نوێکردنەوەی لێکتێگەیشتنی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە

04:30 - 2022-09-21
کوردستان
1122 جار خوێندراوەتەوە

لە 21ی ئەیلولی 2022، سیلێست واڵاندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزاى یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێکراوەی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیان کرد بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعشدا. 
ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە نوێکراوەیە کە بۆیەکەمجار لە سالی 2016 دا ئیمزا کرا، رەنگدانەوەی هەماهەنگی دوورمەودای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عیراق و هەروەها پابەندیی هاوبەشیشیانە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش.
لەڕێی ئەم لێکتێگەیشتنەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندی خۆی بۆ پشیوانیکردنی رۆڵ و بەشداری هێزەکانی پێشمەرگە دووپاتدەکاتەوە لە پرۆسەکانی تێکشکاندنی داعشدا وەک پێکهاتەیەکی هێزە ئەمنییەکانی عیراق. 
یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە هەم دەستنیشانی ئەو بەرەپێشچوونانە دەکات کە لە بواری چاکسازی بنەڕەتی دامەزراوەکاندا بەدەستهاتوون و هەمیش پابەندی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ چاکسازی زیاتر بە ئامانجی زیاتر پرۆفێشناڵکردنی هێزەکانی لەخۆدەگرێت. 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شانبەشانی خەڵکی عیراق، لە ناویشیاندا خەڵکی هەرێمی کوردستان دەوەستێت لە کاتێکدا عیراقێکی بەهێز و سەقامگیر و خاوەن سەروەری بنیاد دەنێن.
بۆنەی ئیمزاکردنی یاداشتنامەکە لەژێر چاودێری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی پێشمەرگە و بە ئامادەیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی کرا کە جەختکردنەوەی پابەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەهەماهەنگی بەردەوامی ئەمنی لە گەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا لە ژێر چوارچێوەی دەستوری عیراق و پڕۆگرامی چاکسازی پێشمەرگەدا.

#وەزارەتی پێشمەرگە #وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا

بابەتە پەیوەندیدارەکان