وەک ژنێکی مەست

02:39 - 2025-08-14
ئەدەب و هونەر
11 جار خوێندراوەتەوە


ئەستێرەیەک
شەونوخونی بۆ سۆز دەکرد،
 لە رێگەدابوو
 تا خۆشەویستیی جێی نەهێڵێت
بەزمانی سۆزەوە دوا و منیش
هەر وەک تریفەی
بەر ئاوێنە شکاوەکانی کچێک
 خەیاڵ دەمبات.
وەک ئەوەی کەسێک
 لەوێ چاوەڕێم بێت
پێدەچێت ژووان
لەنێو ئەم خەیاڵەدا
عەوداڵی عیشق بێت،
عیشق بەڕەچەڵەک
دەچێتەوە ناو خەیاڵەکانی
شاعیربوون
دڵم چەند جوان فێری نزابووە
لەنێو مەملەکەتی عیشقدا
 نیگا سەری هەڵدەگرێت و
 باران تۆرانی وەرزەکانە،
ئەم هەموو نیگا
 پڕ لەتەنگاییەی خۆر، چییە؟
 مانگ گلەیی لە شەو کرد
راسپاردەیەکی پڕ لە موحیبەت
 بەدەم ورتە ورتی خۆیەوە دەڵێت.
وەک ژنێکی مەست دەمەوێ
 لەنێو پێکی نیگاکانتا سەما بکەم
  ئەی خۆر... 
پێدەچێت سەماکردن لەنێو خەیاڵدا
ژن بوونم پڕبکات لەعاتیفە،
 عاتیفە شەکەتی کردوە
تەنها زەوی قەراری لەگەڵ دەگرێت،
 بۆیە بە هێمنی لەسەر پشتی درەختێک 
 بە حەزێکی وێڵەوە دەڵێم:
لەوێم وەک ئەوەی رۆژگارێک
تۆ لەوێ بوویت،
دەزانم کە نازانی
من لەنێو چ خەیاڵێکدا بۆت دەگەڕێم
دەزانم... نازانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان