PUKMEDIA
لەگەڵ نزیكبوونەوەی پێنجەمین ساڵیادی كۆچی دوایی پێشمەرگە و یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی عیراق و رابەری پڕۆسەی ئازادی و ئەزموونی دیموكراسی و دەستووری لە كوردستان و عیراقدا، كەسایەتییە سیاسییە عیراقییەكان بە پەرۆش و گرنگییەوە باس لە جوامێری و رۆڵی سەرۆك مام جەلال دەكەن، هەموان كۆكن لەسەر لێهاتوویی و دانایی و دەوڵەتمەداریی سەرۆك مام جەلال و بە «سایەی عیراقییەكان» وەسفی دەكەن، هەندێكی تریان دەڵێن: «مام جەلال لە هەموان رۆیشت و زیانەكەی بە تەنها بۆ كوردستان نییە، بەڵكو بۆ عیراق و ناوچەكەیە بەگشتی».
عەباس بەیاتی: سەرۆك مام جەلال بەلێهاتوویی كێشەكانی چارەسەر دەكرد
عەباس بەیاتی سەركردە لە دەوڵەتی قانون، دەڵێت: سەرۆك مام جەلال كەسایەتییەكی سیاسی دەگمەن بوو، لە سەردەمی مام جەلال-دا كێشە و گرفتی زۆر هەبوون، بەڵام بە لێهاتوویی و دانایی و ئەزموونی گەورەی سیاسیی خۆی چارەسەری دەكرد. وتیشی: سەرۆك مام جەلال لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا پێگەی دیاربوو، جێگری سەرۆكی رێكخراوی ئینتەرناسیۆنالی جیهانی بوو، جێدەست و كاریگەری لەوبوارەدا بەڕوونی دیاربوو، هەركات كێشەیەك دروست دەبێت و چارەسەری قورس دەبێت، ئەوكات هەست بە بۆشایی سەرۆك مام جەلال دەكەین.
ئامۆژگارییەكانی بە تێڕوانینی نیشتمانییانەبوو
گوڵشەن كەمال ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، دەڵێت: مام جەلال هەمیشە پێشنیاز و راسپاردەكانی لە دیدگای نیشتمانییەوە پێشكەش دەكرد و بە گرنگیی بۆ داهاتووی عیراق دەیخستنەڕوو، سەرۆك مام جەلال یەك لە پایە گرنگەكانی عیراق بوو، وێستگەی ئاشتەوایی بوو لەنێوان عیراقییەكاندا.
سایەی عیراقییەكان
غالب شابەندەر سیاسەتمەداری ناسراوی عیراق، دەڵێت: سیستانی بەوە ناسراوە سایەی روحی عیراقییەكانە، سەرۆك مام جەلال سایەی سیاسیی هەموان بوو، مام جەلال ئەو كەسایەتییە بوو فێری كردین سەرەڕای جیاوازییەكانمان لەگەڵ بەرانبەردا، بەڵام دەرگامان كراوەبێت، مام جەلال پیاوی رێكەوتنە راستەقینەكان بوو.
بەدانایی چارەسەری كێشەكانی دەكرد
بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق، لەبارەی رۆڵی سەرۆك مام جەلال-ەوە دەڵێت: كۆچی دوایی مام جەلال كاریگەری و زیانێكی گەورە بوو، لەو سەردەمەدا كێشە زۆربوون، بەڵام مام جەلال بەردەوام چارەسەری بەدەستەوەبوو، كۆچی مام جەلال كاریگەریی گەورەی لە پڕۆسەی سیاسیی عیراقدا دروستكرد.
رەمزی عیراقییەكان بوو بەبێ جیاوازی
لیوا سەعد مەعن بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عیراق، دەڵێت: بێگومان مام جەلال رەمزی هەموو عیراقییەكان بوو، بەدانایی و لێهاتوویی چارەسەری سەرجەم كێشەكانی دەكرد، خۆشەویست و جێگەی رێزی هەموو عیراقییەكان بوو.
سەرۆكی هەموو عیراقییەكان بوو
هەروەها پەرلەمانتاری عیراق عادل رەكابی، رایگەیاند: مام جەلال سەرۆكی هەموو عیراقییەكان بوو، لەو سەردەمەدا كێشەی زۆر لە رووی سیاسی و ئەمنی، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیش روویاندەدا، بەتوانای گەورەی خۆی چارەسەری كێشەكانی دەكرد، جێگەی رێزی عیراقییەكان بوو، وتیشی: ئەو كێشانەی دوای كۆچی دوایی مام جەلال، روویاندا، دروستی بۆچوونەكانمان لەبارەی كاریگەریی سەرۆك مام جەلال دەردەخەن، مام جەلال بۆ هەموو عیراقییەكان كاری دەكرد و نمایندەی هەموو عیراقییەك بوو.
خۆشەویستی هەموو عیراقییەكان بوو
سیاسەتمەداری عیراقی رەحیم موسەوی، دەڵێت: سەرۆك مام جەلال كەسایەتییەكی دیار و كاریگەربوو، عیراقی خۆشدەویست و خەڵكیش زۆریان خۆشدەویست، خەندەی دەخستە سەر لێوی هەموان و هەمیشە رووناكییەكی درەوشاوەبوو بۆ گەلانی عیراق.
باڵیۆزی فەلەستین: كۆچی مام جەلال، زیان بوو بۆ هەموان
ئەحمەد عەقل باڵیۆزی فەلەستین لە عیراق، لە ساڵیادی كۆچی سەرۆك مام جەلال-دا، دەڵێت: كۆچی دوایی مام جەلال زیانەكەی تەنها بۆ كوردستان و عیراق نەبوو، بەڵكو زیانی بۆ ناوچەكە بەگشتی هەبوو، هەمیشە پردی پەیوەندی و خۆشەویستی بوو لەنێوان كوردستان و عیراق و فەلەستیندا، وتیشی: كاتێك پۆستی سەرۆك كۆماری پێسپێردرا، بەدانایی و لێهاتوویی و ئەزموونی گەورە و دەوڵەمەندیی، چارەسەری سەرجەم كێشەكانی دەكرد و كۆكەرەوەی هەموو ركابەرەكان بوو، ئەگەر لەژیاندابوایە بەدڵنیایی ئەو كێشانەی دروستبوون، روویان نەدەدا، مام جەلال پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەكاندا هەبوو، بەردەوام كێشەی فەلەستینی بەبیر دەهێنانەوە.
گرێ سیاسییەكان بە مام جەلال دەكرانەوە
رائد فەهمی سكرتێری حزبی شیوعیی عیراق، دەڵێت: مام جەلال تایبەتمەندی و توانای كۆكردنەوە و چارەسەری كێشەی لایەنە ناكۆكەكانی هەبوو، رووبەڕووی زۆر قەیران وەستا و چارەسەری كرد و گرێ سیاسییەكانی دەكردەوە، زۆربەی كاتیش بارودۆخەكەی لەتەقینەوە دەرباز دەكرد، راشیگەیاند: مام جەلال لەسەرەتاوە بەكارایی لە پڕۆسەی سیاسیی عیراقدا بوو، یەكێك بوو لە پێكهێنەرە سەرەكییەكانیش، لەو سەردەمەدا سەركردایەتییەكی یەكگرتوو نەبوو، بەڵام مام جەلال توانی رۆڵی گەورە لە كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكاندا ببینێت و خاڵی هاوبەش لەنێوان ركابەرەكاندا بدۆزێتەوە، رۆڵی گرنگی لە تێپەڕاندنی قەیرانەكانیشدا دەبینی.