ژنانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی راگەیەندراوێك بڵاودەكەنەوە

05:31 - 2022-09-24
کوردستان
573 جار خوێندراوەتەوە

بەسەرپەرشتی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کۆبوونەوەی ژنانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی (ی.ن.ک) لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

لە کۆبونەوەکەدا کە ئەمڕۆ 2022/9/24 لە هۆڵی خاک بەڕێوەچوو، باس لە گرنگی رۆڵی ژن کرا لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و جومگە سەرەکییەکانی بڕیار لەناو ئەم حزبە تێکۆشەرە و هەوڵەکان بۆ بەهێزترکردنی پێگەی ژنان لە هەموو کایەکاندا.

هەر لەبارەی كۆبونەوەكەوە ژنانی سەركردایەتی یەكێتی راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:

بەسەرپەرشتی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ژنانی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی كۆبوونەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا چەندین بابەتی گرنگ و پەیوەست بەڕەوشی ژنان بەگشتی و ژنانی ناو یەكێتی بەتایبەتی تاوتوێكران. لەوانە:

• تاوتوێكردنی پاشەكشەكردنی ژنان لە كایەی سیاسیدا.

• جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی رێژەی لەسەدا  25ی ژنان كە لە پەیڕەودا چەسپیوە.

•كاراكردنی رۆڵی ژنانی یەكێتی لە پاراستنی ژینگە و لەو بارەیەوە بەرنامەی پێویست دانرا.

•دانانی بەرنامەیەكی تایبەت بۆ سەردانكردنی كەسوكاری شەهیدان.

هەروەها بایەخدان بەمنداڵانی بێ سەرپەرشتیار و بەساڵاچوان.

•پێگەیاندنی كادری ژن بۆ سەرپەرشتیكردنی ئۆرگانەكانی یەكێتی لە رێگەی بەرنامەی هۆشیاریی سیاسییەوە.

•ژنانی سەركردایەتی یەكێتی جەختیان لەوە كردەوە كە پرسی ژن لەهەموو جوگرافیایەك بەپرسی خۆیان دەزانن، لەو روانگەیەوە كوشتن و ئازاردان و زیندانیكردنی ژن و زەوتكردنی ئازادییەكانی بەتایبەت لە كەیسی كوشتنی ژینا ئەمینی و هاوڕێكانیدا مەحكوم دەكەن.

راگەیەنراوی ژنانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان