سەیرو سەمەرەكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك

09:12 - 2022-09-29
ڕاپۆرت
824 جار خوێندراوەتەوە
خۆڵ و خاشاکی وا هەبووە ئاڵتوونی تیابووە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

عیسام مەحمود، رۆژانە لە شوێنی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك  بۆ کەلوپەل دەگەڕێت و دواتر دەیفرۆشێتەوە، دەڵێت رۆژانە ئێمە كار دەكەین بۆ كۆكردنەوەی قوتوی بیبسی و كۆلا و نایلۆن و كارتۆن كە لەپاڵ ئەمانەدا شتی گرانبەها دەدۆزینەوە،  وەكو دەمانچە، ئاڵتون، مۆبایل، پارەو شتی تر، هەندێكجار خاوەنەكانیان دێنەسەر شوێنی ریسایكلینەكە، هەندێكجاریش ئەو خەڵكانەی ئەوێ بانگەوازی ئەو شتە دۆزراوانە دەكەن بۆ ئەوەی خاوەنەكانیان بێتەوە، هەندێكجار  روویداوە كەسانێك جلوبەرگەكانیان كە كڕیویانە لەبازاڕ لە نێو كارتۆنەكەیدا فرێدراوە بەبێ ئەوەی بكرێتەوە و لەبەركرابێت، یان كەسانێك ئەڵماسیان دۆزیوەتەوە.
کەمی هەلی کار و  دامەزراندن و دژواری ژیان، لە پێناو پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، هەندێک لە هاووڵاتیانی ناچار کردووە بۆ کۆکردنەوەی هەندێ مادە و  کەلوپەلی کۆنە لەناو خۆڵ و خاشاکدا و دواتر فرۆشتنەوەیان، رۆژانە خەڵك و كارمەندانی شارەوانی لەكاتی  کۆکردن  و باركردنی ئەو خۆڵ و خاشاكەوە و بەتاڵ كردنیدا کەلوپەلی گرانبەها و خشڵ و ئاڵتون دەدۆزنەوە.

رووداوی سەیرو سەمەرە 
ئەندازیار ئاوەنگ بەهرۆز سەرپەرشتیاری گۆاستنەوەی خۆڵ‌ و خاشاك لە شارەوانی كەركوك، دەڵێت: لە بەرەبەیانێكی زووەوە تا شەوێكی درەنگ كارمەندەكانمان لەگەڵ كۆمپانیا ئەهلی ‌و حكومییەكان لەپێناو كۆكردنەوەی خۆڵ ‌و خاشاك لە كوچە و كۆڵانەكانی شارەدا كار دەكەن ‌و بەردەوام دەبن.
وتیشی، لە ماوەی كاركردنیاندا تیمەكانی شارەوانی و كۆمپانیاكان تووشی زۆر  رووداوی سەیرو سەمەرە دەبن،  رۆژانە خەڵكی گازندە دەكەن شتی گرانبەهایان لەناو خۆڵ و خاشاكی ماڵەكانیان ونبووە، یان لەلایەن تیمەكانیانەوە دەدۆزرێنەوە، بەشێكیان بریتین لە خشڵ و پارە و چەك و پاسپۆرت و رەگەزنامەی باری شارستانی، هەندێكجار كارمەندەكانمان كە ئاڵتون دەدۆزنەوە دەیدەنە لایەنە پەیوەندیدارەكان، هەندێكجاریش رێكدەكەوێت لەنێوان خۆیان بەشی دەكەن بە مەجێك خاوەنی نەبێت.
باسی لەوەشكرد هەندێك لەو ماڵانەی كە شتەكانیان ونبووە بۆ بەیانی دێنە لای ئێمەو گازندەی ئەوە دەكەن كە شتەكانیان لە ناو خۆڵ و خاشاكدایە، هەندێكجار ئەو شتانەی دەدۆزرێتەوە دوای سێ چوار رۆژ گەڕان بەدوایدا سەرەداوێكیان دەستدەكەوێت، بەڵام هەندێكجار دەبێتە سەر ئێشە بۆ ئێمە و باوەڕمان پێناكەن وا دەزانن ئێمە حەشارمانداوە.

خاشاكی چەند گەڕەكمان هەڵدایەوە 
چیمەن جومعە، یەكێكە لەو هاووڵاتیانەی پێش ماوەیەك خشڵەكانی لەناو خۆڵ و خاشاكی ماڵەكەیدا ونبوو، وتی: كردبوومە پیشە هەموو شەوێك خشڵەكانم دەكردە نێو كیسەیەكەوە و لەنێو زبڵی ماڵەكەماندا حەشارم دەدا بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو دز بێتە سەرمان پەی بەوە نەبات و خشڵەكانم نەبات.
وتی: شەوێك لە شەوەكان هاوسەرەكەم خۆڵ و خاشاكی ماڵەكەی لەبەر دەرگا فرێدابوو دواتر  بۆ بەیانی تیمەكانی شارەوانی خۆڵ و خاشاكی گەڕەكەكەیان كۆكردبۆوە و بردبوویان، دوای دیارنەمانی ئاڵتونەکانم بۆم دەرکەوت لەگەڵ ئۆتۆمبێلی خۆڵ و خاشاكدا فڕێدراوە، دوای گەڕانێكی زۆر لەگەڵ تیمەكانی شارەوانی چەند رۆژ گەڕان و سووڕانەوە، تاتوانیمان ئۆتۆمبێلی خۆڵ و خاشاكەكە دیاری بكەین، ماوەی سێ رۆژی خایاندو هەموو خۆڵ و خاشاكی چەند گەڕەكمان هەڵدایەوە تا دۆزیمانەوە.

قازانج دەكەم
عەلی كەریم یەكێكی تر بوو لەو كەسانەی كە لە شوێنی ریسایكلینی خۆڵ و خاشاكدا بەدوای شتومەكدا دەگەڕێت بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانی، وتی:  رۆژانە بەم کارە  نزیكەی 25 ـ 30 هەزار دینارم دەست دەكەوێت، هەندێكجار لەپاڵ ئیشەکەمدا بە دۆزینەوەی کەلوپەلی باش قازانج دەكەم، چونكە ماوەیەكی زۆر چاوەڕوان دەكەم ‌و خاوەنیان پەیدا نابێت،  منیش دەیانفرۆشمەوە، بۆ نموونە جارێكیان مۆبایلێكی ئایفۆنم لە ناو پاكەتەكەیدا دۆزیەوە كە بەكار نەهێنرا بوو تا ماوەیەكی زۆر چاوەڕێ بووم سەرو سۆراغی بكەن، بەڵام كەس پەیدا نەبوو، بۆیە ئێستا بۆ خۆم هەڵگرتووە.

راسپاردەی شارەوانی دەكەین
عەلی حەوێز كارمەندی یەكێك لە كۆمپانیا ئەهلییەكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی كەركوكە، وتی: رۆژانە لەم جۆرە كێشانە رووبەڕوومان دەبێتەوە،   کەمتەرخەمی  لە خەڵکی خۆیەوەیە و دواتر بەرۆكی ئێمە دەگرن، هەندێكجار  کەرەستە و ئاڵتونەکانیان دەدۆزێتەوە و هەندێکجاریش لەلایەن ئەو كەسانەی بەدوای خۆڵ و خاشاكدا دەگەڕێن دەبردرێت، هەندێكیان دەیگەڕێننەوە بۆ خاوەنەكانیان‌، هەندێكجاریش ئێمە دەیدۆزینەوە و راسپاردەی شارەوانی دەكەین، هەندێكجاریش لەگەڵ خاوەن شتومەكە ونبووەكان رووبەڕوو دەبینەوە  گوایە شتەكانیان لەوە زیاتر بووە لێیان ونبووە.

#کەرکوک #خۆڵ و خاشاك

بابەتە پەیوەندیدارەکان