سیاسەت لە وڵاتانی کەنداو

11:56 - 2022-09-28
دووتوێ
569 جار خوێندراوەتەوە
تاوەری خەلیفە لە ئەمارەتی دوبەی سومبولێکی خۆشگوزەرانیی و پێشکەوتن لە وڵاتانی کەنداودا بەگشتی

زۆرێک لەوانەی لە دوورەوە لە وڵاتانی کەنداو و ئەو دیمەنە رووکەشەی خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەی دەڕوانن، وای وێنا دەکەن کە سیاسەت و فەرمانڕەوایی لەناو ئەو وڵاتانەدا (کە هەموویان شانشین یان میرنشینن یاخود سوڵتان نشینن) هێندە حەکیم و دانان تا ئەوپەڕی خۆشگوزەرانیان بۆ خەڵکەکەیان دەستەبەرکردووە و تەنانەت زۆرێکمان ئیرەیی بە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە دەبەین لە رووی داهاتی تاکەکەس و ئابووریی وڵاتەکان و بەگەڕخستنی ئاوەدانی و  وەبەرهێنانی بیانی لەو وڵاتانە و پەلکێشکردنی کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییەکان بۆ وڵاتەکانیان کە بۆتە مایەی ئەوەی وڵاتانی زلهێز بە جیاوازیی دیدگا و ئایدیاوە لە خزمەتی دابینکردنی ئارامی و ئاسایشی ئەو وڵاتانەدا بن و بگرە هێزی سەربازیی خۆشیان بخەنە خزمەتیانەوە تا ئارامی و ئۆقرەیی ناوچەکە تێکنەچێت.
بەڵام بە دیوێکی دیکەدا بە چاوپۆشی لە ململانێ مێژووییەکانی ساغبوونەوەی ئەو میرنشین و شانشین و سوڵتاننشینانەی لەو پارچە زەوییەی پێی دەوترێت نیمچە دوورگەی عەرەبی یان وڵاتانی کەنداو، ئێستاش جگە لەوەی چەندین ململانێ و ناکۆکیی سنووریی لە نێوان هەریەک لەو وڵاتانەدا بە هەڵپەسێردراوی بەجێماون، لە ناوخۆی وڵاتەکانیشیاندا سەرەڕای ساغبوونەوەی شێوازی فەرمانڕەواییەکەیان لەسەر بنەماڵەیەکی دیاریکراو یاخود بەرەبابێک، بەڵام لەناو راڕەوە نهێنییەکانی سیاسەت و خواستی دەسەڵاتخوازیدا چەندین پیلانگێڕیی و کودەتای سپی بە پەنهانی خۆیان مەڵاسداوە کە هێندەی خۆشگوزەرانیی خەڵکی ئەو وڵاتانە و زیاتریش مەترسیی لەسەر فەرمانڕەواکان دروستکردووە، بەجۆرێک ئەمڕۆ باوک فەرمانڕەوایە و سبەی کوڕ یان ئامۆزا یان هەر ئەندامێکی نزیکی بنەماڵەکە بە کودەتایەک شوێنی دەگرێتەوە، زۆرجار ئەو کودەتایانە تەنیا بە چارەنووسی فەرمانڕەوای لادراوەوە ناوەستێت، بەڵکو چارەنووسی دۆستان و لایەنگرەکانی لە سەرمایەداران و دەستەو دایەرەکەشی دەکەوێتە مەترسییەوە و زۆرێکیان راپێچی زیندان دەکرێن، یان لەباشترین حاڵەتدا سەرمایەکانیان لەدەست دەردەهێنرێت جا یان پەراوێز دەخرێن، یاخود وڵات بەدەر دەکرێن، ئەوە ئەگەر گیانیان بە سەلامەتی رزگاری ببێت.
ئەم دۆسێیە خستنەڕووی دیوێکی دیکەی رەوشی سیاسەت و فەرمانڕەواییە لە بەشێک لە وڵاتانی کەنداو کە پێناسەیەکی دیکەیە بۆ ئەو کەنداوەی بە شێوەیەکی گشتی بەسیما خۆشگوزەرانەکەی ناسراوە، تا خوێنەر سەرچاوەی مێژوویی بەدەستهێنانی ئەو دەسەڵاتانە بزانێت کە بە چ خوێنڕێژییەک لەنێوان ئامۆزاو براو مامەکاندا چەسپیوە و ئێستا چۆن شێوازی کودەتاکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. 
بۆ روونبوونەوەی دیمەنی سیاسی لە وڵاتانی کەنداودا بۆ خوێنەر، دەرچوواندنی ئەم دۆسێیەمان بە پێویست زانی.
                 
   دۆسێ

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان