سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەبنەوە

11:27 - 2022-08-23
کوردستان
464 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

ئەندامێكی پەرلەمان رایگەیاند: بەر لە دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان لە سەرەتای مانگی داهاتوودا، كۆبوونەوەیەك لەنێوان سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا دەكرێت و چەند پرسێكی چارەنووسساز تاوتوێ دەكرێن.
لەوبارەیەوە، زكری ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەك ئامادەكارییەك بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان ‌و تەواوبوونی پشووی هاوینە، بڕیارە كۆبوونەوەیەك لە نێوان سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا بكرێت، وتیشی: جگە لەو پڕۆژەیاسایانەی ماوەیەكە لە لیژنە تایبەتەكانی پەرلەماندا گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت تاكو ئامادەبكرێن بۆ دەنگدان، ئەم خولەی پەرلەمان چەند ئەركێكی تری لەئەستۆدایە، لەوانە پرسی دەستووری هەرێمی كوردستان، یاسای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان، كە ئێستا بۆچوونی جیاوازیان لەسەرە و هەوڵەكانیش بەردەوامن تا لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەو بابەتانە بگەن بە ئەنجامێك، ئەمەش وادەكات پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزتر بێت، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا كە لە عیراق دەگوزەرێت، كورد زیاتر پێویستی بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستییە، تا بە هێزەوە بچێتە بەغدا و ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكەن.
هەر لەبارەی دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و كۆتایی پشووی هاوینەی پەرلەمان، رۆژان شەهید حەمەڕەش ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە ماوەی دوو مانگی پشووی هاوینەی پەرلەماندا، لیژنەكانی پەرلەمان بەردەوام دەبن لە كۆبوونەوە و چاودێریكردنی دامودەزگاكانی حكومەت، وتیشی: هەر لەو ماوەیەدا كار لەسەر ژمارەیەك پڕۆژەیاسا و پێشنیازەیاسا دەكرێت، تاكو راپۆرتەكان بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان لە سەرەتای مانگی 9دا، ئامادەبكرێت، راشیگەیاند: ئێستا ژمارەیەكی زۆر لەو پڕۆژەیاسا و پێشنیازەیاسایانە لە لیژنە تایبەتەكانی پەرلەمانە، كە لەلایەن فراكسیۆنە جیاوازەكانەوە پێشكەشكراون.

#پەرلەمانی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان