مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا وێڕای ئیدانەكردن داوای راگرتنی بۆردومانەكانی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات و رایدەگەیەنێت، ئەم كارە پێشێلكردنێكی ئاشكرای سەروەریی عیراق و هەرێمی كوردستانە.
دەقی راگەیەنراوەكە:
ئەمڕۆ هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆردومانی چەند ناوچەیەكی جیاجیای هەرێمی كوردستانیان كرد كە بووەتە مایەی زیانی گیانی و ماددی و شەهید و برینداریشی لێكەوتووەتەوە.
ئەم كارە جگە لە زیانە گیانی و مادییەكان و دڵەڕاوكێی ناو هاووڵاتیان، پێشێلكردنێكی ئاشكرای سەروەریی عیراق و هەرێمی كوردستانە و لەگەڵ بنەماكانی دراوسێیەتی باش و پەیوەندی دۆستانەدا یەكناگرێتەوە.
وێڕای ئیدانەكردنی بۆردومانەكان، داوای بەپەلەی راگرتنیان دەكەین، چونكە زیان بەهاووڵاتیان و پەیوەندییەكان دەگەیەنێت.
هەروەك هاوخەمی بۆ قوربانیان دەردەبڕین و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین.
مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان