شازادە محەمەد بن سەلمان كێیە؟

11:50 - 2022-09-28
دووتوێ
793 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەكردنی/ كوردەوان محەمەد سەعید

بنەماڵەی پاشایەتی عەرەبستانی سعودیە، لە كۆمپانیایەك دەچێت كە ئەندامانی بنەماڵەكە سەرۆك و بەڕێوەبەر و ئەنجومەنی بەڕێوەبەرییەکەیان گرتبێتە ئەستۆ، دامەزرێنەرەكەیان شا عەبدولعەزیز ئال سعودە، ئەم پاشایە،  لە بەرەی 23 ژن، 45 كوڕی هەبووە، هەریەك لەو كوڕانەش پێیان دەوترێت شازادە، كوڕی بیست و پێنجەم شازادە سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعودە، واتە پاشای ئێستای سعودیە، ئەمەشیان پێنج جار ژنی هێناوە و لە سێ ژنی یەكەمی دەبێتە خاوەنی 13 منداڵ، شەشەم كوڕی شا سەلمان، محەمەد بن سەلمانە، كە ئێستا هەموو كاروباری وڵات لەژێر  دەسەڵاتی ئەودایە.
شازادە محەمەد بن سەلمان بە پێچەوانەی هەموو براكانی و كوڕە مامەكانییەوە، بڕیاری داوە لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا خوێندن تەواو بكات و لە زانكۆی شا سعود یاسای تەواو کردووە.
 سەردەمی هەرزەكاریی لە ژێر سایەی شازادە سەركەوتووەكاندا بەسەر بردووە و یەكێكیش بووە لەو هەموو شازادەیەی كە پڕبەدڵ خوازیاری گەیشتن بوون بە دەسەڵات.
 بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتیش پاشقولیان لەیەكتریی گرتووە، لە نێوان ئەو هەموو شازادەیەدا ون ببوو، شازادەكان هەمیشە پۆستی گەورەیان وەردەگرت، وەك جێنیشین، یاریدەدەری جێنشین، وەزیر و شتی لەو جۆرە، بەو جۆرەش بنەماڵەیەك بۆ گەیشتن بە پلە و پایە لە نێوان خۆیاندا، هەمیشە لە كێبڕكێدا بوون، بەڵام محەمەد بن سەلمان، هیچ پۆستێكی ئەوتۆی نەبووە، بەڕێوەبەری كۆمپانیایەك نەبوو، ئەزموونی سەربازیی نەبوو، لە نێوەندەكەدا نەناسرابوو، لە هیچ زانكۆیەكی بیانی نەیخوێندبوو، تەنانەت یەك زمانی بیانیش فێر نەببوو، بۆیە چاودێران هەرگیز چاوەڕێی ئەوە نەبوون كە ئەم شازادەیە ببێتە جێنشین، چونكە لە نێوان ئەو هەموو شازادە سەركەوتووەدا هیچ دەرفەتێكی سەركەوتن بۆ ئەم نەمابۆوە.

بۆ یەكەمجار تێكەڵی سیاسەت بوو
سەلمان بن عەبدولعەزیز ساڵی 2009 پارێزگاری ریاز بوو، محەمەد بن سەلمانی كوڕی بۆ هەموو كۆڕ و بۆنەیەك لەگەڵ خۆیدا دەبرد، تا تەمەنی بوو بە 24 ساڵ و ئەوكات كردی بە راوێژكاری تایبەتیی خۆی، ئەوەش یەكەمجار بوو كە محەمەد بن سەلمان تێكەڵ بە دنیای سیاسەت ببێت.
 ساڵی 2015 شا عەبدوڵڵا بن عەبدولعەزیز لە تەمەنی 91 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و شا سەلمان بن عەبدولعەزیزی برای لە جێگەی ئەو بوو بە پاشا، پاشای نوێ-ش محەمەد سەلمانی كوڕی كردە وەزیری بەرگری، شا سەلمان دەیوست پۆستی زیاتر و گەورەتر بدات بە محەمەدی كوڕی، بەڵام ئەم كارە دەبوو وردە وردەو پلە بە پلە بەڕێوەبچێت.
شا سەلمان برا بچووكەكەی خۆی كە ناوی عەبدولعەزیز بوو، لە پۆستی جێنشینی لابرد، بە پێی دەستووری سعودیەش دەبوایە كوڕی عەبدولعەزیز بكاتە جێنشین، بەڵام شا سەلمان ئەو دەستوورەی گۆڕی و محەمەد بن نایفی كردە جێنشین، كە كەسێكی ناودار و سەركەوتوو بوو، ناو و ناوبانگی هەبوو، شەڕی دژی تیرۆر كردبوو، تەنانەت برینداریش كرابوو، لەبەرئەوە كەس ناڕەزایی نەبوو كە ببێتە جێنشین، بەڵام ئامانجەكە بەرزكردنەوەی پلەی محەمەد بن سەلمانی كوڕێتی، هەمان رۆژ محەمەد بن سەلمانی كردە یاریدەدەری جێنشین، چونكە مەبەستێتی محەمەد بن سەلمان ببێتە پاشای داهاتووی ئەو شانشینە. 

محەمەد بن سەلمان دەسەڵاتی وەرگرت
هەمان ساڵ حوسییەكان لە یەمەن شۆڕشیان بەرپا كرد و دەسەڵاتی وڵاتەكەی خۆیان رووخاند، حوسییەكان دژی سعودیە بوون بەتایبەتی لەڕووی مەزهەبییەوە، محەمەد بن سەلمان بێ سێ و دوو جەنگی دژی حوسییەكان دەستپێکرد، لەو رۆژە بە دواوە چاپەمەنییەكانی سعودیە لە جیاتی باسكردنی محەمەد بن نایف، هەر باسی محەمەد بن سەلمان دەكەن.
 لێرەوە وردە وردە پلەكانی دەسەڵاتی بڕی، چونكە لە هەمان كاتدا كە یاریدەدەری جێنشینی سعودیە بوو، سێ پۆستی دیكەشی هەبوو، وەك جێگری سەرۆك وەزیران، وەزیری بەرگری و سەرۆكی راوێژكارانی ئابووری و گەشەسەندن، لێرەشەوە تێدەگەین کە ئێستا ئیدی هیزی چەکدار و پارە واتە پارە و پاوەر لەدەستی ئەودایە.
لێرەوە ئیتر لە ساڵی 2017دا سەلمان پاشا، محەمەد بن نایفی جێنشینی خۆی لەسەر كارەکەی لابرد و محەمەد-ی كوڕی کردە جێنشین،  واتە لێرەوە دەسەڵاتەکانی محەمەد بن سەلمان دەستی پێکرد، بەڵام گەیشتنی بەم دەسەڵاتە لەناو بنەماڵەی شاهانەدا بووە هۆی بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی، محەمەد بن سەلمانیش باش لەوە تێدەگات كە گەیشتنی بە لووتكەی دەسەڵات هەروا ئاسان نییە، بۆیە گەیشتە ئەو بڕوایەی كاتی ئەوە هاتووە كە هەموو ناڕازییەكان بەچۆكدا بهێنێت.

كۆبوونەوە گرنگەكە
رۆژی 5/11/2017  لە هۆتێل ریتز كارلتۆن، كە هۆتێلێكی گرانبەهای سعودیەیە، كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچوو، میوانەكان، كە نزیكەی 400 كەس دەبوون، پێکهاتبوون لە وەزیر و بەرپرسی پلەباڵا و بازرگان و سەرمایەدارانی گەورەی ئەو وڵاتە و شازادەكان و هەمووان بانگێشت کرابوون بۆ دیداری پاشا سەلمان و محەمەد بن سەلمانی کوڕی کە شازادەی جێنشینە، بەڵام لە راستیدا ئەوە كۆبوونەوە نەبوو، بەڵكو تەڵە بوو، هەموویان لە هۆتێلەكەدا دەستبەسەر كران، ئەوانەش كە نەچووبوون بە زۆر هێنابوویان، لێكۆڵینەوە لەگەڵ هەر هەموویان دەستیپێکرد، پڕۆسەكەش بە نهێنی و بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییەوە بەڕێوەچوو، محەمەد بن سەلمان سەرپەرشتیی کرد.

جەمال خاشقچی 

میوانەكان بۆ ئەوەی بە زیندوویی لەو هۆتێلە بێنە دەرەوە، دەبوو گرێبەستێك ئیمزا بكەن، دەبوو سەروەت و سامانی خۆیان بۆ دەوڵەت ئاشكرا بكەن و ئەوەی مافی دەوڵەتە بیگەڕێننەوە، یان پارەیەكی زۆر بدەن بە دەوڵەت بۆئەوەی ئازاد بكرێن.
 لە كۆتایی پڕۆسەكەدا سعودیە رایگەیاند كە 107 ملیار دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، ئەوەش یەكەم جارە شازادەكانی ئەو وڵاتە بە گەندەڵی تۆمەتبار بكرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، لەبەرئەوە خەڵكی ئەو وڵاتە پێیان خۆش بوو.

پاکتاو و پاكسازییەكانی محەمەد بن سەلمان
محەمەد بن سەلمان دەستیكرد بە هەندێك پاكسازی و پاکتاو، شازادە مەنسور بن موقرەن كە برازای شا سەلمانە كەسایەتییەكی دیار بوو، لەبەرئەوە هەمان ئەو رۆژەی پڕۆسەی «بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی»یەكە بەڕێوەچوو، شازادە مەنسور لە كۆپتەرێكدا بوو، كۆپتەرەكە كەوتە خوارەوە و شازادەش سەری تیاچوو.

رووی دووەمی شازادە محەمەد
 محەمەد بن سەلمان لەو ماوەیەدا روخساری خۆی ئاشكراكرد و هەر بەربەستێك لەبەردەمیدا بوایە بۆ گەیشتنی بە لووتكەی دەسەڵات، لەناوی دەبرد، بەڵام محەمەد بن سەلمان روویەكی دیكەشی هەیە، رووەكەی دیكەی كەسێكی چاكسازیخوازە، پلانێكی ئاشكرا كرد بە ناوی گەشەی سعودیەوە تا ساڵی 2030، پلانەكەش بۆ چاكسازیی كۆمەڵایەتییە و بڕیارە كۆمەڵگەی سعودیە بە شێوەیەك بگۆڕێت كە لەگەڵ جیهاندا بگونجێت، هەروەها پڕۆژەیەك رادەگەیەنێت بەناوی شاری نیۆم، بە خەیاڵی خۆی شاری نیۆم كە نزیك دەبێتەوە لە دەریای سوور، دەبێتە سەرنجڕاكێشترین شوێنی دنیا و لە رووی ئابووریشەوە سعودیە لە پشتبەستن بە ئابووریی نەوت رزگار دەكات.

دەستبەرداری ئیسلامی توندڕەو دەبێت
محەمەد بن سەلمان بە دنیای رادەگەیەنێت كە بڕیاری داوە وڵاتەكەی دەستبەرداری ئیسلامی توندڕەوبێت و ببێتە ئیسلامێكی میانڕەو، بەڵام بۆ ئەم هەنگاوە كۆمەڵێك بانگخوازی توندڕەوی وڵاتەكەی بەربەست دروست دەكەن، لەبەرئەوە زۆربەی ئەو بانگخوازە توندڕەوانە دەستگیردەكات و تێیان دەگەیەنێت ئەگەر بەرامبەر چاكسازییەكان بێدەنگ بن، ئەوا ئازاد دەكرێن، لێرەوە ئیدی هەنگاوەكانی چاكسازیی كۆمەڵایەتیش دەستی پێكرد.
بۆ یەكەم جار بە خەڵكی سعودیەی راگەیاند، لەمەودوا پۆلیسی نەهی عەن مونكەر كۆڵان بە كۆڵان دوای خەڵك ناكەوێت، ئەمە هەنگاوێكی زۆر گەورە بوو بۆ وڵاتێكی وەك سعودیە، دوای ئەوە سینەماكان وردە وردە كرانەوە، لە كافتریاكاندا پێشتر گوێگرتن لە گۆران قەدەغە بوو، ئێستا گوێی لێ دەگیرێت، نەك هەر ئەوە، بەڵكو بۆ یەكەمجار فێستیڤاڵی میوزیكی جاز دەكرێت، لەمەودوا ژنان دەتوانن شۆفێریی بكەن و لە ماڵ بێنە دەرەوە و كار بكەن، بەشداریی بۆنە وەرزشییەكان بكەن و تەنانەت دەتوانن لە سوپاشدا كاربكەن.
 محەمەد بن سەلمانی جێنشین داب و نەریتە باوەكان تێكدەشكێنێت و ژیانی هاووڵاتیان دەگۆڕێت.

خاشقچی خاڵێکی لاواز
لە گەرمەی ئەو چاكسازییانەدا، رووداوێك روو دەدات كە لە قازانجی محەمەد بن سەلمان نەبوو، ئەویش كوژرانی جەمال خاشوقچی رۆژنامەوان بوو، كە لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ كوژراو كوشتنەكەشی بەسەر بەرپرسان و دەست و پێوەندەكانی محەمەد بن سەلماندا ساغ بۆوە، بەهۆی ئەو رووداوەوە ئەمریكا پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ سعودیە تێكدا و جۆ بایدن وتی: سعودیە دەبێ باجی ئەو كردەوەیەی بدات.
 محەمەد بن سەلمان بۆ ماوەی دوو ساڵ خۆی مت كرد و زۆر دەرنەدەكەوت، چاوەڕێ بوو بابەتەكە كەمێك لەبیر بكرێت، پاشان بڕیاری ئەمریكا بە سەپاندنی گەمارۆ لەسەر نەوتی روسیا، وایكرد نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، ئەمریكا ناچاربوو داوا لە سعودیە بكات ئاستی بەرهەمهێنان و خستنە بازاڕی نەوتەکەی زیادبكات تا نرخی نەوت هاوسەنگ ببێتەوە، بەڵام محەمەد بن سەلمان وەڵامی نەدایەوە، تا لە سالێ 2020دا بایدن ناچار بوو سەردانی سعودیە بكات و لەگەڵ محەمەد بن سەلماندا دابنیشێت، لێرەوە دیسان ناو و ناوبانگ بۆ محەمەد بن سەلمان گەڕایەوە.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان