كاریگەريی هەڵوێستی رۆشنبیران لەسەر ژیانیان

02:08 - 2025-08-14
ئەدەب و هونەر
4 جار خوێندراوەتەوە

(2-2)

دەستەواژەی «رۆشنبیرانی شەهید» لەم نووسینەدا، بە مەبەستی ئاماژەدان بە نووسەران، شاعیران، بیرمەندان، هونەرمەندان، یــــــان ئەکادیمییەکــــان بەکارهاتووە، کە لە پێناو بیرۆکە و هەڵوێستەکانیاندا، یان بەهۆی داکۆکی کردنیان لـــــە ئازادیی، دادپەروەریی، مافەکانی مرۆڤ، یان بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی و دیکتاتۆرییەت، ژیانی خۆیان بەختکردووە. ئەوان نوێنەرایەتی هێماکانی خـــەباتی فیکریی دەکـــەن، هێــزی وشــە لەبەرامبەر توندوتیژییـــدا نیشـــــان دەدەن، ئیلهامبەخشن بـــــۆ نەوەکانی داهاتوو، بۆ بەردەوامبوون لەسەر رێگای ئازادیی و رۆشنگەریی. ئەوان ئەو جوامێرانەن کە بیر و کردار، قەڵەم و هەڵوێستیان تێکەڵ کردووە و بە هۆی ئازادانە دەربڕینی بۆچوونەکانیان، رەتکردنەوەی دەسەڵاتە ستــەمکارەکان و بەرگرییـکردن لــــە دۆزی گەلەکەمان شەهید كراون، یان بەشێك لە شاعیران و هونەرمەندان و بیرمەنــدان (دوورخراونەتــــەوە - نەفـــی كراون) و رووبەڕووی ئەشكەنجــە و زیندان كراونەتەوە و ژیانیان پڕبووە لە مەترسیی، ئەوانیش دەكرێت وەكو شەهیدێكی زیندوو ناویان بێت. هەربۆیە لێرەدا وەكو رێزلێنانێك لە شەهیدەكان و شەهیدە زیندووەكان، بەشێكیان بەسەردەكەینەوە و رێزیان لێ دەنێین.

13- دیلان محەممەد ساڵح، ناسراو بە(دیلان)
(شاعیر، گۆرانیبێژ، مەقامزان و شەهیدێکی زیندووی نیشتمانپەروەر) بوو، کە بە شێوەیەکی نوێ و شۆڕشگێڕانە، ژیانی خۆی بەخشیبوو بە خەباتی ئەدەبی و سیاسی. دیلانی شاعیر ساڵی  1927  لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایكبووە، باوکی (مەلا ئەحمەدی دیلان)، شاعیر و مەقامزانیکی شارەزا بووە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر (دیلان) هەبووە، لە ساڵانی 1948–1966، نۆ جار زیندانی کرا و تووشی ئەشکەنجە و دوورخستنەوە هات، بەهۆی چالاکیی سیاسی و هەستی نیشتمانپەروەرییەوە. دیلان لە تەمەنی 21 ساڵییەوە دەستی بە شیعر نووسین كرد و دیوانی شیعرەکانی بە ناوی «دیوانی دیلان» لە ساڵی 1987 چاپ کراوە، شیعرەکانی لێوانن لە جوانی سروشت و خۆشەویستی ژن و نیشتمان، بە شێوازی ریالیزمی نوێ و رەنگین، بەکارهێنانی هێما و فەلسەفەی قووڵ، بێجگە لە شیعر، دیلان دەنگخۆشێکی کەم هاوتا و مەقامزانێکی شارەزا بوو، هەندێ لە گۆرانییە نەمرەکانی وەک «مامە کوڕنوو»، «ئەی نازەنین» و «شێخ مەحموودی زیندوو»، بە شێوەیەکی تایبەتیش سروودی «نەورۆز»ی پیرەمێردی بە دەنگێکی ناوازە وتووە، ئەو بۆ یەکەمجار سروودی «نەورۆز»ی لە ساڵی 1948دا خوێندووە. بەداخەوە ئەم داهێنەرە فرەبەهرەیە، رۆژی   28ی تشرینی یەکەمی 1990، لە تەمەنی 63 ساڵیدا لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاكسپێردرا.

14- عەبدولخالق مەعروف ساڵح
رۆژی 1ی كانوونی دووەمی 1935 لە شاری هەولێر لەدایكبووە، خوێندنی لە زانكۆی ئەزهەر لە قاهیرە تەواو كردووە، شارەزایی لە بواری ئەلیكترۆنیك و فیزیادا هەبووە، هەروەها  یەکێکە لە نووسەران، رووناکبیرانی خاوەن هەڵوێست، پێشمەرگەیەکی نیشتمانپەروەر بووە، بەهۆی خەباتە فیکر و سیاسییەکانییەوە. «تەکنیکار» یەكەمین  بەرهەمی چاپكراوی ئەم نووسەرەیە، كە لە ساڵی 1980دا بڵاویکردۆتەوە. کتێبی «ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا»، کتێبێکی دیکەیەتی کە لە دیدگایەکی رووناکبیریی و کۆمەڵناسییەوە باسی ژن بە تایبەتی و مرۆڤی کورد بە گشتی دەکات. بەرھەمەکانی تری لە بواری زانستی فیزیا و ترانزستۆردایە، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی. پێویستە لەیادیشمان بێت کە عەبدولخالق مەعروف دامەزرێنەری دەزگای رادیۆی «دەنگی گەلی کوردستان»ە بۆ پەخشکردنی پەیامەکانی شۆڕش، لە کاتی خۆیدا. مەخابن کە لە رۆژی 10ی نیسانی 1985 لە شاری هەولێر، شەهیدكرا.

کتێبی «ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا»، کتێبێکی دیکەی عەبدولخالق مەعروف-ە کە لە دیدگایەکی رووناکبیریی و کۆمەڵناسییەوە باسی ژن بە تایبەتی و مرۆڤی کورد بە گشتی دەکات. بەرھەمەکانی تری لە بواری زانستی فیزیا و ترانزستۆردایە، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی. 
پێویستە لەیادیشمان بێت کە دامەزرێنەری دەزگای رادیۆی «دەنگی گەلی کوردستان»ە بۆ پەخشکردنی پەیامەکانی شۆڕش لە کاتی خۆیدا

15. مەلا ئەحمەد شەڵماشی،
ناسراو بە(مەلا ئاوارە)
شەھیدی رێگای ئازادیی کوردستان (مەلا ئاوارە)، کوڕی مەلا محەممەد ئەمینی ھەمەوەندە کە شۆڕشگێڕێکی کوردە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حزبی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن پیاوانی رژیمی محەممەد رەزا پەھلەوییەوە گولەبارانکراوە. مەلا ئەحمەد شەڵماشی، ساڵی 1934 لە شڵماش- سەردەشت، لەدایکبووە و رۆژی 2ی ئەیلولی 1968 لەلایەن ساواکی ئێرانەوە گوللەباران کراوە. خاوەن ھەستی نەتەوایەتی و خەڵک دۆستیی بووە،  بەمجۆرە چۆتە ناو حزبی دیموکراتی کوردستانەوە و ساڵی 1343ی ھەتاوی لەگەڵ چەند ئەندامێکی کارای حزبەکەدا گەڕاوەتەوە بۆ رۆژھەڵات و لە ناوچەی موکریان، لەگەڵ دوو هاوڕێی پێشمەرگەی، بەر لە گوللەباران کردنیان، مەلا ئاوارە وتوویەتی: «بە کوشتنی من خەباتی رزگاریخوازی نیشتمانپەروەرانی کورد دوایی نایەت».
 مەلا ئەحمەد، لە زەمانی فەقێیەتییەوە ھۆگری شیعر بووە و دەستی کردووە بە شیعرنووسین، کاتێک کە پێشمەرگەش بووە هەر ھەڵبەستی ھۆنیوەتەوە و خاوەنی دیوانێکی بەجێماوە لە دوای خۆی.

16شەهید بەرزان عوسمان
ساڵی 1957لە سلێمانی هاتۆتە دنیاوە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە و ساڵەکانی -1974 1977 بووە بە خوێندکار لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغداد.  ساڵی 1977پەیوەندیی بە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە کردووە. 1979-1980 خــوێندنـــی پــــەیمانگـــەی تەواوکردووە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە پێنجوێن و کارێزە مامۆستا بووە. ساڵی 1982 پەیوەندیی کردووە بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە. لە رێکەوتی  18/11/1982 لە کاریزەی شارباژێڕی سەربە شاری سلێمانی شەهیدکراو،  ساڵی 1984 لەدوای شەهیدبوونی، عوسمان شەیدای هاوڕێی شیعرەکانی کۆکردەوە و لەدوو توێی نامیلكەیەكدا بەناوی (دایە شیعر قەدەغەیە)، وەك زنجیرەی بڵاوكراوەكانی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان، چاپ و بڵاوکرایەوە، دواتريش نووسەر و رۆژنامەنووسی دۆكیۆمێنتار (د.نەوزاد عەلی ئەحمەد)، شیعرەكانی (شەهید بەرزان)ی بەهەمان ناونیشانەوە ئامادە كرد و بەچاپی گەیاندەوە،  یەكێك لە شیعرە هەرە بەناوبانگەکانی ئەم دیوانە  کە وەک گۆرانیی، بەدەنگی محەمەد عەباس بارام گوێمان لێی بووە، ئەم شیعرە جوانەیە:
 پرچی زەردت وەک زنجیرێک
لە دەست و قاچم ئاڵاوە
نیگای چاوت وەکو تیرێک
ئاوێنەی رووتی پێکاوە
ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش
دڵی منە کڵپەی یاوە
ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش
دڵی منە وا سوتاوە

17. ئەبوبەکر حسێن ئەحمەد ناسراو بە
(شــــــەهید بەكری خەتات)
 ساڵی 1961 لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی حاجی حان لەدایکبووە، ساڵی 1979 کاتێک لە ئامادەیی پیشەسازی دەبێت، دەچێتە شانە نهێنییەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانەوە و یەکێکیش دەبێت لە بەهرەمەندە خۆشنووسەکان، تەنانەت لە چاپخانەی شەهید ئیبرایم عەزۆ، هەندێک مانشێت و جواننووسییەکانی گۆڤارەکانی کۆمەڵە، الشرارة و رێبازی نوێ، بە دەستوخەتی شەهید بەکر نووسراون، کە ئەوکات بە رۆنیۆ چاپ دەکران. ساڵی 1980 پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەکات لە هەرێمی چوار،  کە ئەوکات شەهید (جەمالی عەلی باپیر) فەرماندەی هەرێمەکە بووە، وەک پێشمەرگەیەکی پارتیزان بەشدار بووە لە چالاکی و جموجووڵەکانی هەرێمی چوار، پاش ماوەیەکیش دەچێتە مەکتەبی عەسکەری و پاشان دەچێتە تیپی 47ی پیرەمەگرون لە کەرتی یەکی شەهید سەڵاحی موهەندیس. هەروەها بەهــــۆی بەهرەمــــەندی و خۆشنووسییەکەیەوە، رادەسپێـــردرێت وەک مامۆســـتا لە قوتابخانەی مالومــە، وانە بە منداڵانی گوندەکان بڵێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو بەهرەیەی هەیەتی فێری منداڵانی بکات.
 لە کۆتایی ساڵی 1986 دا بۆ چالاکییەکی حزبی روو لەشاری بەغداد دەکات، کە بۆ تۆڵەی شەهید بەهاددین رێکخراوە، پاش ئەنجامدانی چالاکییەکە دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی،  بەڵام ئەفسوس لەلایەن دەزگاکانی بەعسەوە دەستگیر دەکرێت و لە  3/1/1988دا لە سێدارە دەدرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان