هەژموونی دۆلار بەرەو کوێ؟

10:34 - 2022-09-11
ئابووری
627 جار خوێندراوەتەوە
دولار هەژموونی بەسەر ئابووری جیهانەوە دەمێنێت؟

فەیسەڵ عەلی

کاروانی دۆلاری ئەمریکا، وەک دراوێکیتری جیهانی بە ئاسانی بەڕێوە نەچووە، رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆری گەورە و قورس بۆتەوە، پێشتر زێر تاکە کانزا بووە کە لە جیهان گوزارشتی لە سامان کردووە، بە ئێستاشەوە بەردەوامی هەیە، بەڵام پلانی مارشاڵ لە دوای کۆتاهاتنی دووەمین جەنگی جیهان بۆ ئاوەدانکردنی ئەوروپای وێرانەی دوای جەنگ، دەستیپێکرد، پشتی بە خستنەگەڕی زیاتر لە (12) ملیار دۆلار بەست بوو، تا بۆ دەوڵەتە زیان لێکەوتووەکانی ئەوروپا، بەتایبەتیش ئەڵمانیا بەگەڕبخرێت، مێژوونووسان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەوە پڕۆژەی مارشاڵ بوو کە هەژموونی سەرمایەداریی ئەمریکای بەسەر ئەوروپا چەسپاند.

پڕۆژەیەک هەژموونی دۆلاری بەسەر جیهاندا چەسپاند
دوای ئەو کاروانەی درێژەی دۆلار، ئەو پڕۆژەیە هەژموونی دۆلاری بەسەر کۆی جیهاندا چەسپاند، ئەو پلانە هاوکاتی کۆنگرەی بریتن ودز بوو، کە تێیدا دەوڵەتانی بەشدار ئیمزایان لەسەر ئەو رێکەوتنە کرد و دانیان بە میکانیزمی گۆڕینی دراوە سەرەکییەکاندا نا بۆ زێڕ، لە ناویاندا لە میانی سیستمی نرخی گۆڕینەوە، گۆڕینی دۆلار بوو بە زێڕ، دەستڕاگەیشتن بە یارمەتی و ئامێر و کەلوپەل، سەرەتا  پێویستی بە دەستڕاگەیشتن بوو بە دۆلار، کە ئەویش نرخاندنی بە زێر پێویست بوو. سیستمی نوێی جیهان، کە لەسەر دار و پەردووی دووەمین جەنگی جیهان دامەزرا، بەشێوەیەکی تەواو بە پشتیوانی ئەمریکا و هێزە ئابوورییەکەیەوە پەیوەست بوو، کاتێک ئەمریکا چووە جەنگەوە لەگەڵ ڤێتنام، جیهانی بە دۆلار نغرۆ کرد، لەگەڵ بارگۆڕانە ئابوورییەکاندا، دەوڵەتانی جیهان لە گۆڕینی دۆلارەکانیان بۆ زێر کەوتنە پەلەپەل، ئەویش بارگرانی گەورەی بۆ ئەمریکا دروست کرد، کاتێک بەردەوام دۆلاری چاپ دەکرد، لە ئابی 1971، لە ئەمریکا رەزامەندی لەسەر زنجیرەیەک رێوشوێنی ئابووری درا، گرنگترینیان هەڵوەشاندنەوەی گۆڕینی راستەوخۆی دۆلار بۆ زێڕ بوو، کە دواتر ئەو بڕیارە بە شۆکی نیکسۆن ناوزەد کرا. دەوڵەتانی جیهان هیچ میکانیزمێکیان لە بەردەست نەبوو تا ئەمریکای پێ ناچار بکەن  و ئەو بڕیارەی بگۆڕێت، هەروەها جیهان ئەو بڕە زێرەی لە بەردەست نەبوو تا بتوانن قەرەبووی جیهان لە زێڕی ئەمریکای پێ بکەنەوە. لەگەڵ ئەوەی سەرەتای دەرکەوتنی پیشەسازیی ئەڵمانی و ژاپۆنی بوو، بەڵام هێشتا ئەمریکا سەرچاوەی سەرەکیی بازرگانیی جیهان بوو، بەڵام ئەوان ئابووریی ئەمریکایان بە گەورەترین بازاڕی فەراهەم بوو دەبینی، لەبەر ئەوە جیهان بە ناچاری بە بڕیارەکەی نیکسۆن رازی بوو، بەوەیش دۆلار بووە یەدەکی جیهانی و گوزارشتی لە سامانی دەوڵەتان دەکرد. 
سیاسەتەکانی ئەمریکا لە رووی زامنکردنی نرخێکی گونجاوی سوودەوە پشتیوانی تەواوی لە پێگەی دۆلار کرد، دەستهاتێکی مسۆگەر و قبووڵکردنێکی فراوانی جیهانی بۆ دراوەکەی، بە ئەمڕۆیشەوە زامن کرد، بەوەیش پێگەی دۆلار بەهێزتر بوو، بەڵام جیهان بێزاری خۆی لە بوونی یەک دراوی ناوەندیی جیهانی دەربڕی، چونکە ئەو هەڵئاوسانەی دووچاری ئابووریی ئەمریکا دەبێتەوە بە ئاسانی بۆ دەوڵەتانیتر دەگوێزرێتەوە، بەهۆی سیاسەتی بەرزکردنەوەی نرخی سوودەوە، ئەمریکا دەتوانێ دەوڵەتان لە یەدەکی بیانییەکەی بێبەش بکات، ئەگەر هاتوو دەوڵەتانیش وەک چۆن یەدەکی فیدراڵی ئەمریکا نرخی سوودی بەرزکردۆتەوە، بەرز نەکەنەوە، ئەگەر هاتوو ئەو بەرزکردنەوەی نرخی سوودە زیانی گەورە بە ئابوورییەکانیان نەگەیەنێت. 
سیاسەتی ئەمریکا بە بلۆککردنی پارەی هەر دەوڵەتێک کە ناکۆکیی سیاسی لەگەڵدا هەبێت، وایکردووە، دەوڵەتە گرنگەکانی وەک روسیا و چین، بەدوای دراوی ئەڵتەرناتیفدا بگەڕێن، چ بۆ ئەوەی لە مامەڵە بازرگانییەکانیان یان بۆ پێکهێنانی یەدەکی نەختینەی بیانی بەکاری بهێنن.

بەهێزی پێگەی دۆلار
بەڵام ئەوە پرسێکی هێندە ئاسان نییە، ئەمریکا بەوەی دۆلارێکی ئێجگار زۆری وەک یارمەتی، بە درێژایی چەند دەیەیەک بە دەوڵەتە جیاوازەکانی جیهان داوە، پێگەی دۆلاری پێ بەهێزتر کردووە، هاوکاتیش ئابووریی ئەمریکا ئێجگار گەورەیە، کە توانای هەڵمژینی هەر شۆکێکی هەیە، وێڕای ئەوەی توانای چارەسەرکردنی خۆیشی هەیە و دەتوانێ بەرگەی ئازادکردنی نرخی سوود بگرێت، هەروەها ئەو دەستهاتەی بەرامبەر سەنەداتی حکومەتەکەی دەیدات هیچ ریسکێکی نییە، هیچ دراوێکی جیهانی رەوشی دۆلاری نییە، دەستهاتەکان بەدەر لەوەی رەوشەکە چۆنە و پێکهاتەی حکومەتەکە چۆنە، لە کاتی خۆیدا دەدرێن، هەروەها هیچ رێگرییەک نییە بۆ چوونە نێو ئابووریی ئەمریکاوە، هەروەها هیچ دراوێکی جیهانی نییە بتوانێ کێبڕکێی دۆلار بکات، ئەگەر هاتوو هەمان ئەو هێز و پشتیوانییە سیاسی و ئابوورییەی دەوڵەتەکەی و دەوڵەتانیتریش هەبێت، تا ئێستا لە ئاسۆدا هیچ دراوێک نییە بتوانێ شان لە شانی دۆلار بدات، هەرچەندە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا لە کۆبونەوەی دەوڵەتانی «برێکس» کە هەریەک لە بەرازیل و روسیا و هیندستان و چین و باشووری ئەفریقا ئەندامین، باسی لە دۆزینەوەی دراوێکی یەدەکی نێودەوڵەتی کرد، کە لەسەر بنچینەی سەبەتەی دراوی ئەو دەوڵەتانەی ئەندام بێت، بەڵام ئەو کێشەیەی رووبەڕووی ئەم ئاراستەیە دەبێتەوە، ئەوەیە کە، تەنها بە حەز و  ئارەزووی سیاسی ناتوانرێ بڕوا بە جیهان و بەتایبەتیش وەبەرهێنەران بهێنرێت، تا پشتیوانی ئەو ئاراستەیە بکەن، بەتایبەتی کە دراوی ئەو دەوڵەتانە لاوازە، رۆبڵی روسیا لاوازە و ئەوەی باشووری ئەفریقا بە پێچەوانەی تەوژمەوە دەڕوات، ئەوەی بەرازیلیش ناتوانرێ پشتی پێ ببەسترێت، هیندستانیش ئامادەیی سەرکردایەتیکردنی دارایی و ئابووریی نێودەوڵەتی تێدا نییە، لە دراوەکانی ناو ئەو سەبەتەیە، تەنها یوانی چینییە توانیویەتی روبەڕوی دۆلاری ئەمریکا بوەستێتەوە، لێرەدا هەندێک ئومێد هەیە، بەوەی پێنجەم چالاکترین دراوی جیهانییە کە مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەڵام گرفتی ئەم دراوە، لە سیاسەتە ئابوورییەکەی چیندایە، کە رێگە بە ئازادکردنی گۆڕینەوەی یوان بۆ دراوەکانیتر نادات، هەرچەندە چین لە کۆتایی سەدەی رابردووەوە بەڵێنی ئازادکردنی نرخی گۆڕینەوەی دراوەکەی داوە، بەڵام بە ئێستاشەوە جێبەجێی نەکردووە. 
دەوڵەتی چین کە تاکە پارتێک حوکمی دەکات، لە سیاسەتی نەختینەیدا پشت بە پارەی هەرزان (کەم بەها) دەبەستێت بۆ تەمویلکردنی دامەزراوە و بانکە گشتییەکانی، واتە بانکی ناوەندیی چینی نرخی سوودی سەر سپاردەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێنێت، بۆ ئەوەی دەوڵەتانی جیهان خۆیان لە ئامرازە داراییەکانی پەیوەست بە یوان بە دوور بگرن، خاوەن سیولە نەختینەییەکانی ئێستای چین، هەر دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی پارەکانیان ببەنە دەرەوەی سیستمی بانکی چینی.

سیاسەتی ئەمریکا بە بلۆککردنی پارەی هەر دەوڵەتێک کە ناکۆکیی سیاسی لەگەڵدا هەبێت، وایکردووە، دەوڵەتە گرنگەکانی وەک روسیا و چین، بەدوای دراوی ئەڵتەرناتیفدا بگەڕێن

گەشەکردنی دراوی یوان
لەم سەدەیەدا، یوان دەبێتە دیارترین ئەو دراوانەی ئاڵوێری پێوە دەکرێت، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەیە کە زوو بێت یان درەنگ، یوان ببێتە یەکێک لە گرنگترین دراوەکانی جیهان، لەم هەلومەرجەدا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دراوی یوان بەبێ دەنگی گەشە دەکات، سیستمی نەختینەی جیهان کە دۆلار تێیدا باڵا دەستە، گۆڕان بەخۆیەوە دەبینێت. لێرەوە بەهای یوان وەک دراوێک ناکرێ بە هەند وەرنەگیرێت، بەدیار کەوت، بەجۆرێک بەشێوەیەکی روو لە زیاد بوو رۆڵێکی گرنگیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەگێڕێت، کە کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر هەژموونی دۆلار هەیە. 
بەرئەنجام، وەبەرهێنەران بایەخی زیاتر بە یوان دەدەن، چین، بەر لە هەموو دەوڵەتانی جیهان لە پەتای کۆرۆنا رزگاری بوو، ئابوورییەکەیشی تاکە ئابووریی جیهانە، کە لە ساڵی 2020 گەشەی ئەرێنی تۆمار کردووە. دەشێ یوان تا کۆتایی2020 یش ئەدائێکی بەهێزی هەبێت، تەنانەت لەگەڵ ئەو رەوشەی ئابووریی چین، کە بەدەست هەڵئاوسانیشەوە دەناڵێنێت، قەیرانی وزەش ژمارەیەکی زۆری کارگەکانی داخستووە، کەرتی خانوبەرەیشی خاوبوونەوەیەکی دیاری هەیە.
 لە روانگەی ئەوەی سەرەوە دەردەکەوێت، کە جیهان وەک ئەوە کەوتبێتە تەڵەی دۆلارەوە، دۆلار وەک کۆگای بەها پاشەکشێ دەکات، کاتێک کۆی قەرزی گشتیی ئەمریکا گەیشتۆتە (30.64) ترلیۆن دۆلار، کەس نایەوێت سامانەکەی بە دراوێک هەڵبگرێت کە بەهاکەی بەردەوام روو لە داشکانە. زێر ناتوانێ ئەو رۆڵە قورسە بگێڕێت، لە سایەی ئەو رووداوە قورسانەی ئابووری، یوانی چین لە هەلومەرجێکی تایبەتی خۆیدا، رووی لە گەشەیە، هەروەها لە هەمانکاتیشدا، چەندین دراویتریش هەن روو لە داشکانن، بەڵام بۆ ئایندە تا رادەیەک رەوشەکە لێڵ و ئاڵۆز دێتە بەرچاو، چونکە رەوشەکە بۆ هەموان نوێیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان