خاتوو شاناز پشتیوانیی لە كەمپینی بەرەنگاری ژنكوژان دەكات

10:22 - 2022-09-22
کوردستان
371 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ 22ی 9ی 2022، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەشداریكرد لە رێوڕەسمی كۆتاییهاتنی هەفتەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی، كە لەژێر دروشمی "بە تەنیا نیت.. لەگەڵتاین بۆ بەرەنگاری ژنكوژان" لە هۆڵی تەوار لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەكەدا، كەمپینی رێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵی مەدەنی كە لە نزیکەی 30 رێكخراو پێكهاتبوون، ستایشی رۆڵ و هەڵوێستەكانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمیان كرد، كە هەمیشە داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانی ژنان و بنەبڕكردنی دیاردەی ژنكوژییە، ئاماژەیان بەوەشدا، لەدوای هەڵوێستەكەی جێگری سەرۆكی حكومەت، بۆماوەی نزیكەی هەفتەیەك كەمپینێكیان لەزۆربەی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاندبوو، بەمەبەستی هاوهەڵوێستی بۆ سزادانی بكوژانی ژنان و توندتركردنی رێكارەكانی پاراستنی مافەكانی ژنان.
بەپێی بەرنامەی كاری كەمپینی رێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵی مەدەنی، پێشنیاز و راسپاردەی چالاكییەكانیان ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت دەكرێت بۆئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كاری جددی بۆ جێبەجێكردنی بكەن تاپاراستنی ماف و ژیانی ژنان بكرێتە كاری لەپێشینەی حكومەت.


بابەتە پەیوەندیدارەکان