ئومێد شێخ کەریم
بەشەوقەوە دواین ژمارەی رۆژنامەکەی لە رۆژنامەفرۆشەکە کڕی، بەو هیوایەی چیرۆکەکەی لە سوچێکی رۆژنامەکــەدا ببینێتـــەوە. هــەر لەســەر شەقامەکـــە کەوتـــە هەڵدانــەوەی پەڕەکانــی، بــــەڵکــو ناونیشــانی چیرۆکەکـــەی، یـــــان وێنەکـــەی خـــۆی ببینێت، سودی نەبوو. لەوکاتەدا شۆفێری تەکسییەک سەری دەرهێنا و قیڕاندی: مامۆستا خۆت لادە، ناوەڕاستی شەقام شوێنی خۆڕۆشنبیر کردن نییە!
گوێی بە کابرا نەدا و لەپێشدا بۆ وێنەکە گەڕا، بەرچاوی نەکەوت، ئینجا بۆ ناونیشانەکە، چونکە جارێکیان هۆنراوەیەکی منداڵانیان لە لاپـــەڕەی منداڵاندا بۆ بڵاوکردبـــۆوە، بەناونیشـــانــــی پشیلـە، هەمـــــوو نووسەرەکان وێنەی خۆیان بـــۆ دانرا بـــوو، تەنیا ئەم نەبێت، کە وێنەی پشیلەیەکی سووریان بۆ دانابوو، بە خەتێکی جوانیش لەژێر وێنەی پشیلەکە دا، ناوی ئەمیان نوسیبوو!
چەندگەڕا هیچیانی تێدا نەبوو، لەپاشان ژمارەی تەلەفۆنێکی لێدا، دوای بەیانی باش و سڵاو، وتی: ببوورە چەند ژمارە پێش ئەم ژمارەیە، بەڵێنت پێدام چیرۆکەکەی من لە رۆژنامەکەی خۆتاندا بڵاوبکەیتەوە، بەڵام ئەمجــارەش نائومێدبـــــووم.رۆژنامەنووسەکــە وتــــی: بەڕێــــزم دەستەی هەڵسەنگانــدن پێیانوایە ئەو چیرۆکە بۆ بڵاوکردنەوە دەستنادات، هیوادارم چیرۆکێکی باشترمان بۆ بنێریت.
ئەمیش تەلەفۆنەکـــەی داخست و رۆژنامەکەی دایـــەوە دەســت رۆژنامەفرۆشەکە، وتی: پارەکەش بۆ خۆت!
کاتەکانی یەک رۆژی ژیانم
دوێنێ ئێوارە، لە دەنگی بەرزی ژنەکەی دراوسێمان، چوومـــــە دەرەوە لـــــــە بالکـــۆنەکــــەوە هاواری دەکرد: بڕۆن وازمان لێبێنن، نازانــــن کاتـــــی حــــەوانـــەوە و نــــانخواردنـــــە. سەیرمـــکرد ژنێـــکـــی دەرۆزەکـەر، دەســـتـــی دوومنداڵی گرتووە و داوای نان دەکات، ژنەکە دەیوت: منداڵەکانم برسییانــە، شتێکم بدەنێ بیخۆین. بۆ بەیانی دەیان سەگ شەڕیان بــــوو لەسەر ئەو خواردنەی کـــە (شەوبۆ) لەبەر دەرگا رۆیکردبوو!
دوێنێ شـــــەو: لە بەرنامەیەکی ژینگەپارێزدا، لەسەر بارودۆخی سەگەبەرەڵاکان، کۆمەڵێک ژینگەپارێز و هاوسۆزی گیانداران ئامادەبوون، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، هاووڵاتییەک وتی: پێویستە داوا لە سەگەبەرەڵاکان بکرێت، داڵـــدەی مرۆڤە بێلانەکان بدەن، هەروەها لەبەشە خواردنەکەی خۆیان بێبەشیان نەکەن.
ئەم بەیانییە: لەبەردەم ئۆفیسی کۆمپانیایەکدا قەرەباڵغییەکی زۆرم بینی، کە دوێنێ شەو لە ریکلامێکدا داوای کارمەندی کردبوو بۆ باخچەی ئاژەڵان، نووسیبوی: بڕوانامە گرنـــگ نییە، گرنگ ئەوەیە بتوانیــــت رۆڵـــــــی ئـــــــــــاژەڵ بەجـــــوانی بگێڕیت!