سەرۆك كۆمار: دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا

09:58 - 2022-09-13
کوردستان
415 جار خوێندراوەتەوە

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا پێشوازیكرد لە مەهدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەكانی ئاو و باس لە گرفتەكانی ئاو كرا كە رووبەڕووی وڵات دەبێتەوە.
لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە كە چارەسەركردنی گرفتی دۆسێی ئاو لە پێشینەی كارەكانە و بەشێكی گرنگی ئاسایشی نیشتمانیی عیراقە، ئاماژەشی كرد بە گرنگیی دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و دانانی پلانی ستراتیژی بۆ روبەڕووبونەوەی گرفتی كەمئاوی و گۆڕانی كەشوهەوا و دووبارە بوژاندنەوەی میزۆپۆتامیا. هەروەك بەرەوپێشچوون و گرنگیی رێكخستنی پەیوەندییەكانی سەبارەت بە بەشە ئاوی عیراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، خستەڕوو.
ئاماژەی بەوەشكرد كە پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو و هەردوو رووباری دیجلە و فورات بەرپرسیارێتییەكی دەستەجەمعییە و پێویستە هەموو دامەزراوەكان و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان تێیدا بەشداربن.
لای خۆیەوە وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، روونكردنەوەی سەبارەت بە پێشكەوتنی كارەكان و پلانەكان بۆ روبەڕووبونەوەی گرفتەكانی ئاو لە وڵاتدا خستەڕوو.

#سەرۆك كۆمار

بابەتە پەیوەندیدارەکان