ئەیاز هەركی
كارەسات و كۆمەڵكوژیی دانیشتووانی گوندی (كۆچۆ) کە لە رۆژی 15ی ئابی ساڵی 2014 روویدا، یەكێكە لە تاوانە قێزەونەكانی تیرۆرستانی داعش دژی كوردانی ئێزدی، دوای چەند رۆژێك لە گەمارۆدانی گوندەكە، بەشێوەیەكی دڕندانە كۆمەڵكوژكران.
كارەساتی گوندی كۆچۆ، یەكێكە لە تراژیدیترین تاوان لە مێژووی هاوچەرخی كوردستان و كوردانی ئێزدی. ئەم جێنۆسایدە هاوشێوەی كارەساتی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە بوو لە ساڵی 1988، هەروەها پەڵەیەكی تری رەشە بەنێوچاوانی داگیركەرانی كوردستان و لاپەڕەیەكی ترە لە مێژوویی پڕ لە نەهامەتییەكانی گەلەكەمان و هەمیشە وەك بەڵگەیەكی زیندوو دەبێت لەسەر زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەی گەلی كورد بەتایبەتی كوردانی ئێزدی، کە بۆ هەمیشەی لە یادەوەرییەكانیاندا دەمێنێتەوە.
شێوازی ئەنجامدانی تاوانەكە، بریتی بوو لە كۆكردنەوەی دانیشتوانی گوندەكە لە قوتابخانەكەدا، پیاوەكانیان لە تەمەنی 18 ساڵ بۆ سەرەوە جیاكردەوە و منداڵان و ژنانیش بەجیا گواستیاننەوە بۆ شوێنەكانی تر. پیاوەكانیان گوللە باران كرد و لە چەند گۆڕێكی بە كۆمەڵدا پێكەوە نێژران. كە ژمارەیەكی كەمیان بە برینداری خۆیان رزگار كردووە، وەك دەڵێن، زیاتر لە 80 ژنی بەساڵاچووی ئەو گوندە، لە گوندی (سولاغ) لە حەوزێكی ماسیدا كۆمەڵكوژكران.
ئابلوقەدانی دانیشتوانی گوندەكە بۆ ماوەی 12 رۆژ بەردەوام بوو، ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری بۆ خەڵكی گوندی كۆچۆ دروستكردبوو. كە نزیكەی 1300 كەس بوون، لەو ماوەیەدا بەردەوام لەژێر فشاری دەروونیی تونددا بوون و چاوەڕێی چارەنووسێكی نادیاربوون. دوای ئەو هەموو چاوەڕوانی و گەمارۆیە، بەڵام هیچكام لە هێزە عیراقییەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش هیج هەوڵێكیان نەدا بۆ شكاندنی گەمارۆی گوندی كۆچۆ و رزگاركردنی ئەو خەڵكە. كە سەرەنجام لە رۆژی 15/8/2014 جێنوسایدکردنی گوندی كۆچۆ جێبەجێكرا. بەگشتی 514 كەس لە گوندی كۆچۆ شەهیدكران.
لەوبارەیەوە مەحمود شنگالی چالاكوانی مەدەنی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە ماوەی رابردوودا 274 رووفاتی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی گوندی (كۆچۆ) لە فەرمانگەی پزیشكی دادوەریی بەغدا بە (دی ئێن ئەی) یەكلاكراونەتەوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ كەسوكارەكانیان. هاوكات لە رۆژی 12ی ئابی 2025دا 22 رووفاتی دیكەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كۆچۆ لە رێگای فڕۆكەخانەی موسڵ لە بەغداوە گەڕێندرانەوە بۆ (مۆنۆمێنتی) جێنۆسایدی ئێزدییەكان لە گوندی سولاغ. ژمارەی گشتی رووفاتەكانی كۆچۆ 296 كەسن و هێشتا زۆر کەس چاوەڕێی رووفاتەكانیانن.
ئابلوقەدانی دانیشتوانی گوندەكە بۆ ماوەی 12 رۆژ بەردەوام بوو، ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری بۆ خەڵكی گوندی كۆچۆ دروستكردبوو، كە نزیكەی 1300 كەس بوون، لەو ماوەیەدا بەردەوام لەژێر فشاری دەروونی تونددا بوون
رەئفەت سەعید، یەكێكە لە رزگاربووانی كۆمەڵكوژییەكەی گوندی كۆچۆ لە شنگال، بۆ كوردستانی نوێ وتی: رۆژی 15ی ئابی 2014، من لەگەڵ هەشت كەسی دیكەی خەڵكی گوندەكەمان دوای گوللە بارانكردنمان لە گۆڕێكی بەكۆمەڵی سنووری گوندی كۆچۆ بە برینداری خۆمان رزگاركرد. بەداخەوە دوای ئەو هەموو كارەساتە گەورەیەی كە بەسەرماندا هات، هێشتا گوندەكەمان وێرانەیە و ئاوەدان نەكراوەتەوە و خەڵكەكەشی هێشتا ئاوارەن.
وتیشی: تائێستا ئێمە قەرەبوو نەكراوینەتەوە لەلایەن حكومەتەكانی ناوەندی و هەرێمی كوردستان و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتیی بۆ مافەكانی مرۆڤ. هەرچەندە هەندێكیان بە پارە و واستە قەرەبوو كراونەتەوە. داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین گوندەكەمان ئاوەدان بكەنەوە و قەرەبووی دانیشتووانی گوندی كۆچۆ بكرێتەوە.
بێگومان كارەساتەكە زۆر لەوە گەورەترە كە ئێمە باسی دەكەین، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە ئەو تاوانە بەمەبەستی سڕینەوەی ناسنامەی كوردانی ئێزدی و لاوازاكردنی پێگەی جەماوەریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەڤەری شنگال بە ئەنقەست ئەنجامدراوە، چونكە 75 %ی دانیشتووانی گوندی (كۆچۆ) لایەنگر و ئەندامانی رێكخستنی یەكێتی بوون و زۆرێك لە خەڵكەكەی لە ناو پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و ئۆرگانی حزبی و كۆمەڵایەتیدا لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا کاریان دەکرد. بەتایبەتی پیاوماقولانی گەورەی گوندەكەیان و لەگەڵ لێپرسراوی كۆمیتەی كۆچۆ، زۆربەیان لە رێكخستنەكانی یەكێتی بوون و شەهید و بێسەر و شوێن كران.
گوندی كۆچۆ دوا گوندی ئیزدییەكانە لە دووری 20 كیلۆمەتر لە قەزای شنگال، لە رووی ئیدارییەوە دەكەوێتە نێو سنووری قەزای بەعاج لە پارێزگای نەینەوا، دراوسێی گوندەكانی دەورووبەری گوندی كۆچۆ عەرەب نشین بوون، دەرفەتی رزگاربوونیان نەبوو، بۆیە لە رێگەی عەرەبی ناوچەكەوە بە گفتوگۆ خۆیان رادەستكرد و دواتر ناپاكییان لەگەڵدا كرا.