لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق لە بەغدا خێمەیان ھەڵدا و ئەنجومەنەکەش کارەکانی ھەڵپەسارد و رایگەیاند خۆپیشاندانەکە نایاسایی و نادەستوورییە.
ئەمڕۆ دەیان خۆپیشاندەری لایەنگری رەوتی سەدر چوونە بەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری و خێمەیان ھەڵدا و 5 داواکاریشیان خستەڕوو.
خۆپیشاندەران لایەنگری رەوتی سەدر داوای ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و دیاریکردنی گەورەترین کوتلە و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و دەرکردنی داواکاری گشتی لە ئەنجومەنی دادوەری و بە سیاسەت نەکردنی دادگا دەکەن.
لە بەرامبەردا ئەنجومەنی باڵای دادوەری سەرجەم کارەکانی ھەڵپەسارد و رایگەیاند، کارەکانی ئەو دادگایانەی سەر بە ئەنجومەنەکەن لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵی رادەگیرێت.
وتیشی، خۆپیشاندانەکە پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و بەرپرسیارێتی خۆپیشاندانەکەی خستە ئەستۆی حکومەت و بەرپرسیارێتی ھەڵپەساردنی کارەکانیشی خستە ئەستۆی لایەنگرانی ئەو ڵایەنانەی لە پشت ئاڵۆزییەکانەوەن.