ریاڵ مه‌درید و با‌رسیلۆنا شه‌ڕی ژماره‌ 10 ده‌كه‌ن

11:42 - 2025-08-06
وەرزش
44 جار خوێندراوەتەوە

هه‌وراز كاوه‌

هەڵبژاردنی درێسی ژمارە 10، تەنیا بڕیارێکی ئیداری نەبوو لەم هاوینەدا، ئەوە ئەو پریشکەبوو، کە روبەڕوبوونەوەیەکی میدیایی و رەمزی لە نێوان ریاڵ مەدرید و بارسیلۆنادا هەڵگیرساند، ئەستێرەکانی دوو نەوەی جیاواز لە کاتی جیاوازدا کۆده‌بوونەوە، بۆ دروستکردنی چیرۆکی نوێ لە مێژووی یاریی کلاسیکۆدا. 

ئه‌ركیان قورس ده‌بێت
بە ململانێ لەسەر درێسی ژمارە 10، جا کیلیان مباپێ یان لامین یامال لەبەری بکات، یانەی ریاڵ مەدرید و بارسیلۆنا یارییەکەیان ئاگر تێبەرداوەتەوە و ده‌یانه‌وێت به‌و دوو ئه‌ستێره‌یه‌ ركابه‌ریی توندی یه‌كتری بكه‌نه‌وه‌. 
لەکاتی پشکنینی وردی‌ ئاستی ئه‌و دووانه‌دا، جیاوازییەکی زۆر لە نێوان کیلیان مباپێ و لامین یامالدا ده‌بینرێت، یەکەمیان تەمەنە، ئەستێرە فەرەنسییەکە تەمەنی 26 ساڵە، لەکاتێکدا یاریزانە ئیسپانییەکە تەمەنی تەنیا 18ساڵە.

گۆڵكار و داهێنه‌رن
لەڕووی تەکنیکییەوە، مباپێ ئامێرێکی دیاری گۆڵ کردنه‌، بەڵام کەمتر لێهاتووە، لە دروستکردنی یاری و گۆڵدا، بە پێچەوانەی یامالە داهێنەر و فریووده‌ره‌كه‌ی بارسیلۆناوە، چونكه‌ یامال یارییەکەی لە دەوری پاسدان و دریبڵکردن بنیات دەنێت، هەرچەندە هێشتا پێویستی بە پەرەپێدانی توانای گۆڵکردنە، كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ وەرزی رابردوو لە لالیگادا ته‌نیا 9 گۆڵی کرد.

جیاوازیی ته‌مه‌نیان زۆره‌

مباپێ و یامال سەربە یەک نەوە نین، بەڵام كاتی یاریكردنیان پێكه‌وه‌یه‌،‌ ئەوەش بەسە بۆ دەستپێکردنی چیرۆکێکی نوێ. وه‌ك ده‌وترێت دووبارەکردنەوەی رکابەریی نێوان مێسی و رۆناڵدۆ نابێت، رەنگە زۆریش نەخایەنێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە شێوازی بەرهەمە بەناوبانگەکانی هۆلیود دروست دەکرێت، کە ریاڵ مەدرید و بارسیلۆنا سپۆنسەریی دەکەن، بۆیه‌ یانەی بارسیلۆنا درێسی ژمارە 10ـی  کردە بەری لامین یامالی ئەستێرەی لاوی یانه‌كه‌، ئێستاش بە میراتگری مێسی و رۆناڵدینهۆ و ریڤاڵدۆ دادەنرێت. پێشتریش رۆژی سێشەممە 23ـی تەموز، یانەی ریاڵ مەدریدیش رایگەیاند: کە درێسی ژمارە 10 بە کیلیان مباپێ دەدرێت، ئەمەش دوای رۆیشتنی لۆکا مۆدریچ.

پێگه‌ی ژماره‌ 10 گۆڕراوه
هەرچەندە مباپێ یاریزانێکی پەیوەست نییە بەم ژمارەیەوە، هەمیشە ژمارە 7 یان 11ـی لەبەردابووه‌، بەم دواییە خواستی گۆڕراوە بۆ ژمارە 9، بەڵام درێسی ژمارە 10ـی ئەمڕۆ تەنیا رەنگدانەوەی پێگەیەک نییە لە یاریگادا، بەڵکو بۆتە هێمای سەرکردایەتیكردن و کاریگەریی له‌سه‌ر میدیاکانیش، هه‌روه‌ها مباپێ لە ساڵی 2018ەوە درێسی ژمارە 10ـی هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە تەمەنی 19 ساڵییەوە لەبەر ده‌كات، چونکە دەزانێت ساڵی 2025 ئەم ژمارەیە تەنیا وه‌ك پێگه‌ی یاریكردن سه‌یر ناكرێت، بەڵکو نوێنەرایەتی تیپه‌كه‌ له‌ یاریگادا ده‌كات، ئه‌وه‌ش چ لەڕووی تەکنیکی و چ لەڕووی رێکلامەوە بێت، بۆ خاوه‌ن درێسه‌كه‌ گرنگه‌. ئەمە ئەو رۆڵەشه‌ کە لامین یامال، لە ئێستاوە لە بارسیلۆنا دەیگێڕێت، هەرچەندە هێشتا یەکلاکەرەوەترین یاریزانی تیپه‌كه‌ی نییە.

ژمارەکەتم پێ بڵێ، پێت دەڵێم تۆ کێیت!
ناتوانین لایەنێکی دیکەی ئەم ململانێ بێدەنگە پشتگوێ بخەین، شەڕی فرۆشتنی درێس لە فرۆشگا رەسمییەکانی هه‌ردوو یانەکە، له‌ یارییه‌كه‌ گه‌رمتره‌. مباپێ هەرگیز لە هەوڵدان بۆ شکۆمەندیی کەسی ناوەستێت، نکوڵی لەوەش ناکرێت، کە بڕیاری پێدانی درێسی ژمارە 10 بە پلەی یەکەم بڕیارێکی ئیداریی یانەی ریال مەدریدە. لەبەرامبەردا یامال بەهەمان شێوە تامەزرۆی وەرگرتنی درێسی ژمارە 10 بوو، بۆیه‌ یانه‌ی بارسیلۆنا درکی بەوە دەکرد، کە ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فرۆشی درێس و وروژاندنی هاندرانی یانه‌كه، بەتایبەتی گۆڕینی ژمارەیەک، بۆ هاندەران زۆرجار بە مانای گەڕانەوە بۆ كڕینی درێسی نویێ‌ یانه‌كه‌یان دێت‌.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان