له‌تیف بێوار
جان كۆهین وای ده‌بینێت كرداری وه‌به‌رهێنانی شیعر كرده‌یه‌كی دوو لایه‌نه‌یه، ئه‌وانیش لادان و نه‌فییه، واتا شكاندنی بونیات و پاشان بونیاتنانه‌وه‌ی نوێ تا شیعرییه‌ت بێته‌دی، له سه‌ره‌تادا ده‌لاله‌تی ئه‌و لادانه بزره و له پاش تێڕامان خوێنه‌ری زیره‌ك ده‌یدۆزێته‌وه. كه‌واته زمانی داهێنه‌رانه له شیعردا لادانه له یاساكانی زمان و به‌ره‌نجام دوو ئاستی جیاوازی مانا دێته ئاراوه، كاتێك وشه له ئه‌ركه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی لاده‌دات بۆ هێنانه‌دی مانایه‌كی تری نوێ.
كۆهین وای ده‌بینێت شاعیران به‌م كرداری لادانه زمانی ئاسایی تێكده‌شكێنن و پاشانیش به جۆرێكی تر بنیاتی ده‌نێنه‌وه، به ئاستێكی به‌رزتر و ره‌نگێكی جیاوازتر. هه‌ر ئه‌مه‌شه زمانی شیعر له زمانی رۆژانه جیاده‌كاته‌وه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئه‌م لادانه بگوێزینه‌وه بۆ ژیانی واقیع ئه‌وا به سانایی ده‌توانین به‌راوردی بكه‌ین به نموونه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی له رێگایه‌كی سه‌ره‌كی لاده‌دات به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتنه شوێنی مه‌به‌ست، هه‌رچه‌نده ئه‌و لادانه عاه‌تی و به‌ربڵاو نییه، به‌ڵام هه‌وڵێكه بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگای تر، له‌م باره‌شدا یان كورتبڕانه و جیاواز ده‌مانگه‌یه‌نێته شوێنی مه‌به‌ست، یان دوورمان ده‌خاته‌وه و شكست ده‌هێنین، به‌ڵام له هه‌ردوو باردا ئاشنا ده‌بین به شوێنی نوێ.
ئێستا با چه‌ند كۆپله‌یه‌ك وه‌ك نموونه له شیعری- تك تك تێڕامان- ی شاعیری نوێخواز رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی وه‌ربگرین و هه‌ردوو دیوه‌كه‌ی زمانی ئاسایی و زمانی لادانی ده‌لالی تێدا بدۆزینه‌وه، پاشان وه‌كو نموونه‌ی پراكتیكی دایبه‌زێنین به‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی باسه‌كه‌ماندا:
1- لادانی ده‌لالی(ئاماژه‌یی):
له ئه‌ندێشه‌ی ئاوا،
داربی هه‌یه سێبه‌ر هه‌ڕاج ده‌كا!
له زمانی ئاسایی‌دا دره‌خت رووه‌كێكه بێتوانایه له كرداره‌كانی مرۆڤ، به‌ڵام لێره‌دا ئه‌ندێشه ده‌كات و سێبه‌ر هه‌ڕاج ده‌كات، ئه‌مه‌ش به لادان داده‌نرێت له رێسای زمان و به‌كارهێنانی ئاسایی و رۆژانه، پێش ئه‌وه‌ی له پانتایی هزر و لێكدانه‌وه‌دا مانایه‌ك وه‌ربگرێت، كه سه‌ره‌تا داده‌نرێت به نه‌فیكردن و داماڵینی مانا له سیاقه گشتییه‌كه‌ی، به‌ڵام كاتێك ئه‌و ئه‌ڵقه بزره ده‌دۆزینه‌وه به‌هۆی هونه‌ره‌كانی ره‌وانبێژییه‌وه وه‌كو میتافۆر و خوازه كه ده‌مانگه‌یه‌نێته‌وه مانایه‌كی نوێ، ئه‌وسا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ده‌ین مه‌به‌ست له‌م لادانه ئاماژه‌ییه گه‌یاندنی مه‌به‌ستێك بووه شاعیر به هۆیه‌وه خۆی بواردووه له به‌كارهێنانی شێوازی ده‌ربڕینی راسته‌وخۆ تا له ئاستی شیعرییه‌تی ده‌قه‌كه كه‌م نه‌بێته‌وه.
هه‌روه‌ها شاعیر له نموونه‌یه‌كی تردا ده‌نووسێت:
له بیره‌وه‌ری دارچنارا،
قه‌وزه هه‌بووه، گیرفانه‌كانی
ته‌ژی كردووه له ئیره‌یی!
به‌هه‌مان شێوه له باره واقیعییه‌كه‌ی ژیان و دیوی ده‌ره‌وه‌ی زماندا ئه‌مه به حاڵه‌تێكی نه‌گونجاو و مه‌حاڵ ده‌ژمێردرێت، گوایه نه چنار بیره‌وه‌ریی هه‌یه و نه قه‌وزه‌ش گیرفان و ئیره‌یی، به‌ڵكو ئه‌م لادانه ده‌مانگه‌یه‌نێته‌وه ئاستێكی تری باڵای مانا كه ئه‌وه‌ی لێ ده‌فامینه‌وه شاعیر به شێوازی ده‌ربڕینی مانادار و ده‌لالی توانیویه‌تی ئه‌و په‌یامه شیعرییه بگه‌یه‌نێت كه حاڵه‌ته به‌رز و نزمه‌كانی مرۆڤ چۆن به یه‌ك به‌راورد بكه‌ین و ئه‌وه چییه ده‌بێته هۆی سه‌ركه‌شی و یاخود به پێچه‌وانه‌وه كه نه‌وی بوون و پاشكه‌فتنه كه (ئیره‌یی)ه.
2- وێنه‌ی لانه‌دانی ده‌لالی شیعر:
وه‌زیفه‌ی پێنووس لێره‌دا ئه‌وه بووه هه‌ر وێنه‌ی واقیع بگوازێته‌وه سه‌ر كاغه‌ز بێ ئه‌وه‌ی به هیچ گۆڕانكاری و لادانێك له دۆخه سروشتییه‌كه‌ی كه‌ره‌سه‌كان خۆیاندا بكات، واته مه‌جاز و خوازه لێره‌دا ناكارا كراوه، ئه‌وه‌ش بۆ گه‌یاندنی مانایه‌كی هاوبه‌شی نێوان مرۆڤ و باڵنده‌یه له واقیعدا چۆنه له خه‌یاڵدانی شاعیریشدا هه‌ر وایه، كه قه‌فه‌ز و به‌ندیخانه هه‌ردووك خاڵی هاوبه‌شی به‌ندییه له نێوان باڵنده و مرۆڤدا كاتێك شاعیر ده‌ڵێت:
كۆیله‌بوونی باڵنده قه‌فه‌سه،
هی مرۆڤیش
به‌ندیخانه
.....
له نموونه‌یه‌كی تری ئه‌م ده‌ربڕینه واقیعیه‌دا كه شێوازێكی ئینتیباعی ریالیزمی له خۆگرتووه، شاعیر (شاخ) و (به‌ڕوو) به هاوكۆلكه و بابه‌تی نزیكی یه‌كتری ده‌هێنێته‌وه، كه له زمانی گشتی و واقیعی جوگرافیشدا هه‌ر وایه، هه‌روه‌ها (لم) و (بیابان)یش وه‌ك دووانه‌یه‌كی هاوپۆل، لێره‌دا ده‌پرسین ئایا ئه‌مه دیوی دووه‌می( تك)ی ناونیشانه‌كه‌یه (تك تك تێڕامان) كه پێچه‌وانه‌ی ( تك)ی یه‌كه‌مه و پێشتر كه‌مێك له‌سه‌ری وه‌ستاین؟ ئه‌ویان به زمانێكی ناڕاسته‌وخۆ و ئه‌میشیان به زمانێكی تاڕاده‌یه‌ك راشكاو و بێ ده‌سكاری، به‌ڵام كاتێك كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م نموونانه پێكه‌وه مانایه‌كی به‌هێز به‌رجه‌سته بكات ئه‌وه خۆی له خۆیدا ده‌چێته نێو پانتایی داناپه‌روه‌رییه‌وه و كار له‌سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی مه‌عریفه و یادخستنه‌وه‌ی وه‌رگر ده‌كات، شاعیر ده‌ڵێت:
له ناوشانی شاخدا داربه‌ڕوو ده‌ڕوێ،
له هه‌ناسه‌ی بیابانیشدا،
لم...
تا ئێره ئه‌مه كه‌مێك لێدوان بوو له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی شاعیر رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی ناكرێت به‌راورد بكرێت به زۆر ده‌قی ساده‌ی رۆژانه كه هیچ نوێبوونه‌وه و مه‌جازێك له زمانه‌كه‌یاندا نابینرێته‌وه، چ جای ئه‌وه‌ی په‌یام و ئایدیای شیعره‌كه‌ش دووباره بێت و یان به زه‌وقی گشتی نه‌خوات، وه‌ك ئه‌وه‌ی شاعیرێك له شیعری - له نهۆمی سه‌ره‌وه-دا ده‌ڵێت:
له نهۆمی سه‌ره‌وه
پیاوێك، پێی ده‌وترێت: قامچی
یاخود تێڵاو هه‌ندێك جار فیشه‌ك
عه‌بدوڵڵایه یان محه‌مه‌د هه‌ندێك جار ئیبراهیم
زۆر جاریش زۆرینه‌ی پیاوان
ئه‌م دیده كۆنه بۆ پیاوسالاریی ده‌بێت چ نوێبوونه‌وه و تازه‌گه‌ریی و داهێنانێكی شیعریی له‌خۆ بگرێت؟ له‌كاتێكدا وتاری رۆژانه‌ی فیمینسته‌كان و به‌شێك له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، ده‌كرا شاعیر به زمانێكی شیعریی پڕ ئیستاتیك و مه‌جاز ئه‌و تیمایه ئاڵووێر بكات، وه‌ك ئه‌و خانمه‌ی له شیعرێكدا ناونیشانه‌كه‌ی یه‌كسان ده‌كاته‌وه به كۆی ئه‌م شیعره كه ده‌ڵێت: كه‌وتنی جه‌مه‌دانی به‌ڕووه‌كان. یاخود ئه‌وه‌تا شاعیرێكی تر راسته‌خۆ باس له جێهێشتن ده‌كات به زمانه دووباره‌كه و هیچ ئیزافه‌یه‌كی شیعریی ناخاته سه‌رو له ده‌قی - رۆیشتنی چه‌قیو-دا ده‌نووسێت:
ئه‌وه‌تا ئه‌و
دره‌خت و گوڵانه
به‌جێده هێڵێ و سه‌فه‌ر ده‌كات
كه چاندوونی!
ئه‌و منداڵانه له ماڵه‌وه
به‌جێده‌هێڵێت كه بوونی!
ئه‌و ژنه به‌ته‌نیا به‌جێده‌هێڵێت
كه به‌هاوبه‌شی ئه‌به‌دیی
ژیانی هه‌ڵیده‌بژێرێت!