشداریی تێدا بکات.
تێر شتیگن لە سەرەتای وەرزی رابردووه‌وە، لە یاریگاکان دوورکەوتووەتەوە، پێشبینیش دەکرێت ئامادەنەبوونی بۆ سێ تا چوار مانگی دیکە درێژببێتەوە. ئەمەش وایکردووە یانەکە بیر لە پێویستیی سەرکردەیەکی تر بکاتەوە، کە توانای نوێنەرایەتیکردنی تیپەکەی هەبێت لە هەموو ئاستەکاندا، هەروەها پەیوەندیی لەگەڵ ستافی تەکنیکی و بەڕێوەبەری وەرزشی دیکۆ و خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەکە باش بێت.
وه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ باسی كردووه‌، دوای تێر شتیگن یاریزانانی وەک ئاراوخۆ و فرێنکی دی یۆنگ و پێدری و رافینا به‌ربژێرن بۆ وه‌رگرتنی شارەی كاپتنی یانه‌ی بلوگرانا. 
لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک ناو بۆ بەهێزکردنی گروپی سەرکردایەتیكردنی تیپه‌كه‌ ئاماده‌كراون، لەوانە ئینیگۆ مارتینێز، رۆبەرت لیڤاندۆڤسکی، فێران تۆرێس و تەنانەت ئەستێرەی لاوی یانه‌كه‌ لامین یامالیش.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی روونه‌ له‌ كۆتایدا هانسی فلیکی راهێنەری یانه‌كه‌، قسەی کۆتایی لەسەر پۆستی کاپتنی یانەکە دەكات و پاڵپشتی تەواوی ئیدارەی یانەکەشی بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، بۆیه‌ خودی فلیك بەرپرسیار دەبێت، لە بڕیاردانی کۆتایی لەسەر پۆستی کاپتنی تیپه‌كه‌ی، جا به‌ بڕیاری راستەوخۆی خۆی بێت، یاخود وەک چۆن پێشتر پیپ گواردیۆلا لەگەڵ مانچستەر سیتی ئه‌نجامیداوه‌، یان لە رێگەی دەنگدان لەناو ژووری خۆگۆڕیندا، سه‌ركرده‌ و كاپیتنی یانه‌كه‌ بۆ وه‌رزی نوێ‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان