سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی لەگەڵ هەڵبژاردنە لە وادەی خۆیدا بەو مەرجەی یاساکەی هەموار بکرێتەوە

09:46 - 2022-09-07
کوردستان
1078 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای سیاسی و سەربازیی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی مارشاڵ سامی سامسپۆن، راوێژکاری باڵای سەربازیی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.
لە دیدارێکدا کە دەیڤد هەنت، کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەبوو، دوایین پێشھاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان تاوتوێکران و جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ گفتوگۆیەکی نیشتمانیی بەرهەمدار بە بەشداری هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان لەپێناوی تێپەڕاندنی بەربەستەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان.
لە درێژەی دیدارەکەدا پرسی هەڵبژاردن لە هەرێم گفتوگۆی لەبارەوە کرا و سەرۆک بافڵ هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی ئەو پرسەوە روونکردەوە و وتی، یەکێتی لەگەڵ هەڵبژاردنە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەو مەرجەی یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە. دەبێت یاساکە لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆی هەرێم بگونجێت و بۆ ئەمەش پێویستیمان بە سازانی نیشتمانی و رێککەوتنێکی هەمەلایەنە.
پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو و بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە پێویستی و بەردەوامی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان، عیراق و هاوپەیمانان کردەوە لەپێناو ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە و داوایکرد، بەریتانیا لە هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوامبن.

 

 

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان