دیارییەک لە ناکۆتاوە: شازادە چکۆلە

09:09 - 2022-03-31
کەلتور
624 جار خوێندراوەتەوە

هولیا سۆیشەکەرجی

لە تورکییەوە: فەرهاد چۆمانی


دۆزینەوە شازادە چکۆلە لە کتێبخانەی خوێندنگەدا بۆ من رێکەوتێک بوو، ئەودەم تازە بە تازە درکم بە هەستی دۆزینەوەی بە هەڵکەوتی شتەکانم دەکرد. بە تایبەت لە بارەی کتێبەوە زۆر بە کەمی بەهەڵەدا دەچووم. 
شازادە چکۆلە لە گرنگترین ئەو کتێبانەیە کە هێندەی بە هەموو درەوشانەوەکەیەوە کەوتووەتە نێو جیهانی منداڵانەوە هاوکات پێگەیشتووانیش زوو زوو دەگەڕێنەوە سەری و بە دڵخۆشییەوە دەیخوێننەوە، کاتێک بۆ منداڵەکانیان دەیخوێننەوە مانای تازە و فرەمانایی و چەند چینێکیان بۆ دەردەکەوێت. 
لایەنێکی تر کە جوانی بە کتێبەکە بەخشیوە قوڵاییە فەلسەفییەکەیەتی، کە بە زمانێکی سادە بۆ خوێنەرە تەمەن بچووکەکان دەربڕاوە تا بە چاکی لێی تێبگەن. ئانتوان دۆ سانت - ئێگزۆپێریی نووسەر بە وێنە و مۆتیڤی تایبەت بەخۆیەوە بۆمان دەگێڕێتەوە. بۆیە هەر لە سەرەتاوە شازادە چکۆلە لە زینی ئێمەدا بە شێوەی دنیایەکی گریمانەیی و هێمایین هەڵدەکۆڵدرێت. ئەوە دەوڵەمەندییە کە نووسەرێک هەم بۆ منداڵان بنووسێت، هەم توانای وێنەکێشانیشی هەبێت. 

بوونەوەرێکی ئاسمانییە
شازادە چکۆلە قژێکی زەردی هەیە، هەر لە پەڕەکانی گوڵەگەنم دەچێت. وێڕای پاکیزەیی منداڵی هاوکات رۆشنایی زانایەکیشی تێدایە. ئەوەی راستی بێت ئەو رۆشناییە لە هەسارەکەی خۆیەوە هەڵی گرتووە. شازادەچکۆل بوونەوەرێکی ئاسمانییە و  لە هەسارەیەکی بچووکی  قوڵایی گەردوون دەژی، رۆژێک رێگەی دەکەوێتە ئەم دنیایەی لەمەڕ خۆمان. پەیوەندی شازادە چکۆلە و هەسارەکەی لەسەر بنەمای ژینبەخشی و خۆشەویستییە، ئەو حاکمی هەسارەکەی خۆی نییە، خاوەنیشی نییە، لە فەلسەفەی ژیانی ئەودا  حوکمکردن و دەسەڵاتدارێتی و خاوەندارێتی نییە، بەڵکو ئەو کردار و هەڵوێستانەن کە خۆشەویستی دەردەخەن.  رۆژێک وەک گورزێک رۆشنایی دەکەوێتە چۆل و بیابان، بایۆلۆژییە راستەقینەکەی ئەو رۆشناییە. کاتێک دەگاتە بیابان، رێکەوتی فڕۆکەوانێک دەکات کە فڕۆکەکەی کێشەی تێکەوتووە. ئەو دیدەنییە زۆر گرنگە و دوای تێپەڕینی شەش ساڵ بەسەریدا فڕۆکەوانەکە شازادە چکۆلە بەو کتێبەی کە نووسیویەتی و وێنەکانی کێشاون نەمر دەکات. کەسایەتی فڕۆکەوانەکە کە چیڕۆکەکە دەگێڕێتەوە، زۆر لە کەسایەتی سانت - ئێگزۆپێری نزیکە. کاتێک فڕۆکەوان سەرقاڵی چاککردنەوەی فڕۆکەکەیەتی دەرکەوتنی کتوپڕی شازادە چکۆلە  دەیباتە دنیایەکی تر. 
سەرەتا ئاشنای فڕۆکەوانەکە دەبین، ئاشنای رابردووی و ئێستای. فڕۆکەوانەکە بە منداڵی لەنێو دنیای خەون و خەیاڵاتدا ژیاوە، گەورەکان هیچ لێی حاڵی نەبوونە، درکی کردووە کە بە زمانی ئەوان قسە ناکات. گەورەکان بە لۆژیک و ژمارە و عەقڵ دنیا لێک دەدەنەوە. ئەو رۆژێک وێنەی مارێک دەکێشێت کە گایەک قووت دەدات و نیشانی گەورەکانی دەدات، ئەو وادەزانن وێنەی شەپقەیە. چونکە ئەوان حوکم بەوە دەدەن کە دەیبینن، سەیری رووکەش دەکەن. چاوەکانیان قووڵایی نابینن. ئەو منداڵە کە وێنەکەی کێشاوە ناوتوانێت گوزارشت لە خۆی بکات، پێی وایە کە لێی تێناگەن: «گەورەکان هەرگیز بەتەنیا ناتوانن لە هیچ شتێک تێبگەن. بۆ منداڵانیش شتێکی ئاسا نییە هەموو جارێک روونکردنەوەیان پێ بدەن.» ئەو خەیاڵی بوونە نیگارکێشی هەبوو، بەڵام دەبێتە فڕۆکەوان. 
بە درێژایی ساڵانی دواتر وێنەکە دەبێتە گرێیەک بۆی، نیشانی هەر کەسێک دەدات ئەوان هەر «شەپقە» دەبینن و لۆژیکانە دەڕوانن بەبێ قووڵبوونەوە. 
لێرەدا شەڕ، شەڕی لۆژیک و خەیاڵە، لۆژیکی بینینی قووڵایی و دۆزینەوەی وێنە و وێنای ترە. ئەو منداڵە خەیاڵچنە قوتەبنە دەمێنێتەوە و باڵا ناکات، بۆیە بەردەوام هەستی بە تەنیایی کردووە.

 وێنەی مەڕێکی بۆ بکێشێت
دوای ئەوەی فڕۆکەکەی کێشەی تێدەکەوێت و شەو لە بیابان دەخەوێت، بەیانی بە دەنگێکی ناسک «تکایە مەڕێکم بۆ بکێشە» ئەمە پەرجووێکە، منداڵێک هەزاران کیلۆمەتری دوور لە ئاوەدانی دەرکەوتووە و  داوا دەکات وێنەی مەڕێکی بۆ بکێشێت، ئەمە خەیاڵە یان ڕاستی، قەرەبووکردنەوەی تەمەنێک حاڵینەبوونی گەورەکانە لە هەست و خەیاڵی منداڵانەی ئەو یان بەڕاستی دەشێ لەم دنیایەدا مرۆڤگەلێک هەبن لەوانی تر و خەون و خەیاڵەکانیان تێبگەن؟
ساڵانی فڕۆکەوانی و جەبری دنیای واقیعی وای کردووە منداڵە نیگارکێشەکەی ناخیشی وشک ببێت و بێبەهرە بێت تا ئەو منداڵەی لەناکاو پەیدا بووە (شازادە چکۆلە) داوای وێنەکێشانی لێ دەکات و بە هیچ کام لە وێنەکان ڕازی نابێت، نە بە وێنەی مار و فیل، نە بە هی مەڕەکان، تا ئەو کاتەی وێنەی سندووقێک دەکێشێت و دەڵێ فەرموو وێنەی مەڕەکان لەنێو ئەو سندووقەدان و شازادەچکۆلە رەزامەند دەبێت، ئەو نازانێ کە شازادە چکۆلە ئامانجی چییە، بەڵام دوای وێنەی سندووقەکە بەو دەرەنجامە دەگات کە ئەویش کەمێک خەریکە دەچێتەوە سەر گەورەکان، وادیارە پیر بوومە، ئەوەتا من وێنەی  مەڕەکان لەنێو سندووقدا نابینم. 

هیچ هاوڕێیەکی نەبووە
ئەمە مێتافۆڕی لەخەیاڵکەوتن و تەسلیمبوونە بە واقیع کە فڕۆکەوانەکە لە خۆیدا درکی پێ دەکات. گێڕانەوەی چیرۆکی شازادە چکۆلە لەلایەن فڕۆکەوانەکەوە بۆ لەبیرنەکردنە: «ئەگەر باسی شازادە چکۆلە دەکەم، لەپێناو لەبیرنەکردنیەتی» فڕۆکەوانەکە بەدرێژایی ژیانی بەهۆی کورتەبنەیی و قوڵی باڵایەوە هیچ هاوڕێیەکی نەبووە. کتوپڕ کەسێکی سەر بە دنیای خەیاڵی خۆی لێ دەردەکەوێت و ونیشی دەکاتەوە. لەترسی ئەوەی نەچێتەوە ڕیزی ئەو گەورانەی هەر سەرقاڵی ژمارەن، ئەم چیرۆکەمان بۆ دەگێڕێتەوە. 
ئەگەرچی سەر بە دوو دنیا و هەسارەی جیاوازن، بەڵام نزیکی باری ڕۆحی و تەنیایی و خەیاڵپەرستییەکەیان وایان ێ دەکات فڕۆکەوانو  شازاد چکۆلە  لەیەکتری نزیک بکەونەوە. فڕۆکەوان باشتر شازادە چکۆلە دەناسێت و دەزانێت کە گوڵێک لە دڵیدا شاراوە، بە خۆشەویستی ئەو گوڵە گەش دەبێتەوە. نیگەرانە لەوەی کە ماوەیەکی زۆرە لە گوڵەکەی دوورە. لەمەوە وردە بەسەرهات و چیرۆکی نێو چیرۆک دەخوێننەوە. بەدەم ڕێگەی هاتنی شازادە چکۆلە بۆ سەر زەوی گەشتەکانی بۆ وردە هەسارەکان و چیرۆکی نێویان، ئەو پاشایەی بەتەنیا لەسەر هەسارەیەک دەژیت. دەیەوێ شازادە چکۆلە بکاتە وەزیری داد، بەڵام ئەو دەڵێ خۆ هەسارەکە کەسی تێدا نییە، پاشا دەڵێ: «خۆت دادگایی بکە!»

ئەو چیرۆکانە سەربەخۆن
لە هەسارەیەکی تر کەسێکی لووتبەرز و خۆپەرست، لە یەکێکی تر بەدمەستێک... هەموو ئەو چیرۆکانە سەربەخۆن، بەڵام لە ئامانجدا یەک دەگرنەوە: لە پشت هەر وردە چیرۆکێکدا پەیامێکی فێرکارانە بۆ منداڵان و هاوکات شاییستەش بۆ گەورەکانی تێدا بۆ لێ وردبوونەوە. بۆ تێفکرین و رامانی قووڵە، کە ئێمە لەنێو هەموو ئەو جۆرە لە مرۆڤانە و زیاتریش دەژین. چۆن دەتوانین هاوشێوەی ئەوان بین یاخود نەبین. 
وەک حەوتەمین هەسارە دەگاتە زەوی و لەسەر زەوی مار و مەرگ و ژین درەک دەکات، دواتر زایەڵە دەناسێت، زایەڵە گەڕانەوەی دەنگی تەنیایی مرۆڤە بۆ خۆی. دنیا دەناسێت، هاوکات دنیامان پێ دەناسێنێت، ئەویش بە چاوی کەسێکەوە کە لە هەسارەیەکی ترەوە دێت و  پێمان دەڵێت؛ ئەو دڵخۆشە بەو تاقە گوڵەی لە هەسارەکەیدا هەیە، کەچی ئێمە گوڵزارێک لەم هەسارەی خۆمان نابینین.

هەبوونی فەلسەفە بەو چڕییە لە زۆربەی کتێبەکانی ئێگزۆپێریدا، مرۆڤ دەخاتە رامان و بیرکردنەوە. دۆزینەوەی شوێنگەلێک لەم چیرۆکەدا کە لەگەڵ ژیانی سان- ئێگزۆپێری یەک دەگرنەوە سەرسامکەرە. سان- ئێگزۆپێریش فڕۆکەوان بووە و هاوشێوەی پاڵەوانەکەی شازادەچکۆلە رۆژێک لە ئاسمان ون دەبێت. شازادە چکۆلەی لە ساڵی 1940، لە نیویۆڕک، لەسەروبەندی داگیرکردنی فەرەنسا لەلایەن ئەڵمانیاوە، نووسی. ئێگزۆپێری لە شەڕی دووەمی جیهانیدا گەڕایەوە وڵاتەکەی و چووە ڕیزی سوپای وڵاتەکەی. لە 31 تەمووزی 1944دا کاتێک دەیەویست لەسەر دەریای سپی ناوەڕاستدا ئەڵمانەکان دووربخاتەوە، لە ئاسماندا ونبوو. تا ماوەیەکی زۆر جەستە و فڕۆکەکەی نەدۆزرایەوە. ساڵی 1998 ماسیگرێکی مارسیلیایی دەستبەندێکی دۆزییەوە کە هی ئێگزۆپێری بوو. ساڵی 2004 لەو ناوچەیەی دەستبەندەکەی تێدا دۆزرایەوە کنە و پشکنین دەستی پێ کرد. لە ئەنجامدا ئەو فڕۆکەیەی ئێگزۆپێری فڕۆکەوانی بوو دۆزرایەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان