کورتیلە چیرۆکی تەنزئامێزی روسی

02:42 - 2025-08-14
ئەدەب و هونەر
12 جار خوێندراوەتەوە

تاتیانا ئەلێکسیڤا 
و / بەندی عەلی

لە کۆتاییـــدا، گەیشتم بە پیاوی خەونەکانم، بەڵام هەرگیــــز بڕوام نەدەکرد، خەونەکانم هێندە هیچ و پووچ بن!
***
هاوسەری سێیەمم، لەکاتی دادگایی کردنی هاوسەری دووەممدا ناسی، کە تاوانبارکرابوو بە شێلانی هاوسەری یەکەمم بە ماشێنەکەی! 
***
کاتێ بڵاوکراوەکانی مێردەکەم لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا دەبینم،  هێندە سەرسام دەبم پێی، دەڵێم خۆزگە مێردی من بوایە!
***
کچێکی هاوڕێم، بانگی کردین بۆ دەهەمین ساڵیادی هاوسەرگیریی خۆی و هەمان فوستانی دە ساڵ لەمەوپێشی لەبەردا بوو، کە ئەوکات بۆ بـــــۆنەی هاوسەرگیریــیەکەی لەبەری کردبوو، دەیویست پۆز لێبدات گوایە لەوکاتەوە لەشولاری نەگۆڕاوە و قەڵەو نەبووە. لێ لەڕووم نەهات پێی بڵێم: ئاخر ئەو کاتە دووگیان بووی لە مانگی نۆهەمدا، بەرلە هاوسەرگیرییەکەت!
***
کاتی لەدایکبوونی مناڵەکەم هات و بە پەلە بردیانم بۆ نەخۆشخانە، بەڵام نەگەیشتمە ژووری نەشتەرگەریی و منداڵەکەم لە راڕەوەکەدا لەدایكبوو، پەرستیارێکیش کە دەیویست دڵم بداتەوە، تا شەرمەزار نەبم، پێی وتم: گوێ مەدەرێ ئاساییە... دوو ساڵ لەمەوبەر، ژنێك تەنانەت نەیتوانی بگاتە دەرگای نەخۆشخانەکە و هەر لەناو ماشێنەکەدا مناڵەکەی بوو، لەڕووم نەهات پێی بڵێم:
ئاخر ئەو ژنەش، هەر خۆم بووم!

 

تاتیانا ئەلێکسیڤا

بابەتە پەیوەندیدارەکان