كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر، پاڵپشتی و پشتیوانی بۆ هەنگاو و بڕیارەكانی وەزیری پێشمەرگە لە پڕۆسەی چاكسازی دووپاتكردەوە و وتی: وڵاتەكەم بەبایەخەوە لە رێكخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڕوانێت و ئامادەی هاوكاری و هەماهەنگی بەردەوامە.
دوێنێ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، پێشوازییكرد لە هیكس جونیەر كونسوڵی نوێی ئەمریكا لە هەولێر و وەفدێكی سەربازی و دیپلۆماسی و تەئكید لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە كرایەوە.
وەزیری پێشمەرگە، هەوڵ و هەنگاوەكانی چاكسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا خستەڕوو. لەبەرامبەردا كونسوڵی ئەمریكا، پاڵپشتی و پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی و كاركردن لەپێناوی لابردنی لەمپەڕ و ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە دووپاتكردەوە و رایگەیاند: رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكان پێویستی بە هاوكاری و پشتگیریی هەمووان هەیە، «پشتیوانی روئیای وەزیری پێشمەرگە دەكەین، لە دروستكردنی هێزێكی تۆكمەی یەكگرتوویی سەربازی»، وەك ئەمریكا و هاوپەیمانان بە ئەركی خۆیان هەڵساون و چاوەڕوانی زیاتریان لە رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەیە.