رێکارەکانی پێش مارەکردن گرەنتی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە

10:20 - 2022-09-14
ڕاپۆرت
1729 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: ئەسرین محەمەد

لەناو دادگای سلێمانی لە بەردەم ژووری دادوەر هەر کوڕ و کچە و بەیەکەوە هاتوون و دەیانەوێت بە یاسایی گرێبەستی هاوسەری بکەن و لەنێوان خۆیان مقۆ مقۆیە و بەیەکتر دەڵێن» ئەگەر دادوەر لێی پرسیت لەلای مامۆستای ئایینی مارە کراویت بڵێ نەخێر».
کاوە عەبدولکەریم، دەستی کچێکی شۆخی گرتبوو، چەند رۆژێک پێشتر لە ماڵەوە بە ئامادەبوونی کەسوکاری هەردوو لایان مامۆستایەکی ئایینی مارەی کردبوون و لە دادگا لە بەردەم ژووری دادوەر وەستابوون بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانی گرێبەستەکەیان و وتی: نازانم تا چەند راستە، بەڵام دەڵێن ئەگەر دادوەر بزانێت پێشتر لەلای مامۆستای ئایینی مارە کراوین توڕە دەبێت و گرفتمان بۆ دروست دەکات بۆیە وا باشترە کە لێی پرسین بڵێین نەخێر.
وتیشی: مارەکردن لەلای مامۆستای ئایینی، عورفێکی کۆمەڵایەتیی و ئایینیە و زۆربەی زۆری خێزانەکان پێوەی پابەندن و بە تەنها بە مارەکردنی دادگا رازی نابن، لەبەرئەوەی هەموان پێیان وایە ئەوەی دادگا تەنها رێکارێکی یاسایی و بۆ پاراستنی مافەکانە.
رێکارەکانی پێش مارەکردن بە یاسا رێکخراوە
لە یاسای باری کەسی بەپێی مادەی 10 بڕگەی دوو مەرجە هەر گرێبەستێکی مارەبڕین کۆنووسی لیژنەی پزیشکی تێد بێت و لە هەمان دەقی یاسادا هاتووە ئەگەر بۆ دادوەر دەرکەوت ئەو کچ و کوڕە کێشەی تەندروستیان هەیە و لە داهاتوو گرفت بۆ نەوەکانیان دروست دەبێت نابێت گرێبەستی هاوسەرییان بۆ بکرێت. 
بۆ زیاتر ئاگاداربوون و بڵاوکردنەوەی ئەو دەقە یاساییە، دادوەری یەکەم ناتق شەمسەدین لە دادگای باری کەسێتی دەشتی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، «گشت ئەو هاووڵاتیانەی سەردانی دادگا دەکەن بە مەبەستی سازدانی گرێبەستی شووکردن و ژنهێنان بەهیچ شێوەیەک نابێت مارەبڕینیان لە دەرەوەی دادگا واتا لای مامۆستای ئایینی کردبێت، پێش تەواوبوونی رێکارەکانی گرێبەستی هاوسەریی لەناو دادگا».
هەر لە ئاگادارییەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرکەس پێچەوانەی ئەم بڕیارە بکات لە هەر تەمەنێکدا بن رێکاریی یاسایی دژی هەریەک لە لایەنەکانی گرێبەستەکە و ئەو مامۆستا ئایینیەش دەگیرێتەبەر کە مارەبڕینەکەی کردووە.

پابەندنەبوونی کوڕ و کچ گرفت دروستدەکات 
لە دادگا دوو ئیجرائاتی سەرەکی بۆ هەموو کوڕ و کچێک دەکرێت کە دەیانەوێت ژیانی هاوسەری پێکبهێنن، یەکەم: داواکردنی تۆماری کەسێتی لە هەر یەکێکیان لە رێگەیەوە دەردەکەوێت ئەگەر ئەو کچ و کوڕە کەسی مەحرەمی یەکتربن و بەپێی یاسا نابێت ژیانی هاوسەری بەیەکەوە پێکبهێنن یاخود دەتوانن، دووەمیان پشکنینی پزیشکییە لە رێگەیەوە دەردەکەوێت ئەو کچ و کوڕە لە داهاتوودا نەوەیەکی تەندروستیان دەبێت یاخود خاوەن پێداویستی تایبەت و لەوکاتەدا بەپێی یاسا رێگرییان لێ دەکرێت گرێبەستی هاوسەری بکەن و دەبێت جیاببنەوە.
پارێزەر غەفور محەمەد وتی: بڕیاری گرێبەستی هاوسەریی لە دادگا پێش مامۆستای ئایینی زۆر دروست و گونجاوە بۆ کۆمەڵگە لەبەرئەوەی رۆژانە لە دادگا کێشەی ئەو کوڕ و کچانە دەبینین کە پێش دادگا لای مامۆستای ئایینی گرێبەستی مارەکردنیان کردووە و پاش هاتنیان بۆ دادگا دەرکەوتووە ئەو کوڕ و کچە بۆ یەکتر شیاونین لە رووی تەندروستییەوە یان دەردەکەوێت کوڕ و کچەکە کەسی مەحرەمی یەکترن. 
وتیشی، لە ماوەی رابردوودا کەیس هەبووە ژن و پیاوێک کە پێشتر لەلای مامۆستای ئایینی مارەکراون و پاش ئەوەی دوو منداڵیشیان هەبووە لە دادگا دەرکەوتووە کە خوشک و برای یەکترن،  نەدەبوو بە یەکەوە ژیانی هاوسەری پێکبهێنن و پاش زانینی راستییەکە جیابوونەتەوە.
پشکنینە تەندروستییەکان
گرنگترین ئەو پشکنینانەی پێش پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی نێوان کوڕ و کچ  لە بنکەی تەندروستی تایبەت دەکرێن:
1- پشکنینی نەخۆشییە گوازراوەکانی وەک ئایدز، هەوکردنی جگەر، ئەو نەخۆشییانەی لە رێگەی پەیوەندی سێکسییەوە دەگوازرێنەوە.
2-پشکنینی نەخۆشییە بۆماوەییەکانی وەک: تالاسیمیا، کەمخوێنی و نەخۆشی خرۆکە سوورەکانی خوێن، نەخۆشییە زگماگەکانی وەک بیرکۆڵی و ئیفلیجی، پشکنینەکانی تایبەت بە نەزۆکی و توانای کچ و کوڕەکە بۆ دروستکردنی منداڵ، جگە لە پشکنینی جۆری خوێن و پشکنینی پێکهاتەکانی تری لەش.
گرتنەبەری رێکارە یاسایی و تەندروستییەکان پێش مارەکردن لای مامۆستای ئایینی و پابەندبوون پێیانەوە، وادەکات رێگری بکەین لە توشبوون بە زۆربەی نەخۆشییە گوازراوەکان، هەروەها فەراهەمکردنی ژیانێکی باشتر بۆ نەوەکانمان و کەمکردنەوەی رێژەی لەدایکبوونی منداڵی خاوەنپێداویستی تایبەت، زوو دەستنیشانکردنی چەندین نەخۆشی دەبنە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان و دروستکردنی خێزان و کۆمەڵگە و نەتەوەیەکی تەندروست. کەواتە مەرجە لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە هۆشیاری تەواویان هەبێت لەسەر ئەو بابەتە و وەک خۆی جێبەجێی بکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان