پیشەوەرانی هوانە خۆپیشاندانیان کرد

09:52 - 2022-09-28
کوردستان
516 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەرانی پیشەوەرانی ناوچەی هوانە، لەلایەك دژی زیادكردنی پارەی ئاو و كارەبا و باج لەسەریان، لەلایەكی دیكەشەوە دژی درێژكردنەوەی خولی پەرلەمان، خۆپیشاندانیان كرد و داواش دەکەن لایەنەكان نەبنەهۆی درێژكردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان.

گرانبوونی کرێی ئاو
یەكێك لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەكەی هوانە، قسەی بۆ میدیاكان كرد و وتی: ئیش نەماوە ئەگینا ئاسایی بوو شتیشیان گران بكردایە لەسەرمان، بەڵام وەك ئەوەی ئیش نییە، شتەكانیش گران دەكەن لەسەرمان. دوكانمان هەیە لەم جێگەیەدا كە دوكانی ئاسنگەریی هەیە 2 ملیۆن و 143 هەزار پارەی ئاوی بۆ هاتۆتەوە لەكاتێكدا ئاسنگەر پێویستی بە ئاو نییە. راشیگەیاند: ئەم حكومەتە دەیەوێت بە خەفەت و باج و كرێ دوكان و كرێی كارەبا بمانكوژێت. «بەهۆی ترسمان لە باج هەموو دوكاندارەكان لۆگۆی دوكانەكانمان لێكردۆتەوە».

تەمەنی پەرلەمان درێژ نەکرێتەوە
یەكێكی دیكە لە خۆپیشاندەرانی ناوچەی هوانە وتی: ئێمە لە 2009وە باجی گۆڕان دەدەین و ئەم وڵاتەیان وێران كرد، ئەمەش مەسەلە ئەوەیە كە ترسی هەیە دەنگ نەهێنێت، دەنگدانی جاری پێشوومان بینی دەنگی نەهێنا و ئەمجارەش دەترسێت دەنگ نەهێنێت. وتیشی: بزوتنەوەی گۆڕان و هەر حزبێك ئەم خولەی پەرلەمان درێژبكاتەوە، بۆ خۆی درێژی دەكاتەوە، نەك بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی.
یەكێكی دیكە لە خۆپیشاندەران وتی: درێژكردنەوەی خولی پەرلەمان قبوڵناكەین لە گۆڕان، یەكێتی و پارتیش.

قسە زۆر دەکرێت و هیچی جێبەجێ ناکەن
بەشداربوویەكی دیكەی خۆپیشاندانەكەی هوانە رایگەیاند: گۆڕان زۆر باسی مافی هەژارانی دەكرد، نوێنەرەكانیان ببینن چی دەكەن لە خەڵك. بەرژەوەندیی خۆیان نەبێت هیچ شتێكی خەڵكیان ناوێت. خەڵكیش باش دەزانن ئەمانە نوێنەری خۆیانن، نەک نوێنەری هەژاران.
بەشداربوانی خۆپیشاندانەکە بە گشتی رەخنەی ئەوە لە حزبەكانی كوردستان دەگرن كە هەوڵی درێژكردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان دەدەن.
بەشداربوویەكی دیكە ئاماژەی بەوە دا کە حزبەکان ترسیان لە هەڵبژاردن هەیە، بۆیە خولی پەرلەمان درێژ دەكەنەوە. «ئەگەر درێژكردنەوەكە بۆ بەرژەوەندیی خەڵکە با چاكسازی بكەن».

دوکانەکەم دادەخەم
پیشەوەرێکی دیکە دەڵێت: ئەم حكومەتە خەڵكی رووتاندۆتەوە و هەر خەریكی باج وەرگرتنە لە خەڵك، و وتی: «هەفتەی پێشوو لە ناوچەی پیشەسازی یەك، پسووڵەی باج بۆ خاوەن پیشانگەكان و دوكانەكان كراوە بە دوو قات، خاوەن پیشانگەمان تێدایە دەڵێت دوكانەكەم دادەخەم، تەواو توانامان نییە ئەو باجە بدەین».

بابەتە پەیوەندیدارەکان