مێژووی ئال مەكتوم و كارەساتی وەهەیلە

11:47 - 2022-09-28
دووتوێ
725 جار خوێندراوەتەوە
1971 - ئەبوزەبی - کۆبوونەوەیەکی سەرۆک و فەرمانڕەوای ئەمارەتەکانی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی لە دوای وەر

وەرگێڕانی / كوردەوان 

مێژووی ئال مەكتوم لە كەسێكەوە دەستپێدەكات كە رەچەڵەكی دیار نییە، ئەو كەسە بە فەلاح ناسراوە، لەبەرئەوەی باوو باپیرانی جوتیار و رەنجبەر بوون. 
ساڵی 1759 خێڵی بەنو قەتەب هێرشەكانیان دەستپێكرد بۆ سەر خێڵی بەنی یاس، خێلی بەنی یاس پەرتەوازە بوون و هەڵاتن بۆ دوورگەی سەیری بەنی یاس، لەوێ دیاب بن عیسا، بە پشتیوانیی سەعید بن راشد بن شەرارە، خێڵە پەرتەوازەكەی كۆكردەوە و پاشان لە ساڵی 1761دا چوون بۆ دوورگەی ئەبو زەبی.
ئیبن شەرارە لەگەڵ خێڵی نەعیمدا كەوتە شەڕەوە، بە تایبەتی لە ناوچەی سەمحەی خۆرهەڵاتی ئەبو زەبی، شەرارە گەمارۆ دراو ساڵی 1826 ناچاركرا بچێت بۆ دوورگەی هەنجام، كە لە بەشێكی زۆری ناوچەی كەنداو بە شێوەزاری خۆیان پێیدەڵێن هەنیام و دەكەوێتە بەرامبەر كەناراوەكانی ئێرانەوە.

فاخیرە فەرمانڕەوای راستەقینە بوو
ساڵی 1928 ئێران داگیریكرد، ساڵی 1810 هوزاع بن هوزاع بن زەعەل ئەلسەعدونی دەسەڵاتی بەسەر دوبەیدا هەبوو، ئەویش فەرمانڕەوای ئەبوزەبی لەو پۆستەدا داینابوو، بەڵام فەرمانڕەوای راستەقینە ژنێك بوو بە ناوی فاخیرە كچی هوزاع.
خاتوو فاخیرە دەیویست فەرمانڕەوایی خۆی لە دوبەی پتەوبكات و لە هەمان كاتدا سەربەخۆیی لە ئەبوزەبی وەربگرێت، ئەوە بوو ساڵی 1820 فاخیرە محەمەدی برا بچكۆلەی نارد بۆ راس ئەلخێمە بۆ ئەوەی لەگەڵ كرانتی لیوای ئینگلیزدا كۆببێتەوە، هەڵبەت پەیام و راسپاردەیەكی سوڵتانی عومانیشی پێ بوو كە داوا دەكات محەمەد بكاتە فەرمانڕەوای دوبەی، هەرچەندە محەمەد تەمەنی تەنیا نۆ ساڵ بوو، بەڵام كرا بە فەرمانڕەوای دوبەی.

نازناوی مەکتوم لە کوێوە هات؟
دوای هەڵاتینی شەرارە، بەتی بن سوهەیل ئەلیاسی سەركردایەتی رەواشیدی گرتە دەست، شەرارە دوو كوڕی بوو بە ناوەكانی مەكتوم و سەعید. مەكتوم دواتر نازناوی مەكتوم ئەلفەلاسەی وەرگرت، لەبەرئەوەی دایكی ناوی فەلاسە بنت هیلال ئەلیاسی بوو، خێڵەكەی خۆی جیاكردەوە و لەوە بە دواوە ناوی ئال مەکتوم بەسەر ئەو خێڵەدا بڕا، بەڵام سەر بە بەحنون بن شەحنوت ئال نەهیانی حاكمی ئەبوزەبی بوون.

نامەیەک دۆخەکەی گۆڕی
مەكتوم لە ساڵی 1833داو بە فیتی دوو برای تەحنون، تەحنونی خەلیفە و سوڵتانی كوشت و ئەنگوستیلەكەی لە دەست داكەند و هەڵات بۆ دوبەی، لە رێگادا بەرەو دوبەی، نامەیەكی بە ناوی تەحنونەوە نووسی بۆ سوڵتان بن ماجد ئەلسوەیدی، كە جێگری سوڵتان بوو لە دوبەی، لە نامەكەدا هاتووە دەبێت قەڵای دوبەی رادەستی مەكتوم بكەن و ئەلوسێدیش بە پەلە بگەڕێتەوە بۆ ئەبوزەبی، هەر واش بوو، ئەلسوەیدی باوەڕی بە نامەكەی مەكتوم كرد، لەبەرئەوەی ئاگای لە كوژرانی تەحنون نەبوو، كۆشكی رادەستی مەكتوم كرد و بەرەو ئەبوزەبی كەوتەڕێ، كۆشك كەوتە دەستی مەكتومەوە، خاوەنە رەسەنەكانی كۆشكی لە هۆزی ئەلسودان و ئەلمەرەر و ئەوانی دیكەش پاکتاوکرد و سەربەخۆیی ئەبوزەبی-ی راگەیاند، بەڵام لەبەرئەوەی دەترسا خەلیفە بن شەخبوت هێرش بكاتە سەری، داوای پشتیوانیی لە سوڵتان بن سەقر ئەلقاسمی كرد.
خەلیفە بن شەخبوت چەند جارێك هێرشی كردە سەر دوبەی، دواتر قەواسمەكان ئەبوزەبیشیان گەمارۆ داو گەمارۆكەش نزیكەی ساڵێكی خایاند، تا والی لەنجە، كە هەر سەر بە قەواسمە، بوو بە ناوبژیوانیان و ئاشتی كردنەوە.
 لێرەوە ئەبوزەبی دانی بە سەربەخۆیی میرنشینی دوبەیدا نا، لەو كاتەوە دوبەی بە هاوبەشی هەردوولا واتە عەبید بن سەعید بن شەرارە و مەكتوم بن بەتی بەڕێوە دەچوو، تا لە ساڵی 1836دا عەبید كە خاڵی مەكتومە كۆچی دوایی كرد، دوای ئەوە مەكتوم.

لە مامیان هەڵگەڕانەوە
ساڵی 1852 مەكتوم كۆچی دوایی كرد و سەعید بن بەتی كە برایەتی بووە فەرمانڕەوای دوبەی، بەڵام حەشەر و سوهەیل كە هەردووكیان كوڕی مەكتوم بوون، رازی نەبوون مامیان فەرماڕەوایی بكات و لە كاتی سەفەری مامیاندا دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت و حەشەر بوو بە فەرمانڕەوای دوبەی، بەڵام زۆری نەبرد سەعید-ی مامیان گەڕایەوە و دەسەڵاتی لێ سەندنەوە.
 ساڵی 1859 سەعید كۆچی دوایی كرد و حەشەر دووبارە بۆوە بە فەرماڕەوای دوبەی و تا لەسەر حوكمیش بوو، شەڕی لەگەڵ قەواسمەكاندا كرد، واتە هەر ئەو قەواسمانەی كە پێشتر پشتیوانییان لێ كردبوو، ئەمیش لە ساڵی 1886دا مرد و راشد بن مەكتوم جێگەی گرتەوە.

شەڕی قەتەر و ئیمارات
ساڵی 1888 لەگەڵ زایدی یەكەم كە فەرمانڕەوای ئەبوزەبی بوو، هێرشیان كردە سەر قەتەر و جوعانیان كوشت كە كوڕی فەرمانڕەوای قەتەر بوو، قەتەرییەكانیش لە تۆڵەی ئەوەدا زیاتر لە 20 گوندی ئەمانیان لەناوبرد. 
ساڵی 1891 هۆزی مەرەر لە راشد هەڵگەڕانەوە و ئەویش دەستی لێ نەپاراستن، ئەنجامی شەڕەكەش ئەوەبوو هۆزی مەرەر هەڵاتن بۆ شاریقە.

ئێران لە هاوکێشەکەدا
 لە ساڵی 1893دا ناكۆكی نێوان شاریقە و دوبەی پەرەیسەند، هۆكارەكەشی هەر هۆزی مەرەر بوو.
ساڵی 1894 نوێنەری بەریتانیا كۆبوونەوەیەكی بە فەرماڕەواكانی دوبەی و ئەبوزەبی و شاریقە كرد و كۆتایی بە كێشەكانی نێوانیان هێنا، دوای ئەو كۆبوونەوەیەش، راشد نەخۆش كەوت و کۆچی دوایی کرد، مەكتوم بن حەشەری برازای جێگەی گرتەوە، بەڵام سەعید بن بەتی و كوڕەكانی راشد ناڕازی بوون، سەرەنجام مەكتوم دەستگیریكردن و خستنییە زیندانەوە.
 دوای چەند مانگێك بەو مەرجە ئازادی كردن كە دوبەی بەجێبهێڵن و بچن لە شاریقە نیشتەجێ ببن و مووچەشیان بۆ دیاریکردن.
ساڵی 1899 بۆ جاری دووەم لەنجە كەوتە دەستی ئێرانییەكان، ئەوەش بووە هۆی بوژانەوەی دوبەی لە رووی بازرگانییەوە، مەكتوم هەر كەشتییەك بهاتایە بۆ بەندەری دوبەی 5%ی گومرگی لێ وەردەگرتن، دوای مردنی مەكتوم لە ساڵی 1906دا بەتی بن سوهەیلی ئامۆزای جێگەی گرتەوە، سەعید بن مەكتوم بەمە رازی نەبوو، لەگەڵ كۆكەسی نوێنەری بریتانیادا گێچەڵیان پێكرد و تۆمەتیان دایە پاڵی بەوەی گوایە خەڵكی دوبەی بازرگانی بە چەكەوە دەكەن، كۆكەس داوای كرد ماڵەكانی دوبەی یەك بە یەك بپشكنرێت، بەڵام بەتی رازی نەبوو، بەریتانیاش كەنارەكانی دیرەی بۆردومان كرد، شێخەكانی دیرە كەوتنە نێوانیانەوە بۆ ناوبژیوانی و چارەسەری كێشەكان، كۆكەس بە ئاشتی رازی بوو، بەڵام مەرجی زۆر قورسی بەسەریاندا سەپاند و بەتی-ش بە مەرجەكان رازی بوو.

رۆڵی بەریتانیا لە دانانی فەرمانڕەواکاندا
 هەر بەهۆی ئەو مەرجانەشەوە لە ساڵی 1912 دەسەڵاتی بەتی رووخا و سەعید بن مەكتوم دەسەڵاتی گرتە دەست. سەعید داخی ئەلبوفەلاسە و سەرۆك عەشیرەتەكانی دوبەی-ی لەدڵدا مابوو، كە پێشتر لایەنی بەتی-یان گرتبوو، نەك ئەم، لەبەرئەوە بڕیاریدا هەموو دەسەڵاتەكان و زۆربەی چالاكییە بازرگانی و ئابوورییەكان تەنیا بۆ خۆی و بنەماڵەكەی بێت، هەروەها داهاتی نەوت و فڕۆكەوانی و پۆستە و گەیاندنیش هەر بۆ خۆی بێت، ئەوەبوو ساڵی 1929 خەڵكی دوبەی لەسەر حوكم لایانبرد، بەڵام بەریتانیا خیستییەوە شوێنەکەی خۆی.
ساڵی 1938 خەڵكی دوبەی خۆپیشاندانیان دژی سەعید كرد و كۆمەڵێكیش لە ئەلبوفەلاسە قەڵای دوبەییان داگیركرد، سەعید ناچاربوو مل بە داواكارییەكانیان بدات، كە داوایان كردبوو ئەنجومەنێكی راوێژكاری دابمەزرێنن و دەسەڵاتی تەواو بەدەست ئەو ئەنجومەنەوە بێت، سەعید كە سەرەتا رازی بوو، ئەمەی پێ قوت نەدەچوو، لەبەرئەوە بە بیانووی ئاهەنگی ژنهێنانی كوڕەكەیەوە هەموو كەسایەتییەكان و كوڕە مامەكانی بانگهێشتكرد، هەر كە گەیشتنە ئاهەنگەكە، هەموویانی دەستگیركرد، حەشەر بن راشد و كوڕەكەیان كوشت، مانع بن راشدیش كە بڕیار بوو ببێتە سەرۆكی ئەنجومەنەكە، هەڵهات بۆ شاریقە، سەعید چاوی هەندێك لە كوڕە مامەكانی خۆی سوتاند و پاشان بە رووت و قووتی و بە پێی پێخاوس سواری بەلەمی كردن بۆ بەحرێن، بەوەش كۆتایی بە ئەنجومەن هات و ئەو كارەساتەش لەناو خەڵكی دوبەیدا ناونرا رۆژی وەهەیلە.

سەرچاوە: موقع الشرق

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان