كێشه‌ی گه‌و‌ره‌یان محەمەد سه‌ڵاحه‌

12:02 - 2025-08-13
وەرزش
29 جار خوێندراوەتەوە

هه‌وراز كاوه‌


ئارن سلۆتی راهێنەری یانەی لیڤەرپوڵ، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئامادەنەبوونی محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی یانەکەی لەکاتی بەشداریکردنی ئەودا لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا کە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەستپیدەکات، پلانی دووه‌می ئاشکرا کرد‌.
دوای وەرزێکی ریکۆرد شکێن لە تۆمارکردنی گۆڵدا بۆ تیپی رێدز، وا دیارە توانای هێرشبەریی یانە ئینگلیزییەکە، لە غیابی سەڵاحدا رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە دەبێتەوە، بەڵام سلۆت سوپرایزێکی ئاشکرا کرد کە رەنگە هاندەرانی لیڤەرپوڵ دڵنیا بکاتەوە كه‌ ده‌توانێت جێگره‌وه‌ی سه‌لاح ده‌ستنیشان بكات. لیڤەرپوڵ ئامانجی پارێزگارییکردنە لە  نازناوی پالەوان بۆ وەرزی 2025-2026،، تیپەکەش بە چەند گرێبەستێکی بەهێز ریزەکانی بەهێزتر کراوە، تا ئه‌مساڵ بتوانن ته‌واوی نازناوه‌كان ببه‌نه‌وه‌.
دوای گرێبەست لەگەڵ فلۆریان ویرتز، کە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووه‌، یانەکە هێنانی هەریەک لە هوگۆ ئێکیتیکە و میلۆس کێرکێس و جیرمی فریمپۆنگ و فرێدی ودمان-یشی راگەیاند، سلۆت هیوادارە گرێبەستی ئەلێکساندەر ئیساکیش تەواو بکات، دوای ئەوەی نیوکاسڵ داوای 110 ملیۆن پاوەندی یانە سوورەکه‌ی رەتکردەوە.
لیڤەرپوڵ چەند پێگەیەکی لە پێکهاتەکەیدا بەهێزتر کردووه‌، بۆ ئەوەی چانسی رکابەرییکردنیان بۆ نازناوەکان زیاتر بێت، بەڵام باڵی راستی ‌هێرشبەریی تاکە باڵ بوو، کە پێویستی بە هیچ چاککردنێک نەبوو، ئەمەش بەهۆی ئاستە ناوازەكه‌ی محەمەد سەڵاحەوە، ئەستێرە میسرییەکە ماوەی هەشت ساڵە بەرگریكارانی پرێمەرلیگ ماندوو دەکات، دوای وەرزێکی دیکەی ریکۆرد شکێن، پێدەچێت سەڵاح هێشتا لە لووتکەی یاریكردندابێت و هیچ نیشانەیەکی خاوبوونەوەی پێوە دیار نییە، سەڵاح لە وەرزی یەکەمی سلۆتدا، ژمارەیەکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد و لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 34 گۆڵ و 23  ئەسیستیشی تۆمارکرد. هەموو کاتێک لیڤەرپوڵ لە ساتە گرنگەکاندا پێویستی بە سەڵاح دەبێت بۆ ئەوەی لە کێبڕکێی نازناوەکاندا بمێنێتەوە، بەڵام کێشەکە ئامادەنەبوونی ئەو دەبێت لە کاتی بەشدارییکردنی میسر لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقادا، لە کۆتاییەکانی مانگی کانونی دووەمدا، بۆیه‌ سلۆت لە ئێستاوە دەستیکردووە بە پلاندانان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم ئامادەنەبوونەی سەڵاح، ئاشکراشیکردووە گرێبەست لەگەڵ جیرمی فریمپۆنگ دەکرێت ببێتە چارەسەر، چونکە یاریزانە هۆڵەندییەكه‌ دەتوانێت لە کاتی ئامادە نەبوونی سەڵاحدا، لە باڵی راستدا یاریی بکات.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، پێش یارییەکەی کریستاڵ پاڵاس، سلۆت وتی:  بێگومان بیرمان لە ئامادەنەبوونی سەڵاح کردۆته‌وه‌، کاتێک بەشداریی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا دەکات، بۆیه‌ بەشێک لە هۆکاری گرێبەستکردن لەگەڵ جیرمی فریمپۆنگ توانای یاریکردنی بووە لە باڵی راستدا.
 لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە سەڵاح کرد و وتی: ناوبراو بۆ شەش یاری له‌گه‌ڵمان نابێت، ئەمەش لە پریمەرلیگدا زۆرە، به‌و هۆیه‌وه‌ جێرمی دەتوانێت لەوێ یاریی بکات، بەڵام ئەو تاکە بژاردە نییە.
فریمپۆنگ، لە یانەی بایەر لیڤەرکوزنەوە پەیوەندیی بە لیڤەرپوڵەوە کردووە، وەک بژاردەیەکی بەرگریکاری راست و بۆ رکابەرییکردنی کۆنر برادلی، بەڵام ئەزموونی یاریکردنی وەک یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی هێرشبەریشی هەیە، کە سلۆت بیر لەوە دەکاتەوە لە کاتی ئامادەنەبوونی سەڵاحدا له‌وێدا یاری پێبكات.
جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، كۆتایی کانونی دووەمی ساڵی ئایندە 2026 دەستپێدەکات، واتە لیڤەرپوڵ نزیکەی مانگێک بەبێ سەڵاح یاری ده‌كات، ئەگەر میسر بگاتە یاری کۆتایی، سەڵاح رەنگە لە شەش یاری پریمەرلیگ و هەروەها لە قۆناغی یەکەمی جامی یەکێتیی ئینگلیزیشدا بەشداریی نەکات، لەنێو ئەو یارییانەی خولەکەدا کە رەنگە بەشداریی نەکات، یارییه‌كانی لیڤەرە بەرامبەر  تۆتنهام و وڵڤەرهامپتۆن و لیدز یونایتد و فۆڵهام و ئارسناڵ و بێرنلی.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان