رێگەی دوانزەئیمام-قەرەبڵاغ لە جێبەجێكردندایە

10:44 - 2025-08-07
کوردستان
68 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایدەگەیەنێت: پرۆژەی چاكسازی و قیرتاوكردنی رێگەی دوانزەئیمام-قەرەبڵاغ بە درێژایی 24 كیلۆمەتر لە جێبەجێكردندایە، كە پرۆژەیەكی گەورە و ستراتیژییە و رێگەیەكی گرنگە لەنێوان گەرمیان و پارێزگای دیالە و خانەقین و دەیان گوند سوودی لێدەبینن.
عەدنان خەلیل بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پرۆژەی رێگەی دوانزەئیمام-قەرەبڵاغ گرنگ و ستراتیژییە و ناحیەی كۆكس و شاری كفری پێكەوە دەبەستێتەوە، وتیشی: دانیشتووانی سنوورەكە ئێستا رێگەی دوورودرێژی كەلار و ناحیەكانی رزگاری و سەرقەڵا دەبڕن تا دەگەنە كفری و بەگشتیش گوندەكانی دوانزەئیمام، رەحیم وەرقە، سەید حسێن، چەتاڵ، ئاوایی سالم، یڵانجی، پیرە فەقیرە، كوێخا حەسەن، قەرەبڵاغ، شێخ لەنگەر، بان ئاسیا و چەند گوندێكی تر سوود لەو رێگەیە دەبینن، جگەلەوەش دەبێتەهۆی بووژانەوەی كەرتی كشتوكـاڵ و ئاژەڵداریی لە سنوورەكەدا.
ئاماژەی بەوەشكرد كە پرۆژەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی گەرمیانەوە سەرپەرشتی دەكرێت و بڕی پارەی تەرخانكراویش نزیكەی حەوت ملیار دینارە و %85ی كارەكانیشی تەواوبووە.
كفری، حەیدەر ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان