کودەتا سەیرەکانی قەتەر

11:36 - 2022-09-28
دووتوێ
555 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەکردنی / جەمال ئارێز

پێناچێت دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە وڵاتێکی وەک قەتەردا جگە لە شێوازی کودەتا، هیچ شێوەیەکی دیکەی بەخۆوە بینیبێت، تەنانەت ئەگەر ئەو کودەتایە لەناو یەک خانەوادەشدا بووبێت.
رەنگە ئەوەی لە ساڵی 1972دا روویدا کاتێک شێخ خەلیفەی کوڕی حەمەد دەسەڵاتی میرنشینی قەتەری گرتە دەست، نموونەیەکی زیندووبێت کاتێک کودەتای بەسەر شێخ ئەحمەد بن عەلی ئال ثانی مامیدا کرد.
ئەگەرچی ناوی دەوڵەتەکە میرنشینییە، بەڵام لە دیمەن و ناوەڕۆکدا وەک شانشینێک وایە، کە تەنها مافی فەرمانڕەوایی لە ساڵی 1825-ەوە لە خولگەی بنەماڵەی ئال ثانی-دا دەخولێتەوە.
بەڵام لەدوای حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە کە قەتەر سەربەخۆیی بەدەستهێناوە، هەموو دەستاودەستکردنێکی دەسەڵات بەشێوەی کودەتا بەڕێوەچووە.

تەمەڵترینیان کودەتای بەسەردا کرد
ساڵی 1971 کە قەتەر سەربەخۆیی خۆی لە ئینگلیزەکان وەرگرت، ئەو میرنشینە لەژێر فەرمانڕەوایی شێخ ئەحمەد بن عەلی ئال ثانی-دا بوو، کە لەلایەن شیخ خەلیفە بن حەمەد-ی ئامۆزایەوە بە کودەتایەک لە دەسەڵات دوورخرایەوە و خەلیفەش بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی، جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتەکەیی بەسەر کوڕەکانی خۆیدا دابەشکرد، بێ ئەوەی لە خەیاڵی ئەوەدا بێت کە یەکەم گورزی لە حەمەدی کوڕە گەورەی خۆیەوە بەردەکەوێت و کودەتای بەسەردا دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکان شێخ حەمەد ئەگەرچی گەورەترین کوڕی شێخ خەلیفە بوو، بەڵام تەمەڵترین و شکستخواردووترینیان بوو لە خوێندندا، بەرلەوەی دواناوەندیی تەواو بکات، خەلیفە لە خوێندنگە دەریهێنا و ناردی بۆ کۆلێجی ساندهێرست-ی سەربازیی لە بەریتانیا، بەڵام لەوێش سەرکەوتوو نەبوو نەیتوانی خوێندنەکەی تەواوبکات و پاش نۆ مانگ لە کۆلێجەکە دەرکرا، کەچی گەڕایەوە بۆ قەتەر و لە ساڵی 1971 ەوە پلەی جەنەڕاڵی  پێ بەخشرا و کرایە فەرماندەی گشتیی سوپا و جێنشینی تەختی میرایەتی.

مۆزە خانم و گۆڕینی هاوکێشەکە
لەو ماوەیەدا مۆزە خانم وەک هاوسەری چوارەمی شێخ حەمەد بن خەلیفە هاتە ناو خێزانی ئەمیرییەوە کە لەبەرەبابی مامەکانییەوە لێیانەوە نزیک بوو، بەڵام لەجیاتی ئەوەی مۆزە خانم لە پەراوێزی رووداوەکان و ئەو بەرنامەیەدا بژی کە خەزووری بۆی دانابوو، کەوتە چنینی تەونی کودەتایەکی بەدەوری خەزوریدا لەبەرژەوەندیی شێخە گەنجەکەی مێردی بۆ هێنانە دەرەوەی دەسەڵات لەدەستی باوکی و ئەو پلانەشی زۆر بە هێمنی و بە کاوەخۆ جێبەجێکرد.

لایەنگرانی خەلیفە دەستگیرکران
ساڵی 27/6/1995 میر خەلیفە وەک هەر میرێکی دیکەی کەنداو لە گەرمای ناوچەکە بێزاربوو، گەشتێکی بۆ ئەوروپا کرد بەمەبەستی حەوانەوە و میر خەلیفە بێ ئاگابوو لەوەی ئەو ئاهەنگی بەڕێکردنەی لە فڕۆکەخانەی دۆحە بۆی رێکخرابوو، دوا ماڵئاواییە لێی وەک میری وڵات، بەتایبەتی کە لە میدیاکانی ئەو وڵاتەوە دیمەنی دەست ماچکردنی خەلیفە لەلایەن حەمەدی کوڕییەوە نیشاندرا. هەر ئەو بەڕێکردنە بووە سەرەتای کۆتایی بۆ خەلیفە و دەستگرتن بەسەر جڵەوی فەرمانڕەوایی قەتەردا لەلایەن حەمەد-ی جێنشینەوە و هەر ئەو میدیایە پاش کەمێکیش کە ئاهەنگی بەڕێکردنەکەی میر خەلیفە، ئاهەنگی پشتیوانیی شێخەکانی قەتەریان بۆ شێخ حەمەد وەک میری وڵات بڵاوکردەوە.
شێخ حەمەد تەنیا بە کودەتا بەسەر باوکیدا دانەمرکایەوە، بەڵکو 36 کەسایەتیشی لە کەسە نزیک و باوەڕپێکراوەکانی باوکی دەستگیرکرد و رەوانەی زیندانی بوهامور کرد.
ئەم کودەتایە بووە سەرەتای هەرەسێکی نوێ لە بنەماڵەی فەرمانڕەوادا ، چونکە دوای ئەوە پیلانگێڕییەک ئاشکرابوو بۆ رووخاندنی سیستمی حوکمڕانییەکەی شێخ حەمەد بەسەرۆکایەتی ئامۆزاکانی شێخ خەلیفەی باوکی، بەڵام شکستی پێهێنرا، دواتریش دەرکەوت شیخە مۆزە لەپشت هەموو ئەو پیلانگێڕییانەوە وەستاوە بە پاڵپشتیی حەمەد بن جەبر ئال ثانی کە ئەوکات پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی لە ئەستۆبوو.

دووبارەبوونەوە هەمان سیناریۆ بەسەر شیخ حەمەددا 
جارێکی تریش کودەتا رووی لە بنەماڵەی فەرمانڕەوا کردەوە و بەهەمان شێوە شێخ تەمیم-ی کوڕی حەمەد کودەتای بەسەر باوکیدا کرد، ئەگەرچی شێخ تەمیم خۆی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتبوو، بەڵام پێیوابوو ئیدی کاتی ئەوە هاتووە دەسەڵات لە باوکی بستێنێت کە 18 ساڵی تێپەڕاندووە، هەمووانیش لە شرۆڤەکاران و میدیاکان پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی مۆزە خانم دەکرد و پێیانوابوو دوای ئەوەی شێخ حەمەد دەسەڵاتەکەی فراوان بوو، هەموو هەوڵێکی ئەوەبوو مۆزەی هاوسەری چوارەمی بخاتە پەراوێزەوە، بەڵام شێخ حەمەد ئەوەشی لەبەرچاوبوو کە زۆربەی جومکە هەستیارەکانی دەسەڵاتی میرنشینەکەی لەدەست کوڕە نازدارەکەی مۆزەدایە، بۆیە دەیویست وەک پاراستنی ئاوی ئابڕوو خۆی دەستبەرداربوونی خۆی لە دەسەڵات بۆ تەمیمی  کوڕی رابگەیەنێت، بەڵام شێخ تەمیم ئەو چانسەی پێ نەدا و کودەتای بەسەردا کرد و لەدەسەڵات دووری خستەوە.
سەرچاوە:
-كتاب «أسرار قناة الجزيرة والثورات العربية حقائق صادمة ومثيرة»


#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان