باهۆز ئاسۆ
ئەلاسکا گەورەترین ویلایەتی ئەمریکایە، بەڵام یەکێکە لەو ویلایەتانەی ژمارەیەکی کەمی دانیشتوانی هەیە. ئەم ویلایەتە دەکەوێتە باکووری خۆرئاوای ئەمریکای باکوور، لەلایەن کەنەداوە لە تەواوی ویلایەتەکانی دیکەی ئەمریکا جیاکراوەتەوە. ئەلاسکا بە سروشتی جوان و کەشوهەوای سارد و گیانلەبەرە کێوییە ناوازەکانی ناسراوە، لە رووداوێکی گەورەی مێژووییشدا، بڕیارە سبەینێ (هەینی) دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا، سەرکردەکانی هەردوو جەمسەرەکەی جیهان کۆبکاتەوە، کە پێشبینی دەکرێت لاپەڕەیەکی نوێی بەرقەراربوونی ئاشتی هەڵبدەنەوە، لە حاڵەتی شکستیشدا، ئەلاسکا زیان ناکات، بەڵام جیهان لە نائارامیدا بەردەوام دەبێت.
مێژووی ئەلاسکا
زۆر پێش ئەوکاتەی ئەلاسکا ببێتە بەشێک لە ئەمریکا، بۆ هەزاران ساڵ شوێنی نیشتەجێبوونی گەلانی رەسەن بووە، ئەو گروپانە پەرەیان بە کەلتور و زمان و نەریتی ناوازە دەدا، هەروەها لە وشکانی و دەریادا دەژیان.
لە ساڵانی 1700دا گەڕیدە روسەکان گەیشتنە ئەلاسکا، ئەوان زیاتر حەزیان لە راوکردنی ئاژەڵەکانی وەکو سەگە دەریاییەکان بووە، بەهۆی فەروە بەنرخەکانیانەوە، هەروەها نیشتەجێبوونی روسەکان بەدرێژایی کەناراوەکانی ئەلاسکا وایکرد ببێت بە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی روسیای ئەوکات.
بوونی روسیا لەو ناوچەیە لەلایەن خودی روسەکانەوە هەرگیز بەگرنگییەوە تەماشا نەدەکرا لە رابردوودا، چونکە لەوکاتەدا ئەلاسکا بەهۆی نەبوونی هۆکاری گواستنەوەی باش، دوور بووە و زستانیشی زۆر سەخت بووە.
لە ناوەڕاستی ساڵانی 1800دا، روسیا پێیوابوو ئەلاسکا تێچووی زۆری دەوێت و ناتوانێت بیهێڵێتەوە. هەروەها ترسیان لەوە هەبوو لە شەڕێکدا لەدەستی بدەن بەرامبەر بە بەریتانیا، کە کەنەدای کۆنترۆڵ کردبوو، لە ساڵی 1867دا ئەمریکا بە بڕی 7.2 ملیۆن دۆلار ئەلاسکای لە روسیا کڕی، ئەوەش لە مێژوودا بە کڕینی ئەلاسکا ناسراوە، لەوکاتەدا هەندێک لە ئەمریکییەکان پێیانوابوو بەفیڕۆدانی پارەیە و ناویان لێنابوو «گەمژەیی سیوارد»، بەناوی ویلیام ئێچ سیوارد وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ئەمریکا، کە گرێبەستەکەی ئیمزاکردبوو.
بە تێپەڕبوونی کات خەڵک سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی ئەلاسکایان دۆزییەوە، لەوانە زێڕ و نەوت و ماسی، دەرکەوت کە کڕینەکە وەبەرهێنانێکی زۆر زیرەکانە بووە بۆ ئەمریکا. ئەلاسکا لە ساڵی 1959دا بووە 49یەمین ویلایەتی وڵاتەکە.
جوگرافیا و قەبارە
ئەلاسکا زەبەلاحە و رووبەرەکەی زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت، کە لە هەموو ویلایەتەکانی دیکەی ئەمریکا گەورەترە، ئەگەر ئەلاسکا وڵاتێک بووایە، ئەوا لە ریزی 20 گەورەترین وڵاتی جیهاندا دەبوو، ئەو ویلایەتە شاخ و دارستان و سەهۆڵبەندان و رووبار و کەنار دەریا درێژەکانی بەدرێژایی زەریای هێمن و زەریای بەستەڵەکی باکوور هەیە. دێنالی کە بەرزترین شاخی ئەمریکای باکوورە، دەکەوێتە ئەو ویلایەتەوە.
کەشوهەوا و وەرزەکان
کەشوهەوای ئەلاسکا بەندە بەو شوێنەی لێی دەژیت، لە باشوور زستانی زۆر سارد نییە و هاوینیشی فێنکترە، لە باکوور زستانێکی زۆر سارد و هاوینێکی کورتی هەیە، لە هەندێک شوێنی نزیک بازنەی جەمسەری باکوور، خۆر بۆ چەندین رۆژ لە هاویندا ئاوا نابێت، ئەوەش پێیدەوترێت «خۆری نیوەشەو»، لە زستاندا پێچەوانە روودەدات، رۆژانێکی زۆر هەن تیشکی خۆریان تێدا دەرناکەوێت.
ئەلاسکا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا، سەرکردەی هەردوو جەمسەرەکەی جیهان کۆدەکاتەوە و پێشبینیش دەکرێت لاپەڕەیەکی نوێی بەرقەراربوونی ئاشتی هەڵبدەنەوە
گیانلەبەرە کێوییەکان
ئەلاسکا شوێنی زۆرێک لە ئاژەڵەکانی وەک ورچ و گورگ و هەڵۆی سەرسپی و ئاوی کەنار دەریاکان شوێنی ژیانی نەهەنگ و سەگە دەریاییەکانە. زۆر کەس سەردانی ئەلاسکا دەکەن بۆ بینینی ئەو ئاژەڵانە لە ژینگەی سروشتیی خۆیاندا و راوکردن و ماسیگرتنیش بە چالاکییەکی گرنگی ناوچەکە دادەنریت هەم بۆ خەڵک و هەم بۆ گەشتیاران.
مرۆڤ و رۆشنبیری
ژمارەی دانیشتوانی ئەلاسکا کەمە، نزیکەی 730,000 کەسە و زۆربەیان لە شاری ئەنکۆرەیج دەژین، هەندێکی دیکەشیان بەسەر شارۆچکە و گوندە بچووکەکاندا بڵاوبوونەتەوە. گەلانی رەسەنی ئەلاسکا-ش بۆ هەزاران ساڵە لە ویلایەتەکەدا دەژین، لەنێویاندا گروپەکانی وەک ئینوپیات، یوپ یک، ئەلیوت و تلینگیت، کە ئەوانە زمان و نەریت و شێوازی ژیانی خۆیان هەیە.
ئابووری
ئابووریی ئەلاسکا لەسەر بنەمای سەرچاوە سروشتییەکان دامەزراوە، نەوت و گاز زۆر گرنگن، بەتایبەتی لە ناوچەی نۆرس سلۆپ، ماسیگرتن یەکێکی ترە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی ئابووری و سەلەمون و قرژاڵ و خواردنە دەریاییەکانی دیکە دەنێرێت بۆ جیهان، هەروەها گەشتیاری-یش بە شێوەیەکی باش پارە دەباتە ویلایەتەکەوە، گەشتیاران دەچن بۆ بینینی دیمەنە سروشتییەکان و گیانلەبەرە کێوییەکان و شەبەنگی باکوور.
ئاڵنگارییەکان
ژیان لە ئەلاسکا دەشێت قورس بێت، چونکە زستانی ئەو ناوچەیە درێژ و تاریکە، گەشتکردن-یش لەلایەکی دیکەوە دەشێت قورس بێت لەنێوان شارۆچکەکاندا، تێچووی ژیانیش بەرزە، چونکە دەبێت زۆرێک لە کاڵاکان بە کەشتی بنێردرێتە ناوەوەی ویلایەتەکە، هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر ویلایەتەکە هەیە و دەبێتەهۆی توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان و گۆڕینی ژینگەی ئاژەڵان و مرۆڤەکان.
ئەنجام
ئەلاسکا شوێنێکی جوانی سەرسوڕهێنەری هەیە، لە هاوینی خۆرگیرانەوە تا رۆژە بەستووەکانی زستان، لە شارە رەنگینەکانەوە تا بیابانی دوور، خاکێکە هێشتا رەنگ و رووی سروشت تێیدا بەهێزە و مرۆڤەکان لە نزیکەوە لەگەڵ ژینگەدا دەژین، زۆر کەس پێیوایە ئەلاسکا تەنها ویلایەت نییە، بەڵکو هێمای تێڕامان و سەرسوڕمانە لە سروشتە جوانەکەی.
پوتین و ترەمپ، کێشەی ئۆکرانیا چارەسەر دەکەن؟