بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای دژەتیرۆر-CTG کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای دژەتیرۆر و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هێزەکە ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعشەوە کرا و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و سەروەریی یاسا تاوتوێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ دەستخۆشی و پێزانینی ئاڕاستەی هێزەکانی دژەتیرۆر کرد لە بەرامبەر هەوڵەکانیان لەپێناوی پاراستنی ئارامی، سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. داواشیکرد بەهەمان رۆحییەت و هەڵوێستی نیشتمانییانەی خۆیانەوە بەردەوامبن لە ئەرکەکانیان بۆ بنبڕکردنی تیرۆر و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە ھەماھەنگی و ھاریکاری ھەواڵگری و سەربازی لە نێوان ھەرێم و عیراق کرد و وتی ئەرکی ئێوەیە لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگە ھاوکاربن و ھاوشانی ھێزە ئەمنییەکانی عیراق لە ھەوڵدابن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە.