چوار رۆژە یەختێکی کۆچبەران بە 70 سەرنشینەوە لە دەریای سپی ناوەڕاست بێسەر و شوێنە کە ژمارەیەک کۆچبەری کوردیشی تێدایە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر یەختەکە لە وڵاتی تونسەوە بەرەو دوورگەی لێیبادوژا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئیتاڵیا بەڕێکەوتووە، بەڵام چوار رۆژە بێسەروشوێنە.
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا راگەیاندووە،
لەناو سەرنشینەکاندا بەگوێرەى ئەو زانیارییانەی بەدەستیان گەیشتووە، کۆچبەری کوردی تیادایە و بە زۆری خەڵکی باشوور و رۆژئاوای کوردستانن.
دەشڵێت، ماوەی نێوان وڵاتی تونس و ئەو دوورگەیەی وڵاتی ئیتاڵیا بەو یەختەی کۆچبەران دەگوازنەوە، لەنێوان 48 – 50 سەعاتدایە و بێسەروشوێنبوونی ئەو یەختەش بۆ ماوەی چوار رۆژ نیگەرانیی دروستکردووە، بۆئەو مەبەستەش پۆلیسی کەناراوەکانی ئیتاڵیا و تونس و رێکخراوە مرۆییەکان لە دیارنەمانی ئەو یەختە ئاگادارکراونەتەوە و پرۆسەی گەڕان بەدوای کۆچبەرەکاندا دەستیپێکردووە.