گرنگیی دەستپێکردنەوەی کار لە بەنداوی باسەڕە

02:00 - 2025-08-14
ڕاپۆرت
89 جار خوێندراوەتەوە

کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد

رۆژی نۆی ئەم مانگە، شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاویی لە پارێزگای سلێمانی سێ پرۆژە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بریتین لە: بەنداوی زەلان لە شارباژێڕ، پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە بۆ چەمچەماڵ و هێڵی سێی ئاوی دوکان – سلێمانی.
  ئەمە جێی دڵخۆشی بوو، لەبەرئەوەی بۆ ماوەی 50 ساڵ کێشەی کەمئاویی لە سلێمانی، شارباژێڕ و چەمچەماڵ چارەسەر دەکات، هەروەها لە لێدوانەکەدا هاتبوو: پێویستە دەستبکرێتەوە بە کارکردن لە بەنداوی باسەڕە، لەبەرئەوەی بە تەواوکردنی ئەم بەنداوە قەزاکانی: بازیان، قەرەداغ، ناحیەی سەنگاو، سەدان گوند و بەشێکی زۆری ناوچەی گەرمیان رزگاریان دەبێت لە کێشەی کەمئاویی کە ئێستا بەدەستییەوە دەناڵێنن، جگە لە چەندین سوودی ستراتیژی کە بە تەواوبوونی بەنداوی باسەڕە دێتەدی وەك: بوژانەوەی ئاوی ژێرزەوی ناوچەکە، لە رووی کەشوهەواوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رادەی شێ، سوود وەرگرتنی کارگەکانی سنوورەکە لە ئاوی پرۆژەکە کە ژمارەیەكی زۆر کارگەی زەبەلاح و پرۆژەی پیشەسازی لێوە نزیکە و زیاد لە %30 پیشەسازی هەموو عیراق لە بازیانە، ئەم کارگانە دەیان بیری ئیرتیوازییان هەڵکەندووە و بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە دەتوانن سوود لە ئاوەکەی وەربگرن و چیتر پێویستیان بە هەڵکەندنی بیر نەبێت کە مەترسییە بۆ ئاوی ژێرزەوی بازیان، کشتوکاڵی ناوچەی گەرمیان دەبوژێنێتەوە کە بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرەو نەمانچووە، دەتوانرێت بڕێکی باش کارەبای لێ بەرهەم بهێنرێت، هەروەها دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی و سەدان هەلی کار دەڕەخسێنێت، ژینگەی ناوچەکە پاك رادەگرێت و دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت بۆ مەبەستی پەرەپێدانی سامانی ماسی.
بەنداوی باسەڕە دەکەوێتە ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیژی لە باشووری خۆرئاوای شاری سلێمانی لەنێوان هەرسێ قەزای: بازیان، چەمچەماڵ و قەرەداغ، چەمی باسەڕەی بەناودا دەڕوات کە لە وەرزی باران باریندا ئاوێکی زۆری هەیە و دەبێتە چەمێکی گەورە، بەڵام لە وەرزی هاویندا ئاوەکەی تەواو کەم دەکات و بەشێکی زۆری ئاوەکەی بە فیڕۆ دەڕوات.
لە ناوەڕاستی ساڵی 2000دا لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاردرا بە دروستکردنی بەنداوی باسەڕە وەك پرۆژەیەکی گرنگی پارێزگای سلێمانی، جۆری بەنداوەکە بەردەڵانییە، بەرزی(46،5) مەترە و توانای گلدانەوەی شەش ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، ساڵی 2013 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداو و کۆگاکانی وەزارەتی کشتوکاڵەوە بەردی بناغەی دانرا و کارکردن دەستیپێکرد و بڕیاربوو بە ماوەی پێنج ساڵ تەواو بکرێت.
ساڵی 2021 کارکردن لە پرۆژەی بەنداوی باسەڕە وەستا کە تا ئەوکاتە تەنها %2ی تەواوکرابوو بە بیانووی قەیرانی دارایی، هەربۆیە زۆر پێویستە لەم کاتەدا کە کێشەی ئاو بووەتە کێشەی هەموو هاووڵاتییەک دەستبکرێتەوە بە کارکردن لەم پرۆژە گرنگەدا، بە بڕیارێک و دابینکردنی بودجە کە تەنها نزیکەی 60 ملیۆن دۆلاری پێویستە، دەتوانرێت راستەوخۆ دەستبکرێتەوە بە کارکردن لە پرۆژەی دروستکردنی بەنداوی باسەڕەدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان