هەفتەی رابردوو فێستیڤاڵی پێکەوەژیان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، دەستەی ئامادەکارو بەڕێوەبەریی فێستیڤاڵەکە بەو بۆنەیەوە بە هاوکاریی کوردستانی نوێ سێ ژمارەی لە دوو توێی (شار سینەما)دا بە قەبارەی چوار لاپەڕە بەو بۆنەیەوە بڵاوکردەوە، کە تێیدا چەندین بابەت خرایەڕوو، ئەم بابەتەی نووسەر و رووناکبیر د. مەریوان وریا قانع-یش هەر بۆ ئەو دوو توێیە ئامادەکرابوو، بەڵام لەبەر درێژیی بابەتەکە و هاوکات بەپێزیی ناوەڕۆکەکەی، بەباشمان زانی لە دوتوێی ئەم دۆسێ تایبەتەدا بڵاوی بکەینەوە.
لەم بابەتەدا نووسەر زۆر بە دیقەتەوە رۆڵی هونەر و ئەدەب هەڵدەسەنگێنێت لە پشتگیریی جەنگ و کاولکاری لەلایەک و هاندان بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لەلایەکی دیکەوە و پێیوایە زۆربەی رژێمە دیکتاتۆر و هێزە ستەمکارەکانیش هونەرمەند و ئەدیبی خۆیان هەبووە بۆ پیرۆزکردنی جەنگ و کاولکاریی و ستەمێک کە کردوویانە و جەختیش لەسەر ترس و ئومێد دەکاتەوە لە هونەر و ئەدەبی سەنگیندا کە بتوانن بە بەکارهێنانی ژانرە ئینسانییەکانی ئەدەب و هونەر خزمەت بە دژایەتی جەنگ و بەرقەرارکردنی ئاشتی بکەن.
دۆسێ
د. مەریوان وریا قانع
لەگەڵ لەدایکبوونی دونیای تازە لە سەدەی هەژدەهەمدا، ئەو دونیایەی کە بە ”دونیای مۆدێرن“ ناودەبرێت، بیرکردنەوە لە دابینکردنی ئاشتیش لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە و مرۆڤەکاندا دەبێت بە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی فیکر. ئەو بوونەوەرە گەورە و ترسناکە، بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستە، کە ناوی دەوڵەتە لە دایک دەبێت. بە حوکمی ئەوەی ئەم دۆخە تازەیە توانایەکی تەکنۆلۆژیی و مرۆیی گەورە بۆ بەرپاکردنی جەنگ دەهێنێتەکایەوە، دەوڵەتی مۆدێرن و کۆمەڵگەی پیشەسازیی و تەکنۆلۆژیای تازە، هەموویان توانا جەنگیی و وێرانکەرەکانی مرۆڤ بە رادەیەکی بەرچاو گەورە دەکەن. بۆیە هاوکات کۆمەڵێک فیکر و روانینی نوێش لە دایک دەبن کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت و خاوەن ماف و خاوەن ئازادیی هەڵبژاردن، دەبیین و پێویستیی پاراستنی ئەمانەش وەک ئەرکی ژمارە یەکی کۆمەڵگە و دەوڵەت و کەلتور و شارستانیەت نیشان دەدەن. لەم دۆخەدا بیرکردنەوە لە ئاشتیی گرنگییەکی گەورە و تایبەت وەردەگرێت، چۆنێتی سەقامگیرکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و ئاشتیی نێوان دەوڵەت و نەتەوەکان دەبێت بە یەکێک لە سەرقاڵییە سەرەکییەکانی فیکر و بیرکردنەوەی رەخنەیی. ئەم گەشەکردنە دوو جەمسەرە، واتە لە سەرێکەوە گەورەبوونی توانا تێکشکێنەرەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگە و مرۆڤەکان، لە سەرێکی دیکەوە لەدایکبوونی کۆمەڵێک دید و روانینی نوێ کە پێ لەسەر پاراستنی ژیان و کەرامەت و ئازادیی و مافی مرۆڤ دادەگرن، وادەکەن مەسەلەی دەستەبەرکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و ئینسانیی، ئاشتی نێوان دەوڵەتەکان و نەتەوەکان، ببێت بە یەکێک لە تێما سەرەکییەکانی ناو فیکر لەو دونیا مۆدێرنەدا.
یەکێک لە کتێبە هەرە بەناوبانگ و گرنکەکانی بواری فیکر و فەلسەفەی سیاسییش کە تەرخانە بۆ شیکردنەوەی چۆنێتی دەستەبەرکردنی ئەم ئاشتییە، ئاشتییەکی هەمیشەیی، کتێبەکەی فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانۆیل کانتە (1724-1804) ، کە لە ساڵی 1795 دا دەینوسێت و بڵاویدەکاتەوە. کانت کتێبی ”ئاشتیی هەمیشەیی: وتارێکی فەلسەفیی“ تەرخان دەکات بۆ بیرکردنەوە لەو دۆخ و هەلومەرج و بکەرانەی، کە دەتوانن ئاشتیی هەمیشەیی بۆ مرۆڤایەتی، دابینبکەن.
ئاشتییەکی هەمیشەیی
کانت لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کە جەنگ دیاردەیەکی بەرچاوی ناو ئەو دونیا تازیەیە کە دروستبووە، باس لەوە دەکات ئەو دەوڵەتانەی لە جیهاندا هەن، یان لە دۆخی جەنگدان لەگەڵ یەکتریدا، یاخود لە دۆخی ئاشتییەکی لاواز و ناجێگیردان.
ئەوەی کانت بەدوایدا دەگەڕێت دروستکردنی دۆخێکە تیایدا دەوڵەتان و دانیشتوانەکانیان، ئەم دۆخی ململانێ و جەنگە هەمیشەیی و بەردەوامانە تێپەڕێنن و بیگۆڕن بۆ دۆخی ئاشتییەکی هەمیشەیی. کانت لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کە جەنگ دیاردەیەکی سروشتییە و لەگەڵ بوونی مرۆڤدا بوونی هەیە، ئەوەی لە ژیانی مرۆڤەکاندا سروشتییە جەنگە نەک ئاشتیی، ئەوە جەنگە بەشێکە لە دۆخی سروشتی مرۆڤەکان نەک ئاشتیی لە نێوانیاندا، بۆیە ناکرێت چاوەڕوانی ئەوەبین دۆخی ئاشتیی لە سروشتەوە بۆ مرۆڤەکان بمێنێتەوە، لە باتی ئەمە دۆخی ئاشتیی پێویستی بە ئیش بۆکردن و دروستکردن هەیە، مرۆڤ دەبێت ئەو دۆخە دروستبکات. هاوکات دەوڵەت خۆشی، بە سروشتی خۆی، دروستکەر و پارێزەری ئاشتیی نییە، بەڵکو پێویستە رابکێشرێت و ببرێتە ناو ئاشتییەوە. ئەگەر تاکەکەسەکان لە رێگای ”پەیمانی کۆمەڵایەتیی“ەوە دۆخی ئاشتیی لەنێوان خۆیاندا دروستبکەن، دەوڵەتانیش پێویستیان بەوەیە رێکەوتنی تایبەت دروستبکەن بۆئەوەی بتوانن بە ئاشتیی بگەن. کانت چارەسەرێکی خێرای بۆ دروستبوونی ئەم ئاشتییە هەمیشەییەی پێ نییە، بەڵام لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کە دەوڵەت پێویستی بە حوکمڕانیی یاسا هەیە و پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکانیش لەگەڵ یەکتریدا، پێویستە بەهەمان جۆر بەپێی یاسا رێکبخرێت. ئەو مەرجانەی کانت بۆ گەیشتن بە ئاشتیی هەمیشەیی دایدەنێت شەش مەرجی سەرەکیین، بەڵام مەرجی هێجگار زەحمەت و هەندێکیشیان لە دونیای ئەمڕۆدا وەک مەحاڵ، یان وەک خواستێکی یۆتۆپیی وێنادەکرێت. ئەو مەرجانەش ئەمانەن:
1- هیچ رێکەوتن و پەیماننامەیەکی ئاشتیی قبووڵنەکرێت و رەوایەتی پێنەدرێت، ئەگەر بەندی نهێنی تێدابێت رێخۆشکەربێت بۆ جەنگ لە داهاتوودا.
2-هیچ دەوڵەتێک کە سەربەخۆبێت، جا چ بچووک بێت یان گەورە، نابێت لەلایەن هیچ دەوڵەت و لایەنێکی ترەوە دەستی بەسەردا بگیرێت.
3-بە تێپەڕبوونی کات سەرجەمی سوپاکان هەڵبوەشنێرنەوە.
4- هیچ قەرزێکی نیشتمانی نابێت پەیوەستبکرێت لەگەڵ کاروباری دەرەوەی دەوڵەتدا.
5- هیچ دەوڵەتێک نابێت بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبخاتە ناو کاروباری بەڕێوەبردن و ناو دەستووریی دەوڵەتێکی ترەوە.
6-هەر دەوڵەتێک لە دۆخی جەنگدابێت لەگەڵ دەوڵەتێکی تردا، نابێت کاری دوژمنکارانەی وا ئەنجام بدات، کە متمانە دروستکردن لە دواتردا مەحاڵ بکات.
چوارچێوە سەرەکییەکانی کانت
خوێنەر سەرنج بدات کانت لە مەرجی سێهەمدا داوای هەڵوەشاندنەوەی سوپاکان دەکات، داوایەک لە دونیای ئەمڕۆدا لە مەحاڵ دەچێت و هیچ ئەگەرێک بۆ دابینکردنی لەئارادا نییە. لە راستیدا سوپا لە دونیای ئەمڕۆدا نەک لەناونەچووە، بەڵکو زۆرینەی هەرە زۆریان گەورەتر و پڕچەکتر و ترسناکتر بوون. زۆر ترسناکتر لەو سوپایانەی لە سەردەمی کانت و لە سەدەی هەژدەهەمدا، لە ئارادابوون. هاوکات کانت کۆمەڵێک چوارچێوەی سەرەکییش پێشنیازدەکات بۆ پیادەکردنی ئەو مەرجانەی لەسەرەوە باسمان کرد، کە دەکرێت زۆر بە کورتی لێرەدا باسیان بکەین. یەکەم: پێویستە هەموو دەوڵەتەکان هەم کۆماری بن و هەم خاوەنی دەستوورێکی مەدەنیی کۆمارییانە بن. دووهەم: پێویستە کۆمەڵێک یاسای یەکگرتوو هەبێت بۆ هەموو نەتەوەکان و ئەو یاسایانەش ناویان دەنێت «یاسای گەلان»، کە لەسەر بنەمای یەکێتیی دەوڵەتە ئازادەکان دامەزرابێت.
سێهەم: بوونی ماف بۆ مرۆڤ وەک هاووڵاتیی جیهانیی، لەسەر بنەمای میوانداریی هەمەلایەن.
وەک دەبینین کانت چوارچێوەی جیهانی بۆ گەیشتن بە ئاشتیی پێشنیازدەکات، باس لە یاسای گەلان و هاووڵاتیی جیهانی و میوانداریی مرۆڤەکان لە شوێنە جیاوازەکانی جیهاندا، دەکات. لە راستیدا یەکێک لەو بیرۆکە سەرەکییانەی کانت لە کۆتایی کتێبەکەیدا پێی لەسەر دادەگرێت، بیرۆکەی کۆسمۆپۆلیتیزمە، کۆسمۆپۆلیتیزم بە مانای وێناکردنی جیهان وەک نیشتمانێک بۆ مرۆڤەکان، کۆسمۆپۆلیتیزم بە مانای جیهان نیشتمانیی. وێناکردنی جیهان وەک ماڵێکی گەورە و هاوبەش بۆ هەموو مرۆڤەکان، بەجۆرێک لەناو ئەم ماڵەدا هەموو مرۆڤێک مافی میواندارییەکی جیهانیی، هەبێت. میوانبوون لەو ماڵە جیهانییەدا بە سەرجەمی مافەکانی میوانبوون و میواندارییەوە. بەڵام وێناکردنەی جیهان وەک ماڵێکی هاوبەش و وەک نیشتمانی هەمووان مانای ئەوە نییە هەموو میللەت و کەلتور و کەلەپوورە جیاوازەکانی جیهان بتوێنەوە و ببن بە یەک، کورتببنەوە بۆ کۆپی و وێنە و سێبەری یەکتری. بەپێچەوانەوە، کانت بەڕاشکاوی بیرۆکەی بوونی یەک دەوڵەتی جیهانی بۆ هەموو مرۆڤایەتی رەتدەکاتەوە، چونکە بوونی دەوڵەتێکی لەو بابەتە جیاوازیی ناو کەلتوورەکان کاڵ دەکاتەوە و چەمکی سەروەریی میللەتانیش پێشێل دەکات. لای کانت بیرۆکەی دروستکردنی یەک گەل لە هەموو جیهاندا بیرۆکەیەکی بێمانایە، ئەوەی دەکرێت دروست و دەستەبەر بکرێت، کۆبوونەوەی دەوڵەتەکانە بەیەکەوە لەناو فیدراسیۆنێکی جیهانیدا.
کانت کاتێک باس لە «جیهان نیشتمانیی» و «میوانداریی گەردونیی» دەکات، وەک خۆی دەڵێت، باس لە بابەتێکی خێرخوازییانە ناکات، بەڵکو باس لە ماف دەکات. مرۆڤ مافی هەیە هەموو جیهان بە ماڵی خۆی بزانێت و مافی ئەوەی هەیە میوان بێت لە شوێنە جیاوازەکانی جیهاندا. لە دیدی کانتەوە هەرکاتێک غەریبێک رێی بکەوێتە هەر شوێنکەوە، مافی ئەوەی هەیە وەک میوان مامەڵە بکرێت. ئەم مافی میواندارییە دەشێت تا ئەو شوێنە بڕوات ببێتە هۆکاری دروستبوون و هاتنەکایەی دەستوورێکی جیهانیی، دەستوورێک بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
بە کورتییەکەی، کانت کاتێک باس لە ئاشتی هەمیشەیی دەکات باس لە سێ شتی سەرەکیی دەکات. یەکەم: باس گرنگیی رێکەوتنی دەوڵەتەکان لەگەڵ یەکتریدا دەکات.
دووەم: باس لە رێکەوتنی دەوڵەتەکان لەگەڵ میللەتەکانی خۆیاندا دەکات. سێیەم: باس لە بوونی مافی میواندارێتی گەردوونیی و هاووڵاتیبوونی جیهانی دەکات. ئێستا با بپرسین ئایا ئەگەر بکرێت هونەر رۆڵێک لە دروستکردن و چەسپاندنی ئەم ئاشتییە جیهانییەدا ببینێت، دەتوانێت لە کام ئاست لەو سێ ئاستەدا ئامادەبێت و کاربکات؟
پێگەی هونەر لەناو ئەم پڕۆژەی ئاشتییەدا
لە راستیدا کانت لە پڕۆژەی دامەزراندنی ”ئاشتییەکی هەمیشەیی“دا باسی پێگەی هونەر و بەشداریی هونەر لە دروستبوونی ئەم ئاشتییە جیهانیەدا ناکات. ئەو کۆڵەکە سەرەکییەکانی دروستکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی جیهانیی بە کۆمەڵێک خاڵەوە گرێ دەدات، کە پەیوەندییان بە شێوازی دەوڵەت و چۆنێتی رێکخستنی پەیوەندیی ناوەکیی نێوان هاووڵاتیان و دەوڵەت و پەیوەندیی دەوڵەتەکان لەگەڵ یەکتریدا، هەیە. باس لە گرنگیی بوونی یاسای گەلان دەکات. واتە پڕۆژەکەی کانت پڕۆژەیەکە لە ئاستی رێکخستنی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان دەوڵەتەکان لەگەڵ یەکتریدا و لەناو دەوڵەتیشدا لەنێوان هاووڵاتیان و حوکمڕاناندا، ئامادەیە. کتێبی ”ئاشتیی هەمیشەیی: وتارێکی فەلسەفیی“ خۆشی، کتێبێکە سەر بە تیۆرە و فەلسەفەی سیاسیی نەک باسکردنی هونەر و رۆڵی هونەر لە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا. بەڵام بە بۆچوونی من ئەگەر بمانەوێت شوێنێک بۆ هونەر و ئەدەبیات لەناو ئەم پڕۆژە کانت-یەدا بدۆزینەوە، پێویستە بیبەستینەوە بەو خاڵەوە کە کانت تیایدا باس لە ”جیهان نیشتمانی“ و گۆڕینی جیهان بۆ ماڵێکی گەورە دەکات. لەو شوێنەدا کە ئەو مرۆڤ وەک گەڕیدە و میوانێکی گەردونیی وێنادەکات.
بە بۆچوونی من، هونەر و ئەدەبیات دەتوانن لە دروستکردنی ئەو رۆحییەتی میواندارییە جیهانییەدا، لە دروستکردنی ئەم وێنەیەدا بۆ مرۆڤ وەک کەسێک هەموو جیهان بە نیشتمانی خۆی بزانێت، میوانێک بێت لەودیو و لە پشتی سنوورەکانەوە، بەشداربن. بەڵام بەرلەوەی کەمەکێک زیاتر لەسەر ئەم خاڵە بدوێم، دەمەوێت زۆر بە کورتی رەخنەی ئەو دیدە رۆمانسییە بکەم، کە هونەر و ئەدەبیات، بە رزگارکەری مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەزانێت و نیشانی بدەم کە چەندان جۆر و رێبازی هونەری هەیە و هەبووە، تەواو پێچەوانەی خواستی بەرقەرابوونی ئاشتیی جیهانیی، کاریکردووە و کاردەکات. بۆیە هونەر بە مانا رەهاکەی ناکرێت و ناتوانێت نە بەشێک بێت لەم پڕۆژە کانتییە، نە جێگەشی لەناو پڕۆژەی دروستکردنی ئاشتیی و میوانداریی جیهانیدا دەبێتەوە.
هەندێک جار هونەر و ئەدەب دەچێتە خزمەتی ستەمکاریی و جەنگەوە
هونەر و جەنگ
مێژووی هونەر لە مێژووی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرهەنگیی کۆمەڵگەکان دانابڕێت، هونەر هەم بەشێک بووە لە دروستبوون و مانەوەی ئەو کۆمەڵگانە و هەم بەشداریش بووە لە پڕۆسەی گۆڕانکارییدا. لە پەیوەندیی هونەر و ئەدەبیات بە جەنگەوە دەکرێت باس لە بوون و ئامادەگیی پەیوەندییەکی ئاڵۆز بکەین. دەتوانین بەشێوەیەکی گشتیی قسە لە بوونی ”کۆمەڵگە“ و ”کەلتوریی“ جەنگاوەرانە بکەین، کە تیایدا کەسایەتی جەنگاوەر، کەسایەتییەکی گرنگ و جێی ستایش و پیاهەڵدانی کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی و هونەریی بووە. جەنگ خۆشی شوێنی نیشاندانی شەرەفمەندیی و شکۆی مرۆڤەکان و پیاهەڵدان بە ئازایەتیی و چاونەترسیدا، بووە. تەنانەت دەکرێت قسە لە بوونی ”کۆمەڵگەی سەربازیی“، واتە ”میلیتاریی“ بکەین. لەم رووەوە کۆمەڵگەی سپارتا لە یۆنانی کۆندا یەکێکە لە دیارترین ئەو نموونانەی کە تیایدا کەسایەتی جەنگاوەر پێگەکەی، کەسایەتیی و پێگەیەکی هێجگار گرنگ و بەرزبووە. جەنگ خۆشی شوێنی نیشاندانی بەهاکانی پیاوەتی و ئازایەتی و مەردایەتی بووە. لە یۆنانی کۆندا، هەموو کۆمەڵگەی سپارتا بەدەوری سوپاکەیدا دروستکرابوو، سوپاکەشی تەنها سوپای پیاوە ئازادەکان بوو، واتە نە کۆیلە و نە ژنی تێدانەبوو. لە سپارتادا قوتابخانەی تایبەت هەبووە، منداڵانیان وا پەروەردە کردووە کە گەورەبوون ببن بە جەنگاوەر. ئەدەبیات و هونەری ئەو سەردەمە لە پەیوەندییەکی پتەودابوون لەگەڵ ئەم بابەتانەدا، جەنگی کۆمەڵگەکانیان و جەنگاوەرەکانیان بەرز و بەڕێز نرخاندووە. رەنگە بەناوبانگترین تێکستێک کە بەسەرهاتی ئەم جەنگانە بگێڕێتەوە ئەلیازە و ئۆدێسەی، شاعیری یۆنانی، هۆمیرۆس بێت.
لە کۆمەڵگە عەرەبییە کۆنەکاندا پەیوەندیی نێوان هونەر و جەنگ، تا ئەو شوێنە رۆیشتووە هەر خێڵێک و شاعیری تایبەت بەخۆی هەبووە، کە بەرگریی لە خێڵەکە و لە جەنگ و جەنگاوەرانی خێڵەکە، کردووە. شیعری حەماسەت خۆیشی، تەرزێکی تایبەتە لە شیعر، کە پەیوەندییەکی راستەوخۆ و بەهێزی بە جەنگ و جەنگاوەرییەوە هەبووە. لەم جۆرە ئەدەبیاتەدا بەهاکانی ئازایەتی، جەنگاوەری، پاڵەوانێتی، غەزوکردن و پەلاماردان، بەرز نرخێندراون. لەگەڵ ئیسلامیشدا چەمکی ”جیهاد“ لەدایک دەبێت و جیهاد و پەلامارە ئاینییەکان، وەک بەرزترین شێوازی کردەی ئینسانیی نیشاندراون و موجاهید خۆیشی وەک راستەقینەترین و بەرزترین شێوازی مرۆڤبوون. جیهاد خۆیشی دەبێتە گرنگرتین کارێک مرۆڤ لە ژیانیدا، بتوانێت بیکات.
لە سەردەمە تازەکانیشدا، بە تایبەتی لە سەدەی بیستەم و هاتنەکایەی جەنگی دژ بە کۆلۆنیالیزم و داگیرکاریی، چەمکی ”شۆڕشگێڕ“ و ”خەباتکەر“ دژ بە کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم لە دایک دەبێت و لە ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمدا ئەوان وەک پاڵەوانە نوێکانی ناو کۆمەڵگە وێنادەکرێن و دەچنە ناو هونەر و ئەدەبیاتی میلەتەکانیانەوە. جەنگە گەورەکانی وەک جەنگی یەکەمی جیهان و جەنگی دووەمی جیهانیش بێبەش نەبوون لە گوتار و لە شێوازێک لە هونەر و ئەدەبیات کە جەنگاوەرەکانی بەرز نرخاندووە.
هاوکات هونەرمەند و قوتابخانەی هونەریی هەبوون جەنگیان وەک ئامرازێکی گرنگی چالاککردن و پاکژکردنەوەی مرۆڤ لە بێباکیی و تەمبەڵیی و گەمژەیی بینیووە و وێناکردووە، توندوتیژییان وەک وزەی ناوەکیی بۆ گۆڕان بینیووە، جەنگیان وەک ئامرازێک بۆ لەشساغیی و تەندروستیی جیهان، وێناکردووە، چەپڵەیان بۆ بەمیلیتاریزەکردن و بۆ ناسیۆنالیزمی پەڕگیر و بۆ توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە، لێداوە. هەموو ئەمانە بە ئاشکرا لە بەشێک لە مێژووی هونەر لە سەدەی بیستەمدا، دەبینین. لەم سەدەیەدا رێبازی هونەری هەبووە نرخی پیاوەتیی و پیابوونیان، لە فۆرمە سەربازیی و پاتریارکیەکەیدا، بەرزنرخاندووە و وەک پاڵەوانێک کە مێژوو ناتوانێت دەستبەرداری بێت، نیشانداوە. لە هەمانکاتدا ژنانیان وەک بوونەوەری لاواز و کەم نرختر لە پیاو، یان وەک کەسانێکی بیمار و بێهز، نیشانداوە. هەر لەم سەدەیەدا قوتابخانەی هونەری هەبوون، بەرگرییان لە فاشیزم کردووە.
کاتێک مۆسۆلینی لە ئیتالیا دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەو هونەرمەندانەی کە رێبازی ”ئایندەگەرایی“ان دروستکردبوو، futurism، دایانە پاڵ مۆسۆلینی و بەرگرییان لە فاشیزمی ئیتالی، کرد. هونەرمەندە ئایندەگەراکان، وێنەیەکی تەواو پۆزەتیڤی جەنگ و فاشیزم و ناسیۆنالیزمیان نیشان دەدا، کە دژ بە پێکەوەژیان و ئاشتیی مرۆڤەکان و کۆمەڵگەکان بوو لەگەڵ یەکتریدا. فیلیپۆ مارینیتی، Fillippo Marinetti، شاعیر و نووسەری ئیتالی، دامەزرێنەری رێبازی ئایندەگەرایی، دواتر دەبێتە بەرگریکەرێکی سەرسەخت لە فاشیزمی ئیتالی و هاوڕێ و هاوخەباتی مۆسۆلینی خۆشی. سەرسامبوون بە هێز، بە پیاوسالاریی، بە ریسککردن و باوەشکردنەوە بۆ مەترسیی، سەرسامبوون بە جەنگ و ناونووسکردنی کۆمەڵگە بە گەمژە و خەواڵوو، بەشێک بوو لە دیدگای ئەم رێبازە هونەرییە. لەم سەدەیەدا بەشێکی گرنگی هونەرمەندانی ئیتالی و ئەڵمانی بەر لە جەنگی یەکەمی جیهان و دوای جەنگەکەش بەرەو فاشیزم و بەرەو ئامێزکردنەوە بۆ توندوتیژیی و جەنگ، رۆیشتن. لە مانیفێستی ئایندەگەراندا، فیلیپۆ مارینیتی بە ئاشکرا و بێپەردە دەڵێت: ”ئێمە دەمانەوێت جەنگ شکۆمەند بکەین - کە تاقە پاکژییەکە لە جیهاندا -، دەمانەوێت میلیتاریزم، نیشتمانپەروەریی پەڕگیر، کردەوە وێرانخوازەکانی ئەنارکیستەکان، ئەو بیرۆکە جوانانەی کە مرۆڤەکان لە پێناویاندا دەمرن، شکومەند بکەین›. هەروەها دەنووسێت: ‹ئێمە دەمانەوێت مۆزەخانەکان وێران بکەین، دەمانەوێت کتێبخانەکان، هەموو جۆرە ئەکادیمیاکانیش. هەروەها خەبات دژی ئەخلاقگەرایی و فێمینیزمیش دەکەین، خەبات دژی هەموو جۆرە هەلپەرستییەک، یان ترسنۆکییەکی قێزەونانە.
بە کورتییەکەی ئەو دیدە رۆمانسییەی کە پێیوایە هونەر و ئەدەبیات بە درێژایی خەت پاکژن و تاقە رووبەرن بتوانن مرۆڤایەتی رزگاربکەن و کۆمەڵگە لە ناشیرینی و ستەمگەریی و نائینسانییەت بپارێزن، دیدێکی هەڵەیە. نە مێژووی هونەر و نە مێژووی جەنگ و نە مێژووی جەنگاوەران نایسەلمێنێت. بەڵام ئەم راستییە تاڵە لەوە ناگۆڕێت کە هونەر و ئەدەبیات دەتوانن کاری گرنگ و گەورە بە ئاراستەی گواستنەوەی مرۆڤ لە دۆخێکی نائینسانیی تاریکەوە بەرەو دۆخێکی ئینسانیی رووناک بگوێزنەوە. بێگومان لە دونیای مۆدێرندا رەخنەکردنی جەنگ و جەنگاوەران، رەخنەکردنی توندوتیژیی و تێکشکاندن، بەشێکی گرنگیی هونەر و ئەدەبیاتە. شکسپیر، بۆ نموونە، لە شانۆگەری ”لیر پاشادا“ جەنگاوەر بە ”کەسێکی گەمژە و نەزان“ ناودەبات. رۆمانی ”دۆن کیشۆت“ی سێرڤانتس گاڵتەجاڕیکردنێکی تەواوە بە جەنگ و بە کەسایەتی جەنگاوەر. جەنگە گەورەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەدەی بیستەمیش رێگە بۆ دروستبوونی چەندان قوتابخانە و رێبازی هونەریی و ئەدەبیی و فەلسەفی کردەوە کە هەموویان دژ بە جەنگن. قوتابخانەی سیمبۆلیزم لە پەیوەندییەکی بەهێزدا بە جەنگی ساڵی 1870 دروستبوو، رێبازەکانی دادایزم و سوریالیزم دوای جەنگی یەکەمی جیهان و وەک کاردانەوە بەڕووی ئەو جەنگەدا، دروستبوون. جەنگی دووەمی جیهانیش بووە هۆکاری لە دایکبوونی بوونگەرایی وەک رێبازێکی فەلسەفی و ئەدەبی، کە بەرگریکردن لە تاکەکەسی ئازاد خاڵی هەرە سەرەکیی و بنەڕەتییە، لەناویاندا. هاوکات جەنگی ڤێتنامیش چەندان تێکستی ئەدەبیی و کاری سینەمایی و تابلۆی هونەریی گرنگیی دروستکرد، کە ئیدانەیەکی گەورە و هەمەلایەنی جەنگن.
ئەو خاڵەی دەمەوێت لەم نووسینەدا بەرگریی لێبکەم ئەوەیە کە هونەر ”جەوهەر“ێکی نەگۆڕی نییە، جەوهەرێکی پاکژی گریمانکراو کە هەمیشە لەپاڵ ژیان و مرۆڤ و جوانییدا بێت. مێژووی هونەر چەندان نموونەمان دەخاتە بەردەست تیایاندا هونەر درێژکراوەی جەنگ و ستەمگەریی بووە، بەشێک بووە لە سیستمێکی خنکێنەر، یەکێک بووە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی رژێم و کۆمەڵگەیەکی دژەمرۆڤ. هەمان شت لە پەیوەندیدا بە خودی هونەرمەندان و ئەدیبانیشەوە هەر راستە. چەندەها هونەرمەند و نووسەر هەبوون ئامرازی گرنگی پڕوپاگەندەکردن بوون بۆ ئایدیۆلۆژیا یان سیستمێکی سیاسیی دژەمرۆڤ. ستالینیزم و فاشیزم و بەعسیزم و...هتد، هەموویان هونەریان وەک پڕوپاگەندە بەکارهێناوە و هەموویان هونەرمەندیان هەبووە بەرگرییان لەو سیستمانە کردووە کە ئەو ئایدیۆلۆژیایانە ویستویانە، دروستی بکەن. وەک چۆن هونەر و هونەرمەندیش هەبوون دەنگی ناڕەزایی دەربڕین و بەرگریکردن لە ئینسان و جوانییەکانی ناو ژیان بوون. هونەر هەیە داوای شۆڕش و یاخیبوون دەکات، داوا لە ئینسان دەکات فۆرمی ئینسانیبوونی گەمارۆدراو و سەپێنراوی خۆی قبووڵ نەکات، داوای ئەوە دەکات مرۆڤ ببێت بە کەس و بوونەوەرێکی نوێ، ئازادتر و بەخشندەتر و کارامەتر و داهێنەرتر لەوەی لە ئێستادا هەیە، وەک چۆن هونەریش هەیە گۆرانی بۆ دیکتاتۆرەکان بۆ جەنگەکان، دەڵێت. بە مانایەکی دیکە هونەری پاکژ، هونەرێکی دابڕاو لە ژیان، دابڕاو لە کۆمەڵگە، دابڕاو لە سەردەم و قۆناغە مێژووییەکان، دابڕاو لە ململانێکان، لەئارادا نییە.
هونەر لەناو یۆتۆپیادا بەرهەم ناهێنرێت، بەڵکو لەناو کۆمەڵگە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و رەمزییەکاندا، دروستدەکرێت. دەچێتە پەیوەندیی تایبەتیشەوە لەگەڵ هەریەکێک لەو شتانەدا. هونەرێک نییە لە دەرەوەی کات و دەرەوەی شوێن و دەرەوەی دۆخی ئاڵۆزیی مێژوویی مرۆڤبووندا. بەم مانایە هەم کۆمەڵگە و مێژوو کاریگەرییان لەسەر هونەر هەیە، هەم هونەریش کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە و مێژوو هەیە. لە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیەدا شتێک بەناوی هونەرەوە لەئارادا نییە و ناشبێت.
بێگومان ئەو هونەرانەی لەپاڵ مرۆڤ و لە پاڵ ژیاندان، تەنها دژ بە دەوڵەت و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا ستەمگەرەکان نین، بەڵکو دژ بەو فۆرمانەی کۆمەڵگەشن کە کێشە لە دوای کێشە و کۆت لە دوای کۆت و جەنگ لە دوای جەنگ، بەرهەم دەهێنێت. وەک چۆن ستالین و هیتلەر و سەدام حسێن پەیکەرتاش و هونەرمەندی شێوەکار و فیلمسازی تایبەتیان هەبووە، وەک چۆن گۆرانیبێژ و شاعیر و رۆماننووسی تایبەتیان هەبووە، ئاواش سەرجەمی ئەو بزووتنەوانەی دژ بە فاشیزم و ستالینیزم و سەدامیزم بوون، هەموویان هونەرمەند و گۆرانیبێژ و فیلمساز و پەیکەرتاشی خۆیان هەبووە. کەسانێک هەبوون رەخنەی هەموو ئەو رەگەزە کۆمەڵایەتیی و ئایینی و ئەخلاقیی و سیاسیی و رەمزییانەیان کردووە کە جیهانی بەو دیکتاتۆر و جەنگ و ستەمە گەورانەوە، دروستکردووە.
زۆر شێوازی هونەر و ئەدەب بە شێوەی سوریالی چوونەتە خانەی دژایەتیی جەنگ و کاولکارییەوە
گەڕانەوە بۆ ئاشتیی
لە پەرەگرافی پێشووتردا باسم لەوە کرد کە هونەر دەتوانێت بەشێک بێت لە دروستکردن و قایمکردنی پێگەی ئاشتییەکی جیهانی، کاتێک ببێت بە یەکێک لەو هێزانەی کە جیهان وەک ماڵێکی گەورە و هاوبەش بۆ سەرجەمی مرۆڤایەتیی وێنابکات. ماڵێک سنووری تێدانەبێت و شوێنی هەمووانیشی تێداببێتەوە بە هەموو جیاوازییەکانەوە. بیرۆکەی ماڵێکی جیهانی هاوبەش، کە هی هەمووان بێت و هەموومان هەم تیایدا بژین و هەم تیایدا میوان بین، دەتوانێت یەکێک لە رێگە هەرە گرنگ و سەرەکییەکانی دروستکردنی ئەو جیهانە و ئەو ئاشتییە بێت کە دەیپارێزێت. لەم رووەوە دیدی کانت بۆ مرۆڤ وەک میوانێکی گەردونیی و بۆ جیهان وەک ماڵێکی هاوبەش، دیدێکی گرنگە. بەرهەمهێنان و زیندووکردنەوەی لەناو هونەر و ئەدەبیاتدا دەتوانێت بەشداربێت، نەک تەنها لە بەگژاچوونەوەی جەنگ و وێرانکاریی و بێ ماڵیی و بێ جیهانکردنی مرۆڤەکاندا، نەک تەنها دەتوانێت رەخنەیەکی بەهێزبێت لەسەرجەمی ئەو روانینانەی کە مرۆڤ وەک دوژمنی مرۆڤ و میلەتێک وەک دوژمنی میلەتێکی تر، وێنادەکەن، یاخود جۆرێک لە مرۆڤبوون لە جۆرێکی تریان بە بەرزتر و باڵاتر دەزانن، بەڵکو دەتوانێت بەشداریش بێت لە کردەی دروستکردنی ئەو ئاشتییەدا کە توانای پاراستنی ئەم گشتە گەورەیەی بەیەکەوە هەبێت. بۆ ئەمە پێویستە هونەرمەند خۆشی لەیەک کاتدا هەم هونەرمەند بێت و هەم هاووڵاتییەکی بەرپرسیار.
هونەر و دونیای ئێمە
دواهەمین خاڵێک دەخوازم لێرەدا کەمەکێک لەسەری راوەستم باسکردنی ئەو هەستە گەورەیەیە بە ترس کە لە دونیادا بە گشتیی و لە دونیای ئێمەدا بە تایبەتی دروستبووە. بە بۆچوونی من یەکێک لە هەستە هەرە سەرەکیی و بەڵادەستەکانی ناو دونیای ئێمە هەستکردنە بە ترس. ترس لە جەنگ، ترس لە کوشتن، ترس لە وێرانکاری، ترس لە هەڵاتن و سەرهەڵگرتن، ترس لە لەدەستنەدانی ئازیزان و خۆشەویستان، ترس لە گۆڕانی دراوسێ بۆ دوژمن، ترس لە ونبوونی هاوڕێیان، ترس لە ئایندەی منداڵان، ترس لە پیسبوونی ژینگە، ترس لە پەرەسەندنی زیاتر و زیاتری رق و بوغزی هەمەجۆر و... هتد.
پێموایە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی هونەر نیشاندان و بەرجەستەکردنێکی هەمەلایەنەی ئەم ترسە گەورەیەیە، کە وەک ژێرخانی سایکۆلۆژیی زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی ناوچەکە ئیش دەکات. بەڵام ئەم بەرجەستەکردنە هەموو ئەو کارە نییە کە هونەر پێویستە بیکات، لەگەڵ ئەمەدا بینین و نیشاندانی ئاسۆی تر، وێناکردنی جیهانێکی باشتر و هێمنتر، بیرکردنەوە لە مرۆڤێکی بەختەوەرتر، پێشنیازکردنی کۆمەڵێک پەیوەندیی ئینسنانیتر، وێناکردنی خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و هاوسێیەتیی تر، خەون بینین بە ئاشتییەکی بەرقەرارەوە... هتد، هەموویان سەر بەو ئەرکانەن کە پێموایە هونەر دەتوانێت ئاوڕی راستەقینە و بەرپرسانەیان لێبداتەوە. بە مانایەکی دیکە، لە پاڵ بینین و بەرجەستەکردنی فۆڕمە زۆرەکانی ترسدا ئەو درزە بچووکانەش بۆ ئومێد دانەخرێن کە دەتوانن هاریکاریی مرۆڤ بکەن بۆ خەون بینین بە جیهانێکی باشترەوە.
هونەر و دەقە ئەدەبییە ژیاندۆستەکان مەترسییەکانیانی جەنگیان خستۆتەڕوو، بەڵام هاوکات ئومێدیان بە خەڵکی ناڕازیی بەخشێوە
بۆ بەهێزکردنی ئومێدیش، یاخود بۆ چاندنی هیوا، جۆرێک لە باوەڕبوون بە مرۆڤ پێویستە، کە دەشێت لە تابلۆیەک یان لە شیعرێک یان لە فیلمێک یاخود لە تێکستێکی ئەدەبیی و فەلسەفیدا بیدۆزینەوە. شتێک لە بابەتی ئەوەی، ژنە فەیلەسوفی جولەکە هانا ئارێنت، لەدوای تێپەڕین بەناو تاریکستان و ساڵە وێرانکەرەکانی باڵادەستیی نازیزم و فاشیزمدا ناوی ”لەدایکبوون“، Natality، و ”سەرەتای تازە“ی لێدەنێت. لەپشتی هەردوو چەمکەکەی ئارێنتەوە دنیایەک ئومێد و ئەگەری ئومێد ئامادەیە.
ئەم رۆحە ئارێنتییە تێکەڵ بەو خەونە کانتییە کە باسمکرد، دەشێت دەروازیەکی گرنگ بێت بۆ بەرهەمهێنانی جۆرێک لە هونەر و ئەدەبیات کە بتوانێت هێما بۆ جیهانێکی باشتر بکات.
ئەوەی لەمڕۆدا پێویستە فۆڕمی تازەی هاریکاریی ئینسانیی و فۆڕمی تازەی پێکەوەژیان و جۆری تازەی ئایدیالە، کە بتوانن هێما بۆ جیهانێکی ئینسانیتر و باشتر بکەن. ئومێد بە کۆتاییهاتنی فۆڕمە باڵادەستەکانی ئەو ململانێ وێرانکەرانەی لەم ساتەدا هەن و باڵادەستن، بەو فۆڕمانەی کێبڕکێ کە ئەم هەموو نەهامەتیی و ناشیرینیانە لە جیهاندا بەرهەم دەهێنێت، ئومێد بە جۆرێکی نوێ لە پەیوەندیی لەنێوان مرۆڤەکاندا، ئومێد بە «سەرەتای تازە»، خەون بینین بە منداڵانێکەوە جیهانیان لەم فۆڕمەی ئێستایدا قبووڵ نەبێت... هتد. ئینجا دروستبوونی هونەرێکیش بتوانێت هێما بۆ ئاشتییەک بکات کە جیاوازییە زۆرەکانی جیهانی لەئامێز گرتبێت، ئەو فۆڕمانە لە خەیاڵ لە مرۆڤەکاندا بچێنێت کە هەموو هەوڵدانێک بۆ کۆیپکردنی مرۆڤەکان و کۆمەڵگەکان لەسەر بنەمای ئایدیالێک لە ئایدیالەکان، جا چ ئایدیالێکی دینیی یان نادینیی بێت، ئیدانە بکات.
ئومێد پێویستی بە جۆرێکی نوێ لە دی ئێن ئەی DNA هەیە، دی ئێن ئەیەک هونەر دەتوانێت یەکێک لە پێکهاتە سەرەییەکانی دروستکردنی بێت. دی ئێن ئەیەک توانای ئەوەی هەبێت هەموو مرۆڤێک وەک هونەرمەند، وەک شاعیر، وەک داهێنەر وێنا بکات، هونەرمەند و شاعیر و داهێنەری ژیانی تایبەتی خۆیان، هونەرمەند و شاعیری ناو زمانی پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە خۆی و بە ئەوانی ترەوە. دی ئێن ئەیەک هونەر وەک پێداویستییەک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی مرۆڤ بناسێنێت، وەک بەشێک لە بوون و لە ژیان.
بە کورتییەکەی، لە نێوان ترس و ئومێددا دوودڵ نەبین لەوەی کە بچینە بەرەی ئومێدەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی ترسە گەورە و هەمەلایەنەکان و بەبێ ئەوەی هەڕەشە بنەڕەتییەکان، لەبیربکەین. بە بۆچوونی من، ئەمە ئەو ئەرکەیە کە دەشێت هونەر لەم ساتەوەخەتە تایبەتەدا، کە بە زۆر مانا ساتەوەختێکی تاریکە، بیگرێتە ئەستۆ، لە راستیدا نەک تەنها هونەر، بەڵکو کۆی چالاکییە ئینسانییەکانی تریش. ئەم ساتەوەختە پێویستی بە گرێدانێکی بەهێزی ترس و ئومێد بەیەکەوە هەیە، بەڵام بەبێ ئەوەی لەیادمان بچێت کە بڕێکی گەورە لە چاوەڕوانیی هەمەجۆر لە دوامانەوەیە کە نەهاتنەدی، بڕێکی زۆر لە پێشبینی هەبوون کە هەڵەبوون، فۆڕمی زۆری پێکەوەبوون هەبوون و هەیە لەباتی رووناکیی دووکەڵیان لێ هەڵدەستێت، چەندان شێوازی جیاوازیی هاریکاریی هەن، کە مردوون. هەروەها نابێت لەبیرمان بچێت کە بڕێکی زۆر گەورە لە قەول و گفتی درۆ هەن و رۆژانە وەک قارچک بە دەورماندا هەڵدەتۆقێن. درۆی ئاشتیی و راستیی جەنگ. دەڵێم سەرەڕای ئەم راستییە تاڵانە، کە ژێرخانی بەشێکی زۆری ئەو ترسانەیە کە باسمکردن، نابێت ئەو ئومێدەمان لەیاد بچێت کە وەک هانا ئارێنت دەڵێت، لەگەڵ لەدایکبوونی هەر منداڵێکدا دێتە ناو جیهانەوە. ئومێدێک هونەر دەتوانێت هەڵگر و پارێزەر و چێنەری بێت.
ئاشتیی دروستکراوێکی ئینسانیی و کۆمەڵایەتیی مێژووییە، بەشی هونەر لەم دروستکردنەدا بەشێکی گرنگە، لە راستیدا دەشێت یەکێک لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی بێت.
سەرچاوەکان:
Arendt, H (1958). The Human Condition. Chicago: The University of Chicago Press.
Adamson, The History of Futurism: The Precursors, Protagonists, and Legacies
Kant, Immanuel, (1795). Perpetual peace, a philosophical essay; tr. with introduction and notes by M. Campbell Smith ... with a preface by Professor Latta. Kant, Immanuel, 1724-1804. London, G. Allen & Unwin ltd.; [1915]